كــوردستان

نەجمەدین غوڵامی: ئەگەر زۆر بە کەمییش بووبێت دەبوو نادیە موراد ئاماژەیەکی کوردبوون لە کردار و گوفتارەکانیدا ڕەنگی بدایەتەوە

نەجمەدین غوڵامی ڕەخنە لە هەڵوێستی نادیە موراد کچە ئێزدیی دەگرێت و، پێیوایە دەبوایە ئەگەر زۆر بە کەمییش بووبێت ئاماژەیەکی کوردبوون لە کردار و گوفتارەکانیدا ڕەنگی بدایەتەوە و ئەوەی نیشانبدایە.

لە پۆستێکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هونەرمەندی دیاری کورد نەجمەدین غوڵامی، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی نادیە موراد لەکاتی وەرگرتنی نۆبڵی ئاشتیدا نوسیوویەتی، “زۆر بەداخەوە ئەمڕۆ نادیە لە ڕێوڕەسمی خەڵاتی نوبڵدا، نە جلی کوردی لەبەردابوو، نە باسی کوردی کرد، نە باسی ڕۆڵی ژنە شەڕڤانانی کرد و تەنانەت بە کوردییش قسەی نەکرد.”

ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج و لە مەراسیمێکدا، هەریەك لە نادیە مورادی ڕزگاربووی دەستی داعش و دێنیس موکوێگی پزیشکی کۆنگۆیی، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان بۆ ساڵی ٢٠١٨ وەرگرت.

نادیە مورد لە وتارێکدا وتی، “شەرەفێکی گەورەیە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیم پێ بەخشرا”. لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کە منداڵ بووە هیچی دەربارەی خەڵاتی نۆبڵ و وەرگرتنی ئەو خەڵاتە نەزانیوە، تەنها خەونی تەواوکردنی خوێندن و کردنەوەی ئارایشتگایەکی جوانکاریی خانمانی هەبوو.”

نادیە لە وتەکانیدا ئاماژەی بە خراپی بارودۆخی ئێزدییەکان کرد کە چۆن پاش هاتنی داعش بۆ ناوچەکانیان، لە شەو و ڕۆژێکدا ژیانیان گۆڕاوە و هەموو ماڵێکی ئێزدیی چیرۆکێکی خەمناک و کارەساتێکی هەیە.

نادیە موراد کچێکی ئێزدیی تەمەن ٢٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٦دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە باڵیۆزی نیازپاکی دەستنیشانکرا. ئەو لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە ڕفێندرا، دوای ئازادبوونی لە دەستی داعش، چیرۆکی خۆی و چۆنیەتی دەستدرێژیکردنەسەریی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە گێڕایەوە. لە (٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦) لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کاندیدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دیاریکرا. بەڵام پاڵەوانی سەرەکی کە نادیە مورادی ڕزگارکرد نە نادیە باسی دەکات و نە ڕێکخراوە جیهانییەکان گرنگیی پێدەدەن، بەڵکو ئێستا لە وڵاتێکی ئەوروپی دەربەدەر و ئاوارە و سەرگەردانە.

ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە بە نزیکەیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە میدیا کوردییەکان دووبارە و چەندبارە ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە “نادیە موراد کوردە”، لەکاتێکدا خۆی تا ئێستا بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەمەی نەوتووە و دانی بەمەدا نەناوە، جگە لەمەش تاکە کۆمەڵگایەک کە نادیە بەرگرییان لێدەکات ئێزدییەکانە، لەکاتێکدا لەو پۆستەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆی دیاریکردووە وەکو باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت بەرگریی لە هەموو مافخوراوانی جیهان بکات نەک تەنیا ئێزدییەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close