جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوای زیاتر لە ساڵێک دانی بە کۆمەڵکوژکردنی موسڵمانانی بۆرمادا نا

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ بڕیاری “بەجینۆساید ناساندنی ڕۆهینگییەکان”ی پەسەندکرد، کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ویلایەتی ڕاخین لەلایەن سوپای بۆرما و بوزییەکانی ئەو وڵاتەوە کۆمەڵکوژ کران.

بەگویرەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان، له‌ دانیشتنی گشتیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئەمریکادا ٣٩٤ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنه‌ران به‌ “به‌ڵێ” و ته‌نها یه‌ك نوێنه‌ری ئەنجومەنەکەش به‌ “نه‌خێر” ده‌نگی به‌ بڕیاره‌كه‌ داوە.

ڕه‌شنووسی بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن ستیڤن جۆریف گابۆت نوێنه‌ری كۆمارییه‌كانەوە پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كراوه‌، كه‌ له‌ چه‌ند ماده‌یه‌كدا هێرشی سوپای میانماری بۆ سه‌ر موسڵمانانی ویلایەتی ڕاخین (کە بە ئاراکان-یش ناسراوە) له‌ ساڵی ٢٠١٧ وه‌ك “كۆمه‌ڵكوژی” ناوبردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ بڕیاره‌كه‌دا داوا له‌ به‌رپرسانی میانمار كراوه‌ دوو په‌یامنێره‌كه‌ی ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز و سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌وانان ئازادبكرێن كه‌ له‌و وڵاته‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئەوەش هاوکاتبوو لەگەڵ ئەوەی کە ماوه‌یه‌كی زۆر بوو ره‌خنه‌ له‌ حكوومه‌تی ئه‌مریكا ده‌گیرا به‌وه‌ی “بێده‌نگ”ه‌ به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی سوپای میانمار بۆ سه‌ر موسڵمانانی ئاراكان. بەڵام پێدەچیت بێدەنگییەکەی باشتربوایە لە هەڵویستەکەی چونکە بۆ ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە گەلی موسڵمانی ڕۆهینگیا بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە کۆمەڵکوژ دەکرێن و، ئەمریکاش دوای ئەو ماوە زۆرە تازە بە تازە ناوی کوشتارەکە بە “جینۆساید” ناودەبات.

لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٧ سوپای بۆرما و بوزییەکان لە هەڵمەتێکدا هەستان بە کۆمەڵکوژکردن و سوتاندنی خانوو و ماڵ و سەروەتی موسڵمانانی ڕۆهینگیا لە ویلایەتی ڕاخین (ئاراکان)، بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە زیاتر لە ٢٤ هەزار موسڵمانی ڕۆهینگی بە چەندین شێوەی دڕندانە لەوکاتەوە تا ٢٥ی ئابی ئەمساڵ کوژراون، ئەمەش جگە لە لاقەکردنی هەزاران ژن و ئافرەتی موسڵمانی ڕۆهینگی و برینداربوونی دەیان هەزار موسڵمانی تر و ئاوارەبوونی سەدان هەزاریشیان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close