مێژوو

بەسەرهاتێکی سەعید نوورسی لە زیندانەکانی ڕووسدا

ئا ئەوەتا فەرماندەی گشتیی لەبەردەم تارمایی دیلەکاندا ئامادەیە.. ئەمەش پەیکەری لەڕ و لاوازی ئەوانە بەپەلە سڵاوی لێدەکەن و لەبەردەمیدا ڕادەوەستن.. چاوە شینەکانی بەناو ڕیزەکاندا دەگێڕا و نیشانەی زەردەخەنەیەکی گاڵتەئامێزیان بەسەرەوە دیاربوو، ژەهری شەماتەت و پێخۆشبوونیان لێ دەڕژا و شەرابی فیز و خۆبەزلزانینیان دەنۆشی! هەموو ڕیزەکان ڕێک و ڕاست بوون، تەنها یەک ڕیز نەبێت کەلێنێکی تێدابوو! تەنیا پیاوێک بە هێمنی و لەسەرخۆییەکی سەرنجڕاکێشەوە لە جێگەی خۆیدا دانیشتبوو! سوپاسالار لە توڕەییدا برۆکانی گرژکرد و بەرەو ئەو لایە ڕووی وەرچەرخاند، پاشان سەیریکرد، پاشان ڕووی گرژ کرد و چارەی ترش کرد..! وەکو بڵێی بڕوای بەوە نەدەکرد لە بوونەوەردا شتێک هەبێت لەبەر قەدر و ڕێزی ئەو هەڵنەستێتەوە..! نزیکبووەوە لە پیاوەکەی لای چەپی، بەڵام ئەو بێئەوەی گرنگیی بە هیچ بدات لە شوێنی خۆی تەخت دانیشتبوو! ئەمجارەیان سوپاسالار ویستی سەرنجی ڕابکێشێت، نەبادا ئاگای لێ نەبووبێت، یاخود نەیناسیبێتەوە، بۆیە سەرلەنوێ بە بەردەمیدا تێپەڕی. کەچی دیسانەوە هیچ جۆرە کاردانەوە و گرنگییەکی لێوە بەدینەکرد! سەیرە..! ئەمە چییە..؟

سوپاسالارەکە بە هەڵچوونەوە پرسیاری لە وەرگێڕەکە کرد: ئایا نەیناسیم؟

– بەدیعوززەمان بە هێمنی و لەسەرخۆییەکی قوڵەوە وتی: بەڵێ دەتناسم.. تۆ نیکۆلا نیکۆلاڤیچ، خاڵی قەیسەر و فەرماندەی گشتیی بەرەی قەفقازیت!

– کەواتە لەبەرچی دەتەوێ سوکایەتیم پێبکەیت؟!

– نەخێر ببورە! من سوکایەتیم بە تۆ نەکردووە.. بەڵکو تەنیا ئەوەم ئەنجامداوە کە بیروباوەڕەکەم فەرمانم پێدەکات!

– سوپاسالاریش بە ڕەق و کینەوە ددانەکانی جووت کرد و بە گاڵتەوە وتی: بیروباوەڕەکەت؟ فەرمانی چیت پێدەکات؟

– من زانایەکی موسڵمانم، لە دڵمدا ئیمانم هەڵگرتووە، ئەو کەسەی ئیمانی لە دڵیدا هەڵگرتووە، چاکترە لەوەی ئیمانی نییە.. خۆ ئەگەر لەبەر تۆ هەڵبستامایە، ئەوکات قەدرنەزانیی و بێڕێزیم بەرامبەر بیروباوەڕەکەم ئەنجامدەدا.

چاوەکانی سوپا سالار بەر لە لێوەکانی هاتنە قسە و بڕیاریاندا “بێگومان تۆ دەبێت بمریت!” ئەوجا تۆمەتباری کرد و وتی:

– لەو ڕووەوە کە تۆ سیفەتی “بێ ئیمانیت” دا بەسەر مندا، ئەوا بزانە کە بەو هەڵوێستەت سوکایەتیت بە خودی من و سوپاکەم و نەتەوەکەم و تەنانەت قەیسەریش کردووە، دەسا با هەر ئێستا دادگایەکی سەربازی پێکبهێنرێت!

– لە بەرامبەر ئەمەدا دیلە تورک و ئەڵمان و نەمساوییەکان، کە زۆر چاک شارەزای خەشم و قینی ڕوسەکان بوون، دەوریان لێدا و تکایان لێکرد کە چی زووترە پۆزش بهێنێتەوە و داوای لێبوردن لەو زاڵمە بکات!

ئەویش لە بێدەنگییەکی قوڵدا ڕۆچووبوو، لە هەمان کاتدا سەیری ئاسمانی دەکرد و گوێیشی لە وتە دڵسۆزانەکانی ئەوان دەگرت، هەر کە ئەوان لێبوونەوە بە دەنگێک کە لە دەنگی ڕۆژی دوایی دەچوو، هاتە گۆ و وتی:

– سوپاستان دەکەم بۆ ئەو خەمخۆری و دڵسۆزییەی بەرامبەر من هەتانە! بەڵام بەڕێزان بمبورن! چونکە من لەڕاستیدا حەزدەکەم کۆچبکەم بۆ ئەو دونیا! تامەزرۆی ئەوەم بە خزمەتی پێغەمبەری نازدار بگەم! بۆ ئەمەش پێویستم بە جەوازێکی سەفەر هەیە پێی بچم بۆ ئەو دونیا! پاشان من ناتوانم بە پێچەوانەی ئیمانەکەمەوە ڕەفتار بکەم.. بۆیە داوای لێبوردن دەکەم کە دەستدەنێم بە ڕووی تکاکەتانەوە!

بێدەنگی باڵی کێشا بەسەر هەموواندا، ئەوە نەبێت لێرە و لەوێ دیلێک لە داخ و پەژارەدا ئاخی هەڵدەکێشا و گڕی گەرمای دەروونی خەمباری پەردەی بێدەنگییەکەی دەدڕاند، بە دوودڵییەوە لەنێو بەزەیی پێداهاتنەوە و سەرسامبووندا سەیری بەدیعوززەمانی دەکرد!

تەنیا چەند ساتێکی بەسەرداچوو، هەتا دادگا بەگوێرەی بڕگەی سوکایەتیکردن بە قەیسەر و سوپای ڕووسی، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد! پاشان پۆلیسی سوپا بە فەرماندەیی ئەفسەرێک ئامادەبوو بۆئەوەی بیبەن بۆ گۆڕەپانی لەسێدارەدان. بەدیعوززەمانیش هەڵسا و بە ڕوویەکی خۆشەوە بە ئەفسەرەکەی وت: تەنیا پازدە خولەک ڕێم بدەن بۆئەوەی دوا ئەرکی سەرشانم بەرامبەر پەروەردگاری خۆم ئەنجامبدەم!

سەعید دەستنوێژی هەڵگرت و ڕووی کردە قیبلە و پاشان دەستەکانی بەرزکردەوە و بەدەم (اللە اکبر)ەوە چووە ناو جیهانی بەرینی نوێژەوە!

– اللە اکبر..!

بە وێنەی دارخورمایەکی بەژن باڵا ڕاوەستابوو.. چاوەکانیشی بڕیبووە زەوی، لێوەکانیشی بە هێواشی دەجووڵاند.. پاشان ڕکوع و سوجدە دەبات..

لە نزیک گۆڕەپانەکەوە، سوپاسالار لە شوێنێکی بەرزەوە چاودێریی بەدیعوززەمانی دەکرد، بزانێ چی دەکات.. چاوەکانی ئەبڵەق بوبوون. حاڵەتێکی وەک ترس یان سەرسوڕمان، یان شتێکی هاوبەش لەنێوان ئەو دووانەدا خۆی فڕێدەدایە ناویانەوە! وەکو بڵێی هێزێکە و جەستەی سەرسەخت و زۆرداری ئەو دەداتە بەر بڵێسەی ئاگر! بۆیە شوێنەکەی جێهێشت تا ڕزگاری ببێ لەو شتەی کە نەیدەزانی چییە.. بەڵام ناتوانێ ڕزگاری ببێ! پاشان بەوپەڕی هێزەوە دەرپەڕی بۆئەوەی خۆی لەبەردەم بەدیعوززەماندا ببینێتەوە، وەک بڵێی کەسێکی تر لەسەر زمانی ئەو دەدوێ و بە دەنگێکی کز و ملکەچەوە وتی:

ببورە! من داوای لێبوردنتان لێ دەکەم! وامزانی مەبەستتان سوکایەتی کردن بوو بە من، بۆیە منیش لە بەرامبەردا ڕێوشوێنی یاساییم گرتەبەر.. بەڵام ئێستا تێگەیشتم کە ئێوە بە ئیلهام وەرگرتن لە ئیمانەکەتانەوە ئەو کارەتان ئەنجامداوە، وە ئەوە جێبەجێ دەکەن کە بیروباوەڕەکەتان فەرمانتان پێدەکات! من حوکمەکە هەڵدەوەشێنمەوە! لەڕاستیدا حوکمێکی ناڕەوابوو! ئێوە بەهۆی تەقوا و چاکەکاریتانەوە شیاوی هەموو ڕێز و سەرسوڕمانێکن! دووبارە داوای لێبوردنتان لێدەکەم، چونکە بەڕاستی ئێوەم بێزارکرد! جارێکیتر تکادەکەم لێم ببورن!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close