كــوردستان

ئەمینداری یەکگرتوو پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی یەکگرتوو کرد

سەڵاحەدیین موحەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی ناوخۆی یەکگرتوو کرد و تیایدا، داوای لە سەرجەم ڕێکخستنەکان کردووە کە نەکەونە ھەڵەوە و، خۆیان سەرقاڵی کێشە سیاسییەکان نەکەن و شتێک پێویست بکات ئەنجومەنی سیاسی ھەیە و کاری ڕێکخستنەکان نییە بە زمانێک قسە بکەن کە تەعبیر نییە لە ئەخلاقییاتی یەکگرتوو.

لە پەیامەکەی ئەمینداردا هاتووە، “دابەزینە ئاستی شەماتەت و تانەو توانج گرتنە لایەنێکی ئیسلامی یا ئۆپۆزسیۆن لائق بە کادری یەکگرتوو نییە.”

ئەمیندار ئاماژەی بەوە کردووە، “جەخت ئەکەمەوە هەرکەس خەریکی کاری خۆی و بە کردار و چالاکی سومعە و هەیبەتی یەکگرتوو بپارێزن، نەك بە شکاندنی بڕیار و کردنەوەی قاپی سەرئێشە و بەرەی جەنگی نەخوازراو.”

دەقی پەیامەکەی ئەمیندار:

بەڕێزان السلام علیکم

دابەزینە ئاستی شەماتەت و تانەو توانج گرتنە لایەنێکی ئیسلامی یا ئۆپۆزسیۆن لائق بە کادری یەکگرتوو نییە، هەرچەند ئەوان لەکاتی تردا موفق نەبوبن، تەنانەت ڕەنگە ئێستەش لەم حاڵەیاندا ئەبێ ڕیعایەتیان بکەین، بە ئیلهام وەرگرتن لە مەنهەجیەتی ئەخلاقی خۆمان.. وتراوە (الاناء یترشح بما فیه..)

جگە لەوەی چەلەحانێ و مشتومڕی کۆمەڵایەتی و دەرگیری سیاسی و سەرقاڵی ڕێکخستنەکانی لێ ئەکەوێتەوە، کە بڕیار وایە ئەوان مەشغوڵ نەبن بەم جۆرە شتانەوە. بۆیە جەخت ئەکەمەوە هەرکەس خەریکی کاری خۆی و بە کردار و چالاکی سومعە و هەیبەتی یەکگرتوو بپارێزن، نەك بە شکاندنی بڕیار و کردنەوەی قاپی سەرئێشە و بەرەی جەنگی نەخوازراو.

لە شتێکیشدا کە پێویستی بە وەڵام یا هەڵوێست بێ ئەوا ئەنجومەن ئەرکیەتی کاری پێویست بکا.

هیوادام هەموو ئاستەکان پابەندبن.

ئەمینداری گشتی
۱۲/۱۲/۲۰۱۸

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close