جیهانی ئیسلامیدونیا

موحەمەد بن سەلمان لە لوتکەی جی ٢٠ پشتگوێخرا

محەمەد سەلمان شازادەى جێنشینى سعودیە هەرچۆنێک بێت خۆى گەیاندە لوتکەى ٢٠ لە بۆینس ئایرسى پایتەختى ئەرجەنتین، بەڵام تارمایی خوێنى رۆژنامەنووس جەمال خاشقچى، نەیهێشت بەئاسودەیی و وەک سەرکردەیەکى ئاسایی بەشداریی لەم دیدارە نێو دەوڵەتییە بکات.

لە گرتەیەکى ڤیدیۆییدا کە بەشێوەیەکى بەربڵاو لەئاژانس و هۆکارەکانى راگەیاندندا بڵابووەتەوە دەردەکەوێت، کە بن سەلمان بەتەنها و لەکۆتایی ریزەکەدا وەستاوە.

سەرکردەکانى بیست وڵاتە ئابوورییەکەى جیهان بەبەردەمیدا دێن و دەچن بۆ تەوقەکردن لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتنى سەرۆکى ڕووسیا، بەڵام ناوبراو وەک ئەوەى خێوێک بێت کەس لاى لێ ناکاتەوە مەرحەباییەکى بکات و وا دەردەکەوێت لەپاش تاوانى کوشتنى خاشقچییەوە جێگەى لەم یانە نێودەوڵەتییانە نەمابێت.

بن سەلمان دەستى بەرز دەکاتەوە بۆ وێنەگرتن وەک سەرکردەکانی تر، دواتر هەوڵدەدات بۆ کەسێکى دەست بکەوێت قسەى لەگەڵ بکات.. بەڵام کەس نییە. ئەویش بەتەنها هۆڵەکە بەجێدەهێڵێت بۆ ئەوەى توشى ئیحراجیی زیاتر نەبێت. ئەم بوغزاندنەى بن سەلمان لەیەکەم بەشداریی نێو دەوڵەتیی ئەودا لەپاش کوژران و ئەنجن ئەنجن کردنى جەمال خاشقچى لەناو باڵیۆزخانەى ئەستەنبوڵ، تەنها لەوێنەگرتنى بەکۆمەڵى کۆتایی کۆنگرەکەدا نەبوو، بەڵکە هەمان حاڵەت لەچەند وێستەگەیەکیترى ئەو دیدارەدا دووبارە بوونەوە کە دیارترینیان مڕومۆچیی تیریزامەى و ئیمانۆیڵ ماکرۆن بوو لەگەڵیدا.

لەهەموو جێگایەکى دونیادا، کوشتنى میدیاکارو رۆژنامەنووس و رەخنەگرەکان بەئاسانى گوزەر ناکەن، بەڵام لەکوردستان زنجیرەى تاوان و بێرێزیکردن بەرانبەر رۆژنامەنووسان کۆتاییەکەى نییەو زۆربەى هەرە زۆرى کەیسەکانیش بەنادیاریی و سەر داپۆشراوى دەمێننەوە، ئەوانەشى کە تۆمەتباریان تیایە حزبە دەسەڵاتدارەکان رێگرن لەوەى دادبینى تێیاندا بگاتە دوا قۆناغ… لەپاش کاریگەریی ئەو هەڵمەتە جیهانییەى بۆ ئیدانەکردنى بکوژانى جەمال خاشقچى کرا، زۆرێک لەمیدیاکارو نوسەرانى کرد باسى گرنگیی بەنێودەوڵەتیکردنى کەیسەکانى کوردستانیش دەکەن، بەو پێیەى چاکەى یەکەم بۆ ئاشکراکردن و گەورەکردنى کەیسى خاشقچى بۆ میدیاى بنکۆڵکاریی و راپۆرتە رۆژنامەوانییە جیهانییەکان دەگەرێتەوە، ئەگەرنا عەرەبستانى سعودیی هەر زوو بەڕەشوەو پارە ئەیتوانى دیزە بەدەرخۆنەی بکات.

هەندێ لەچالاکانى مەدەنى و میدیاکاران باس لەوە دەکەن لە کوردستان خاشقچییەکان زۆرن و لەدواى ڕاپەڕینەوە کوشتنى شاعیرو رۆژنامەنووس و دەستگیرکردنى چالاک و ڕەخنەگرەکان هیچ کات نەوەستاوە، بەڵام چونکە کەیسەکان بەنێودەوڵەتى نەکراون، هیچان وەک ئەوەى خاشقچى نەبوونەتە هۆى هەراسانکردنى ئەنجامدەران و لەپشت ئەوانیشەوە ئەو سیستمەى بۆیان پەردەپۆش دەکات.

ڕاپۆرتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی:

موحەمەد بن سەلمان لە لوتکەی جی ٢٠ پشتگوێخرا!(ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئێن ئاڕ تی)

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Sunday, December 2, 2018

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close