جیهانی ئیسلامی

زانایەک و چالاکوانێکی سوری لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانەکانی ڕژێمی ئەسەد گیانیان لەدەستدا

فاتن ڕەجەب فەواز زانای سوری و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستی ناوکی، کە لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠١١وە لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئەسەدەوە لەسەر چالاکییە ئاشتیخوازانەکانی دەستگیرکراوە، گیانلەدەستدانی بەهۆی ئەشکەنجەوە لە زینداندا پشتڕاستکراوەتەوە.

هاوکات لەیلا ئەلشەوکانیش کە لەگەڵ فاتن ڕەجەب فەوازدا دوو کەسایەتیی دیار بوون لەکاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا، بەگوێرەی سەرچاوەکان لەژێر ئەشکەنجەدا و لە زیندانەکانی ڕژێمی ئەسەددا گیانی لەدەستداوە.

چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لە گیانلەدەستدانی ئەو زانایە و ئەو چالاکوانە سورییە کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی سوریا ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

دکتۆر فەواز خەڵکی شاری دۆمای سەر بە دیمەشقە و خاوەنی دکتۆرایە لە زانستی فیزیا و ئەتۆمدا، لە ٢٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١ لەلایەن هێزە هەواڵگرییە ئاسمانییەکانەوە دەستگیرکراوە لەسەر چالاکییە ئاشتیخوازانەکانی و پشتیوانیکردنی لە شۆڕشی سوریا.

بەگوێرەی سەرچاوەکان دکتۆر فەواز لە زینداندا لە دۆخێکی زۆر قورس و نامرۆڤانەدا بووە و بە توندی ئەشکەنجە دراوە. لە ماوەی شەش ساڵی دەستبەسەرکردنیدا گرنگی بە دۆخی تەندروستیی نەدراوە.

شەوکانییش یەکێک بووە لەو یەکەمین ئافرەتانەی کە دژی ڕژێمەکەی ئەسەد بەشداریی شۆڕشی کرد لە دیمەشق، هەروەها پێداویستیی پزیشکیی بردووە بۆ ئەو شوێنانەی کە ڕژێمەکەی ئەسەد گەمارۆی خستبووە سەریان و دۆکیۆمێنتی تاوانەکانی ئەسەدیشی کردووە.

لە ساڵی ٢٠١٦دا شەوکانی لە زیندانی عەدراوە گوازرایەوە بۆ زیندانی صیدنایا و لەو زیندانەش بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا.

ژمارەی ئەو ئافرەتانەی کە لە ٢٠١١وە لە زیندانەکانی سوریادان یاخود بێسەروشوێنن نزیکەی ١٠ هەزار ئافرەت دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close