كــوردستان

ئەندامێکی گۆڕان: حکومەتەکەی مەسرور بارزانی سەرکەوتووتر دەبێت لەچاو کابینەکانی پێشووتر

سابیر ئیسماعیل ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەو حکومەتەی کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکدەهێنرێت سەرکەوتووتر دەبێت لەچاو کابینەکانی پێشووتر.

لەمیانی بەرنامەی تاوتوێی ئین ئاڕ تی دا ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کابینەی حکومەتەکەی کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، چاوەڕواندەکرێت سەرکەوتووتر بێت و باشتر بێت لەچاو کابینەکانی پێشووتر.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و نەمانی داعش هەستی بە مەترسییەک کردووە لەسەر کوردستان، کە جگە لە مەترسی هەرێمی، مەترسیی عێراقیش هەیە، بۆیە نەک تەنها لەبەر بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان، بەڵکو لەبەر پێویستییەکانی خۆشی وا دەخوازێت ئەم کابینە نوێیەی حکومەت زیاتر سەرکەوتووتر بکات، بۆئەوەی خەڵکی زیاتر لە حکومەت توڕە نەبێت.

ئەو وتانەی ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتیی گۆڕان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ پارتی و گۆڕان کۆدەبنەوە و چالاکی موهەندیس ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، “کۆبوونەوەکە بۆ بابەتی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و شکاندنی بەستەڵەکی نێوانیانە.”

ڕایشیگەیاند، لەگەڵ شاندی پارتیدا کۆدەبنەوە و بابەتی سەرەکیی دانیشتنەکەشیان بۆ گفتوگۆکردنە دەربارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان.

پێشتریش خەلیل سەرکانی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان هەر بە ئێن ئاڕ تی ڕایگەیاندبوو، “مەسرور بارزانی لە ڕابردوودا لە کارەکەی خۆی سەرکەتوو بووە و توانیویەتی ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات، پێمان خۆشە کابینەکەی سەرکەوتوو بێت.”

پێشتریش بەشێکی بەرچاوی ئەندامانی گۆڕان و لایەنگرانی هێرشی توند و بێباکانە و نابەرپرسانەیان دەکردە سەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و بە پاشکۆی پارتی ناویاندەبرد، بەڵام ئێستا وردە وردە خەریکە ڕووندەبێتەوە کە پاشکۆی حەقیقی کێیە، بەڵام کەس لە ئەندامان و لایەنگرانی گۆڕان باسی پاشکۆیەتی ناکات!

قسەکانی ناوبراو لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی وەکو خۆی:

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان:"ئەو حکومەتەی کە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێکدەهێنرێت سەرکەوتووتر دەبێت لەچاو کابینەکانی پێشووتر."

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Wednesday, December 12, 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close