جیهانی ئیسلامیمێژوو

سەعید نوورسی لەناو پەرلەماندا چی کرد و چۆن ڕووبەڕووی ئەتاتورک بوەوە؟

دوای دەیان جار بانگهێشتکردنی و ڕەتکردنەوەی بانگهێشتەکان لەلایەن سەعید نوورسییەوە، دواجار نوورسی بەم شێوەیە دەدوێت:

چوومە ناو پەرلەمان.. دیاربوو پەرلەمان تەنیا گەمەیەک بوو بۆ خڵافاندنی ئوممەت! جگە لە شانۆیەک بۆ مشتومڕ و دەمەقاڵێی بێ کردەوە و دۆڵێک بۆ خاڵیکردنەوەی تواناکان و سەرقاڵکردنی بەندەکان بە فووکردن لە خۆڵەمێش، هیچی تر نەبوو، ئەمە لەکاتێکدا، ژەهر بەناو جەستەی ئوممەتدا هاتوچۆی دەکرد، داخی بەجەرگم! کوانێ خاوەن بەسیرەت و بەرچاو ڕوونەکان؟! کاتەکان یەک لەدوای یەک تێپەڕدەبوون و، بانگەکانی نوێژ بەدوای یەکدا دەهاتن و کەسێک نەبوو وەڵامیان بداتەوە و بچێت بەدەمیانەوە! سەیرە! ئایا ئێمە لە دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیداین یان من بەهەڵەدا چووم؟! ئەم دێوەزمە ترسناکە چییە ئەی خوایە؟!

ئەوەم بەبیردا هات کە دەبێت کارێک بکرێت! دەبێت ئەو چەمکانە کە ئەو دەمە بۆگەن و عەقڵ نەخۆشەکان لێرە و لەوێ فڕێیان دەدەن، ڕەتبکرێنەوە، دەبێت پەردە لەسەر ئەو زەندیقە فێڵبازە لابدرێت و تەبەڕڕای لێ بکرێت! ئەو لە ئێمە نییە و ئێمەش لە ئەو نیین! پاشان دەبێت ئەو پیاوچاکە سادە و ساویلکانەی کە بە نەزانی چوونەتە ناو ئەم مشتومڕە نەزۆکەوە، بەئاگابهێنرێنەوە، ئەوانەی کە لەگەڵ زەندیقەکاندا بانگەشە بۆ ڕووخاندنی “قەڵای دێرین” دەکەن، لەڕاستیدا مەبەستی سەرەکیی ڕووخاندنی ئەوانە، بەڵام ئەوان بە خۆیان نازانن و هەست بەوە ناکەن.

کەواتە دەبێ ڕیزەکان جیابکرێنەوە و گاڵتەجاڕییەکە ئاشکرابکرێت!

ئەزموونی ڕۆژێکی سەیر بوو! بەپەلە پەیامێکم نووسی و تیایدا باسم لە مەزنی ئیسلام و گرنگیی و بایەخی بەندایەتی کرد، بەتایبەتی نوێژ! پاشان هەر لە هۆڵی پەرلەماندا هەستام بە دابەشکردنی بەسەر پەرلەمانتاران و بەرپرساندا! کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی هەبوو، لەسەر هەردوو تاقمەکە! تاقمێکیان خۆشحاڵ و تاقمەکەی تریشیان پەست و بێزار! تا ئێستاش لەبیرمناچێتەوە..

سەرەتاکەی بەم جۆرە بوو: “یا ایها المبعوثون!.. انکم لمبعوثن لیوم عظیم!” ئەی نوێنەران ئێوە لەپاش مردن زیندوو دەکرێنەوە لە ڕۆژی مەزندا، کە ڕۆژی قیامەتە!

ئەم دەستپێکە بەسبوو بۆ بەخەبەرهێنانەوەی “من کان لە قلب او القی السمع وهو شهید”، کەسێک کە دڵێکی فامیدەی هەبێت با گوێ شل بکات و ئامۆژگاریی وەربگرێت و زەینی لای خۆی بێ و لە شت تێبگات.

لەپشت پەردەکانەوە.. لەپشت پەردەکانی تاریکییدا سوپاسالار “کازم قەرەبەکر” پەیامەکەی خوێندەوە بۆ سەرگەورەکەی “مستەفا کەمال”..! تا ئەو وەختە ئاراستە و بیر و بۆچوونی ئەو پیاوە لای جەماوەر ڕوون نەبوو! ئەوەی ڕوویدا، ڕوویدا! ئێوارە کۆڕێکی سەیر بوو، چونکە تیایدا شەست پەرلەمانتار تەوبەیان کرد و گەڕانەوە بۆلای خودا! سەرلەنوێ دەستیانکردەوە بە نوێژ! تەنانەت ئەو هۆڵەی تایبەتکرابوو بە نوێژکردن، جێی نوێژکەرە نوێکانی تێدا نەدەبووەوە! هۆڵێکی لەو فراوانتریان هەڵبژارد! تەوژمی ئاین لە پەرلەماندا کەوتە جموجووڵ!

گورگە بۆرەکە بە بینینی ئەو دیمەنە ڕقی هەڵسا و بەپەلە لەبەردەم پەرلەمانتارەکاندا لەسەر کورسییە گەورەکەی دانیشت و دەستیکرد بە قسەکردن و سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی گرتەدەست! برۆ خۆڵەمێشییەکانی گرژکرد و نیگای چاوە تیژەکانی بڕییە من! پاشان بە خۆپارێزییەکی وا کە سوکایەتیی لەخۆگرتبوو، وتی:

بێگومان ئێمە پێویستمان بە زانایەکی بەتوانا و بەڕێزی وەک تۆ هەیە! ئێمە تۆمان بۆ ئێرە بانگهێشتکرد تا سوود لە بیر و بۆچوونە دانا و بەنرخەکانت وەربگرین.. ئێوەش لەلایەن خۆتانەوە بەدەم بانگهێشتەکەمانەوە هاتن.. بەڵام سەیر لەوەدایە یەکەمین کارێک پێی هەڵسان بریتیبوو لە نوسینی چەند بابەتێک لەبارەی دین و نوێژەوە! ئەوەیش بوەهۆی نانەوەی دووبەرەکی فکریی لەنێوانماندا!

جارێکی تر تارمایی “سەعیدی کۆن” لەناخمدا جووڵا و ئاگری توڕەبوون لە جگەرمەوە بەرزبووەوە! زۆر مۆڵەتم پێنەدا.. دەبوو گولـلە کوشندەکەم بتەقێنم! باشە ئەمە ئەو نییە! بەڵێ ڕاستە، ئەوە خۆیەتی! دەی ئیتر چاوەڕێی چی دەکەیت؟! پێویستە لە پێشچاوی ئەوانەدا کە بێئاگان لە حەقیقەتەکەی، پەردە لەسەر ڕووی هەڵبماڵرێ و بە ئاشکرا بۆ هەموو لایەک دەربکەوێ. دەبێ مێژووی ئوممەت بە خوێنی حەقیقەتی ڕوون و ئاشکرا بنوسرێتەوە، وتەی حەق لەبەردەم سوڵتانێکی ستەمکاردا (و العاقبة للمتقین!)

سەرم بەرزکردەوە، لەبەردەم چاوەکانیدا هەردوو چاوم کردەوە، و بە توندی تیشکی چاو سوورکردنەوە و تەحەدام لێیان بەردایەوە! بینیم بینایی چاوەکانی ڕیسوا بوو و بە سەرشۆڕی گەڕایەوە! هەتا کاتێک تەمی مەعنەوییاتیم بینی لەبەردەستمدا کەوتبوو، بە پەنجەیەکی ڕێک، هاوشێوەی تیر بەرەو ڕووی ئەو ئاماژەم کرد و بە وردییەکی وا ڕێک بیپێکم، پەنجەم لە نێو چاوانی گرت! پاشان دەنگم هەڵبڕی و بە توندی لەگەڵیدا دوام:

پاشا..! پاشا.. بزانە مەزنترین حەقیقەت لە ئیسلامدا لەدوای ئیمان نوێژە! ئەو کەسەی نوێژ ناکات ناپاکە! ناپاک! حوکمی ناپاکیش وەرناگیرێت!

گولـلەکە لەوە بەهێزتربوو کە خۆی و دەستوپێوەندەکەی پێشبینییان دەکرد! بێدەنگییەکی کوشندە باڵی کێشا بەسەر هۆڵەکەدا!

زۆر سەخت و شلۆق و تەنگەتاو بوو! چونکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئایندا ڕووبەڕووم کردەوە! نەک لەگەڵ سەعیدی نوورسیدا! دەبێ ئێستا دەربازبوونەکە چۆن بێت؟ چۆن ڕزگاری ببێت؟ دیارە لە زیرەکی و فێڵزانیندا هیچی کەمنەبوو، بە ئاشکرا دیاربوو بە شێوەیەکی ئاشتییانە، با بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، کۆتایی بە جەنگەکە دێنێ، ئەوەبوو هاتە گۆ و وتی:

ڕەنگە لە مەبەستی قسەکانی ئێمە تێنەگەیشتبن! مەبەستمان ئەوەبوو لەبارترین بوارێک خزمەتی نیشتمانی تێدا بکەن ئەوەیە خەریکی ئیرشاد و ئامۆژگاریی بن! هەربۆیە بە پلەی ئامۆژگاری گشتی (الواعظ العام) لە پارێزگاکانی خۆرهەڵات بە موچەی سێ سەد لیرە داتدەمەزرێنین!

هەرچۆنێ بێ توانی بە ئاشتییانە کۆتایی بە کۆبوونەوەکە بهێنێت و لەبەر هۆکارێک کە نەخشەڕێژیی بۆ دەکرد بە کەمێک شکست و سەرشۆڕی ڕازیببێت!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close