جیهانی ئیسلامیدونیا

پەنجەکانی دەستی خاشقچی لە ڕیازی پایتەختی سعودییەیە

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی هەواڵ کە لە زاری کەسانی ئاگادار لە کەیسی خاشقچییەوە دەستیانکەوتووە، موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە داوای پەنجەکانی دەستی جەمال خاشقچیی لەو تیمە کردووە کە خاشقچییان کوشتووە، کە بۆی ببرێتەوە بۆ ڕیاز و تیمەکەش لەسەر داوای شازادە پەنجەکانی خاشقچییان بۆ بردووە.

کەسانی نزیک لە کۆشکی شاهانەی سعودییە بە ماڵپەڕی هەواڵیی (ئەلخەلیج ئۆنلاین)یان ڕاگەیاندووە، پەنجەکانی دەستی خاشقچی لەلایەن تیمەکەوە و بە فەرمانی موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە، هێنراونەتەوە بۆ ڕیازی پایتەختی سعودییە.

ئەو سەرچاوەیەی نزیک لە کۆشکی شاهانە ڕایشیگەیاندووە، ئەندامانی ئەو تیمەی جەمال خاشقچییان کوشتووە هەر یەکەو بەگوێرەی کارەکانیان دوو ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن ڕیاڵیان (٠،٥٣ ملیۆن بۆ ١.٣٣ ملیۆن دۆلاریان) وەرگرتووە.

پێشتریش باس لەوە کرا کە شازادەی سعودییە داوای لە تیمەکە کردووە کە سەری جەمال خاشقچیی بۆ ببەنەوە بۆ ڕیازی پایتەختی سعودییە و لەسەر فەرمانی شازادە سەری خاشقچییش براوەتەوە بۆ ڕیاز.

لەلایەکی ترەوە، بەرپرسانی ئەمریکا لە شاری واشنتن داوایانکردووە کە ئەو شەقامەی کە باڵیۆزخانەی سعودییەی کەوتووەتە سەر، ناوەکەی بگۆڕێت بۆ (ڕێگای جەمال خاشقچی)، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە ڕۆژانە کوشتنی جەمال خاشقچی بیری بەرپرسانی سعودییە بهێنرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەشی کە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، سی ئای ئەی باسی لەوە کردووە کە شازادەی سعودییە لەگەڵ سعود ئەلقەحتانی ڕاوێژکارەکەی لەکاتی کوشتنی خاشقچیدا بە نامە قسەیانکردووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، موحەمەد بن سەلمانی شازادەی سعودییە لەکاتی کوشتنی جەمال خاشقچیدا ١١ نامەی بۆ سعود ئەلقەحتانیی ڕاوێژکاری هەرە نزیکی خۆی ناردووە، کە یەکێکبوو لە ئەندامانی ئەو تیمە ١٥ کەسییەی کە ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی سعودییە بەشداربوون لە کوشتنی جەمال خاشقچیدا، بەڵام نامەکان بۆ ڕای گشتی ئاشکرانەکراون و نازانرێت چییان تیادا نوسراوە و چی گفتوگۆیەک لەنێوان شازادە و سعود ئەلقەحتانی هەبووە.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٥ی دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیای ئاشکراکردووە لەبارەی شازادەی جێنشینی سعودییەوە، کە تیایدا دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا ڕایگەیاندووە، “موحەمەد بن سەلمان (کێشەی تەندروستی) و نەخۆشیی دەروونی هەیە.”

نوسەرێکیش بەناوی مایکڵ بورلیگ لەبارەی موحەمەد بن سەلمانەوە وتوویەتی، “موحەمەد بن سەلمانی سعودی کەسێکی ناجێگیرە و حەزی بۆ کوشتن و خوێنڕشتن هەڕەشەیە بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.”

هەندێکیش وا باسی شازادە دەکەن، کە هەرچەندە خۆی وەکو کەسێکی ڕیفۆرمخواز نیشاندەدات بەڵام وردە وردە هەنگاو بەرەو بوون بە “سەدامی بچکۆلە” دەنێت، کوەیتییەکانیش کە پێشتر هەمان ناویان لێناوە “سەدامی بچکۆلە”، ترسی ئەوەیان هەیە کە شازادە پلانی داگیرکردنی وڵاتەکەیانیانی هەبێت.

هاوکات بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە سەرۆک و وەزیر و بەرپرسانی تری باڵاوە هەوڵی پەردەپۆشکردنی کەیسی خاشقچی دەدەن و ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ مایک پۆمپەیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “هەموو بەڵگە هەواڵگرییەکانم لەسەر کەیسی خاشقچی بینیوە و هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەوخۆ نییە کە ئاماژە بە تێوەگلانی موحەمەد بن سەلمان لە ڕووداوەکە بکات.” پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا و وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ئەمریکا لێدوانی هاوشێوەیان داوە.

هەر ڕۆژی ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ میدیاکان بڵاویانکردەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر ئەو کەیسە ڕایگەیاندووە، “چارەسەرکردنی کەیسی کوشتنی خاشقچی لە بەرژەوەندیی بنەماڵەی شاهانەی سعودییەشە.”

ئەردۆغان ڕایشیگەیاند، “داوا لە ڕیاز (سعودییە) دەکەم کە بەرپرسی سەرەکیی پشت کوشتنی خاشقچی ئاشکرابکەن،” و سعودییەشی تۆمەتبارکرد بەوەی کە خۆی لە کەیسەکە دەدزێتەوە.

کەناڵی بی بی سی عەرەبییش بەم شێوەیە گفتوگۆ سەرپێییەکەی لوتکەی جی ٢٠ی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا و موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییەی بڵاوکردووەتەوە:
+ موحەمەد بن سەلمان: نیگەران مەبە!
– سەرۆکی فەڕەنسا: نیگەرانم چونکە…
+ موحەمەد بن سەلمان: ئەو ئاگاداریکردمەوە، سوپاستان دەکەم!
– سەرۆکی فەڕەنسا: من نامەوێت…
+ موحەمەد بن سەلمان: نا!
– سەرۆکی فەڕەنسا: تۆ هەرگیز گوێ بۆ من ناگریت!
+ موحەمەد بن سەلمان: بە دڵنیاییەوە گوێت لێدەگرم!
– سەرۆکی فەڕەنسا: هیچ نییە، دەتوانم مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا بکەم.. من پیاوێکم ڕێز لە قسەی خۆم دەگرم!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close