كــوردستان

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی گۆڕان: مەسرور بارزانی پیاوێکی سەرکەوتووە

ئەندامێکی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە، “مەسرور بارزانی لە ڕابردوودا لە کارەکەی خۆی سەرکەتوو بووە و توانیویەتی ئەرکەکانی خۆی بە باشی جێبەجێ بکات، پێمان خۆشە کابینەکەی سەرکەوتوو بێت.”

خەلیل سەرکانی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان بە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاندووە، بەوپێیەی پارتی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ی ئەیلول بووە، دەتوانێت بەپێی بەرنامەی خۆی هەر کاندیدێک دەستنیشان بکات کە مەبەستییەتی.

ئەندامی ناوبراوی گۆڕان ئەوەشی ڕاگەیاند، “وەکو بزووتنەوەی گۆڕان پاڵپشتی لە هەڵبژاردنی مەسرور بارزانی وەکو کاندیدی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین و پێمان خۆشە کابینەکەی سەرکەوتوو بێت.”

ئەم لێدوانەی ئەو کادرە دیارەی گۆڕان لەکاتێکدایە کە بزوتنەوەکەی پێشتر لە ئاستی باڵادا یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانی بەوە تۆمەتباردەکرد کە بووە بە پاشکۆی پارتی و بەهۆی یەکگرتووەوەیە کە پارتی چۆنی بوێت بەو شێوەیە مامەڵە دەکات، بەڵام ئێستا کەس نییە بە بزوتنەوەی گۆڕان و کادرەکانی بڵێت “سەری چاوتان برۆیە!”

جگە لەمەش، بزوتنەوەی گۆڕان دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە حکومەت کشایەوە بە بیانووی ئەوەی کە حکومەتێکی شکستخواردووە، بەڵام ئێستا هەر ئەو گۆڕانەیە کە دەچێتەوە ناو هەمان حکومەت، بەو پێیەی هەر هەمان حزبە تەشکیلی حکومەت دەکاتەوە، بەڵام بۆ ئەمەش کەس نییە بە گۆڕان بڵێت “سەری چاوتان برۆیە!”

هەموو ئەوەی لەئارادایە دژ بە یەکگرتووی ئیسلامی تەنیا هۆکارەکەی ئیسلامیبوون و ئیسڵاحخوازیی و دژایەتیی توندییەتی بۆ دزی و دەخەڵی و برسیکردنی خەڵک، بەڵام کاتێک حزبە عەلمانییەکان جەم دەبن و دژی ئیسلامخوازە ئیسڵاحخوازەکان یەکدەگرن، ئیدی ڕای گشتیی لەڕێگەی میدیا زەبەلاحەکانیانەوە کوێر و کەڕ دەکرێن و شکستەکانیشیان وەکو سەرکەوتن دەردەخەن و دزیکردنەکانیشیان وا دەخەنە بەردەمی خەڵک وەک ئەوەی بەشێک بێت لە گێڕانەوەی مافی خوراوی خەڵک.

گەلی کورد بەو پێیەی زۆرینەی موسڵمانە، لەڕێگەی لێدان لە حزب و کەسایەتییە ئیسلامییەکانەوە لە بیروباوەڕی دەدرێت، چونکە دین و بیروباوەڕەکەی پارچەیەکە لە ئاگری دژایەتیکردنی گەندەڵ و دزان، بەڵام بەهۆی ناهۆشیاریی موسڵمانانی کوردەوە، دز کراوە بە دەستپاک و بێ دین بە دیندار و دژە دین بە خەمخۆری دین نومایندە دەکرێت، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە موسڵمانان چیتر لە ناهۆشیاریدا نەژین و خۆیان خەمخۆرانی دین و ژینیان دەستنیشانکەن. ڕۆژێک مەدخەلییەکان بەکاردەهێنرێن و ڕۆژێکیش کەسانێک بەکاردەهێنرێن کە تەنیا بە زار دەڵێن موسڵمانن و سەراپای ژیانیان دژایەتی ئیسلام و بیروباوەڕی موسڵمانان بووە. ڕۆژێک مەدخەلییەکان بەکاردەهێنن بۆ هاندانی ئەوەی دین لە دەوڵەت جیاکرێتەوە و ڕۆژێک بەکاریاندەهێنن بۆ ناشیرینکردنی ئیسلامییەکان و حزبە ئیسلامییەکان، لەکاتێکدا دین و دەوڵەت بەبێ یەکتریی بێسەروبەری لە وڵاتدا دێنێتە بوون، بەڵکو دەبێت دەوڵەت بە دین بەڕێوەببرێت.

تورکیا باشترین نمونەیە کە پێشتر مستەفا کەمال ئەتاتورک سەرلەبەری دینی لە دەوڵەت دەرهێنا و ئەمەش بووە هۆی خاپووربوونی ژێرخان و سەرخانی تورکیا، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٢ و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن حزبی داد و گەشەپێدانی تورکیا، خەریکە وڵاتەکە ئاهێکی بەبەردا دێتەوە، بەڵام موسڵمانانی دەرەوەی تورکیا لەکاتی بینینی شتانێکی دژ بە دیندا سەریان سوڕدەمێنێت، کە ئەوەش جێگای سەرسوڕمان نییە، چونکە دەیان ساڵە ئەو وڵاتە خاک و خەڵک و دین و دەوڵەتی وێران و تاڵان دەکرێت و ڕاستکردنەوەی ئەمانەش کاتی زۆری دەوێت.

هەواڵەکەی ئێن ئاڕ تی وەکو خۆی:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close