جیهانی ئیسلامیكــوردستان

یەپەگە نزیکەی سێ هەزار و ٢٠٠ زیندانیی داعش ئازاد دەکات

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەزاری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردووەتەوە، هاوپەیمانە کوردەکەی ئەمریکا لە سوریا تاوتوێی ئازادکردنی نزیکەی سێ هەزار و ٢٠٠ زیندانیی داعش دەکەن، ئەمەش ڕێک دوای یەک ڕۆژ بووە لە ڕاگەیاندنی کشانەوەی هەموو هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا.

ڕامی عەبدولڕەحمان سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی چوار شەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، کە زۆرینەیان لە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێکهاتوون، کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی ئازادکردنی نزیکەی هەزار و ١٠٠ چەکداری داعش و دوو هەزار و ٨٠ خزم و کەسوکاری چەکدارانی داعش.

هاوکات موستەفا بالی وتەبێژی هەسەدە ڕەتیکردووەتەوە کە تاوتوێکردنی پرسی ئازادکردنی زیندانیانیی داعش کرابێت و وتوویەتی، “هەر هەواڵێک لەم جۆرە سەرچاوانەوە جێگای باوەڕ و متمانە نییە و لە ئێمەوە نەبووە.”

لەلایەکی تریشەوە بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی لەناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە ئەمریکا سەرۆکایەتیی دەکات، ڕایگەیاندووە، تاوتوێکردنی پرسێکی لەو شێوەیە کراوە و ڕوویداوە.

ئەو سەرچاوە ڕۆژئاواییە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی وتووە، “باشترین دەرەنجامی ئەو بژاردە ترسناک و مەترسیدارانە لەوانەیە بۆ ڕژێمی سووریا ئەوە بێت کە ئەو جۆرە کەسانە دەستگیربکات. ئەگەریش ئەو چەکدار و کەسوکاری چەکدارانەی داعش ئازادبکرێن، ئەوە کارەساتێکی ڕاستەقینە دەبێت و هەڕەشەیەکی جددی دەبێت بۆ ئەوروپا.”

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنساش لە ڕاگەیەندراوێکدا دوێنێ ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ ڕایگەیاند، “لەوباوەڕەداین کە داعش وەکو هەڕەشەیەک بوونی ماوە.”

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیاش ڕۆژێک پێشتر و لە ١٩ی کانوونی یەکەمدا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی لە شەڕی دژ بە داعشدا بەرەوپێشچوون هەیە، “بەڵام هێشتا زۆر شت ماوە ئەنجامبدرێن و پێویستە ئەوە لەبیرنەکەین کە ئەوان هەڕەشەن.”

بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، هەسەدە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی داعشی لایە و لە نزیکەی حەوت زینداندا لە نزیک عەین عیسا لە باکوری سووریا زیندانیی کردوون.

پێشتریش میدیاکان باسیان لەوە کردبوو کە گروپە چەکدارییە کوردییەکان پلانی کشانەوەی هێزەکانیانیان لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش هەیە.

لەبارەی ئازادکردنی زیندانیانی داعشیش لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدەوە، ڕوانگەی سووری باسی لەوە کردووە، لەبەر ئەوەیە کە وڵاتەکانیان (وڵاتانی ئەو چەکدار و ئەندامانەی داعش) ئامادە نەبوون وەریانبگرنەوە و ڕەتیانکردووەتەوە بیانگێڕنەوە بۆ وڵاتەکانیان.

پێشتر دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لە ساڵی ٢٠١٤دا ڕایگەیاند، داعش ٢٠ بۆ ٣١ هەزار و ٥٠٠ چەکداری لە سوریا و عێراق هەیە. بەگوێرەی نوێترین لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە دوو شەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٣٠ هەزار چەکداری داعش هێشتا لە عێراق و سوریان. بەم پێیەش بێت چەکدارانی داعش بە نزیکەیی هیچ کەمیان نەکردووە، بەڵام زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە سووریا و دەیان هەزار کەس لە عێراق بەناوی شەڕی دژ بە داعشەوە کوژراون، جگە لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و خاپوورکردنی دەیان هەزار خانوو و بینا و باڵەخانە و مزگەوت و قوتابخانە و نەخۆشخانە لە عێراق و سووریا. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ئەمریکا کۆتایی داعشی ڕاگەیاندووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close