جیهانی ئیسلامیدونیا

سعودییە ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ بونیادنانەوەی غەززە دابیندەکات و بە سەدان ملیۆن و ملیار دۆلاریش بە ڕۆژئاواییەکان دەدۆڕێنێت

سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، سعودییە ٢٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بونیادنانەوەی غەززە دابینکردووە، بەڵام بە سەدان ملیۆن و بگرە ملیاران دۆلار لە شتانی پووچ دەدۆڕێنێت.

ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ بونیادنانەوەی غەززە دابینکراوە (٢٠ ملیۆن دۆلار)، لەلایەن شا سەلمانەوە دابینیکراوە، پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٧ بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاری دا بە موسڵمانانی گەلی ڕۆهینگیا، لەکاتێکدا ژمارەی موسڵمانە ئاوارە ڕۆهینگییەکان سەدان هەزار کەسی ئاتاج بوون، لە ئێستاشدا شا سەلمان لە بەرامبەر موحەمەد بن سەلمانی کوڕی یەکێکە لە بێ دەسەڵاتترین دەسەڵاتدارانی سعودییە.

لە ماوەی ڕابردوودا محمد بن سەلمان گەشتێکی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە ماوەی مانگێک و چەند ڕۆژێکی خایاند، لەو ماوەیەشدا بە بەهای ٧٣٣ ملیار دۆلاری ئەمریکی ڕێککەوتنی ئەنجامدا بەناوی کڕینی چەکەوە، کە دەتوانریت بوترێت ٧٣٣ ملیار دۆلاری دۆڕاندووە، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکیشدا ترلیۆنێک و ١٤٤ ملیار دۆلاری هەر بەو شێوەیە دۆڕاندووە. ئەمە جگە لەو پارەیەی دای بە وردەواڵە بۆ ئەو کەسانەی لەگەڵی بوون و جگە لەو هەموو وردەواڵەیەی کە کڕینی کە ئەویش تێچووەکەی دەچێتە چەند ملیار دۆلارێک.

لەو سەردانانەیدا بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودییە چووە چەندین وڵات، دیارترینیان ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیسپانیا بوو، کە لە ئەمریکا سەدان ملیار دۆلاری بەناوی کڕینی چەکەوە دا بە ئەمریکا و لە بەریتانیا زیاتر لە ٩٠ ملیار و لە فەڕەنسا زیاتر لە ١٨ ملیار دۆلار و لە ئیسپانیاش چەند ملیار دۆلارێکی بەناوی کڕینی چەکەوە داوە پێیان.

هەر ئەم محمد بن سەلمانە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی بی بی سی بەریتانی، لە ساڵی ٢٠١٥ موحەمەد بن سەلمان یەختێکی لە بازرگانێکی ڕووسی بە بەهای ٥٩٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە.

هەر لە ساڵی ٢٠١٥ و بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، موحەمەد بن سەلمان یەختێکی بە بەهای ٥٠٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە، هەر لەو ساڵەدا وێنەیەکی لیۆناردۆ داڤینسیی بە بەهای ٤٥٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە، واتە لەو ساڵەدا دوو یەخت و وێنەیەکی بە ملیارێک و ٥٤٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە، کە بەم پارەیە خواردنی ملیۆنان برسیی یەمەنی دابیندەکرا.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، لە ٢٠١٧ش موحەمەد بن سەلمان لە فەڕەنسا کۆشکێکی بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن دۆلار کڕیوە، ئەو کۆشکەش بە گرانترین کۆشک (خانوو)ی جیهان لەلایەن میدیاکانی جیهانەوە ناودەبرا.

ئەو کەلتورەی کە بنەماڵەی ئال سعود دایانهێناوە کەلتورێکی تایبەت بە خۆیانە و دوور و نزیک پەیوەندیی بە گەلی سعودییەوە نییە و بنەماڵەی ئال سعود لەسەر حسابی ئوممەتی ئیسلامی ژیانێکی دونیایی خۆش و بێ وێنە دەبەنەسەر، کەلتوری خەمخواردنی زگ و گیرفانی بنەماڵەیەک و ژمارەیەک لە دارودەستەکەیان و برسیکردنی گەلانی موسڵمانیان داهێناوە.

داهێنەرانی کەلتور هەمیشە گەورە و کاربەدەستەکانن، پێغەمبەر (ص) بە پشتبەستن بە قورئان کەلتوری برایەتیی و بنبڕکردنی برسێتیی و پاراستنی شەرەف و سەربەرزیی و ئەمن و ئاسایش و ئازادیی داهێنا، هاوەڵانیش کەلتوری برایەتی و بنبڕکردنی برسێتیی و ئەمن و ئاسایش و پاراستنی شەرەف و ئازادییان بە پشتبەستن بە قورئان و سوننەت داهێنا، بەڵام ئەم کەلتورەی ئال سعودییەکان داهێنراوی خۆیان و جولەکە و نەسرانییە هاوپەیمانەکانیانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close