جیهانی ئیسلامیدونیا

خاشقچی لە نامەکانیدا لە واتسئاپ موحەمەد بن سەلمانی بە “وەحش” ناوبردووە

کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، جەمال خاشقچی لە نامەکانیدا لە واتسئاپ موحەمەد بن سەلمانی بە “وەحش” و یاریزانی “پاکمان” ناوبردووە.

یاریی پاکمان ئەو یارییەیە کە تیایدا یاریزانەکە هەموو ئەو شتانەی لەبەردەستیدان بە خێرایی دەخوات، بەم شێوەیەش خاشقچی لە نامەکانیدا لە واتسئاپ کە لەگەڵ هاوڕێیەکی کەنەدیی بە ناوی (عومەر عەبدولعەزیز) گۆڕیویەتییەوە، جگە لەوەی موحەمەد بن سەلمانی بە “وەحش” ناوبردووە، وەکو یاریزانی پاکمان-یش ناوی بردووە کە “هەموو ئەوانەی لەبەردەستیدان دەیانخوات، تەنانەت لایەنگرەکانیشی.”

خاشقچی نوسیوویەتی، “ئەو کەسانەی دەستگیریاندەکات، هۆکاری بۆ دەستگیرکردنیان نییە و لۆژیکیش دەڵێت کە ئەوە خزمەت بە ئەو ناکات، بەڵام دەسەڵاتداری زاڵم لۆژیکی نییە و ئەویش (موحەمەد بن سەلمان) حەزی لە هێز و زوڵم و ستەم و خۆدەرخستنە. ئەو وەکو وەحش و پاکمان وایە، هەتا قوربانیی زیاتر بخوات زیاتری دەوێت و ئاتاجی زیاترە. من بەلامەوەی جێگای سەرسوڕمانیش نابێت ئەگەر زوڵمەکە بگات بەوانەشی کە پاڵپشتی لێ دەکەن و لایەنگریی دەکەن، دواتریش کەسانی تر و کەسانی تر. خودا دەزانێت [چی ڕوودەدات].”

عومەر عەبدولعەزیز ڕیکۆردە دەنگییەکان و وێنە و ڤیدیۆکانی نێوان خۆی و خاشقچیی داوە بە میدیاکان و لە گفتوگۆکانیشیاندا پلانی دروستکردنی “بزوتنەوەیەکی گەنجانەی ئۆنلاین”یان داناوە.

ئەم نامە گۆڕینەوانەی نێوان ئەم دوو کەسەش لە مانگی ئابدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودییەوە ڕاگیراوە، ڕێک دوو مانگێک بەر لە کوژرانی خاشقچی. عومەر عەبدولعەزیز بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە بەنیازە سکاڵا لە دژی کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی تۆماربکات کە بەرنامەیەکی بە سعودییە فرۆشتووە بۆ هاککردنی مۆبایل.

عومەر عەبدولعەزیز وتووشیەتی، هاککردنی مۆبایلەکە ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبووە لەوەی کە بەسەر جەمال خاشقچی هاتووە؛ بەمەش تێوەگلانی ئیسرائیل لە کەیسی کوشتنی خاشقچی زیاتربووە.

هاوکات ئەمڕۆ داواکاری گشتیی تورکیا داوای دەستگیرکردنیی دوو کەسی نزیک لە موحەمەد بن سەلمانی کردووە بە تۆمەتی ئەوەی دەستیان لە کوشتنی خاشقچیدا هەبووە.

داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ داوای دەستگیرکردنی هەریەکە لە سعود ئەلقەحتانی و ئەحمەد عەسیریی کردووە، کە هەردوکیان لەو تیمە ١٥ کەسییەدا بوون کە چوونە ئەستەنبوڵ و لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ جەمال خاشقچییان کوشت و لەتوپەتکرد. لە دوای ئاشکرابوونیشیان لەلایەن سعودییەوە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە. ئەحمەد عەسیری جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی پێشووی سعودییە بووە و سعود ئەلقەحتانییش ڕاوێژکاری دادگای شاهانە بووە و هەردووکیشیان لە نزیکترین کەسەکان بوون لە موحەمەد بن سەلمانەوە.

بەرپرسێکی تورکی لەوبارەیەوە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، “هەوڵەکەی داواکاری گشتیی تورکیا بۆ دەستگیرکردنی عەسیری و قەحتانی ڕەنگدانەوەی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی سعودییە ڕێوشوێنی فەرمی دژی ئەوانە ناگرنەبەر.”

ئەو بەرپرسە بە ئاژانسەکەیشی ڕاگەیاندووە، سعودییە دەتوانێت بە ڕادەستکردنی هەموو تۆمەتبارەکانی کەیسەکە بە تورکیا نیگەرانیی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕێت.

هاوکات دوای کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجومەنی پیران کە جینا هاسپێل بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) تیایدا بەشداربوو و ڕوونکردنەوەی لەسەر کەیسی خاشقچی دابوو، بەشێک لە سیناتۆرەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند، “هیچ مەجالێکی تیا نییە کە موحەمەد بن سەلمان دەستی لە کوشتنی خاشقچیدا نەبووبێت.” ئەو سیناتۆرانە ڕایشیانگەیاندووە، “ئەمریکا پێویستە پەیامێکی بەهێز ئاراستەی شازادەی سعودییە بکات لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close