جیهانی ئیسلامی

سیسی و سعودییەکان بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکەن و بەرازیلیش باڵیۆزخانەکەی بۆ قودس دەگوازێتەوە

ئۆرشەلیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە، عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە و سعودییەکان گەلانی عەرەب هاندەدەن بۆئەوەی لەگەڵ ئیسرائیلدا بازرگانی بکەن.

ئۆرشەلیم پۆست، کە میدیایەکی ئیسرائیلییە ڕایگەیاندووە، سیسی و موحەمەد بن سەلمان تاوتوێی پێکهێنانی گروپێکی چوارلایەنەیان کردووە کە لە میسر و ئوردن و سعودییە و دەسەڵاتی فەڵەستین پێکدێت، کە گروپێکی لەو شێوەیە پێشتر لە مانگی ئابدا لەلایەن مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینەوە ڕەتکرایەوە.

ئەم تاوتوێ و پێشنیارانەش لەکاتی سەردانی بن سەلمان بۆ میسر بووە، کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا بن سەلمان لە گەشتێکیدا بۆ چەند وڵاتێکی عەرەبی چووبووە میسر.

هاوکات بن سەلمان و سیسی تاوتوێی “ڕێککەوتنی سەدە/صفقة القرن”یشیان کردووە، کە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا بە فەرمی ڕایبگەیەنێت.

لەلایەکی ترەوە بەرازیل ڕایگەیاندووە، گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەمان لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس تەنیا لەسەر کات وەستاوە.

ئێدواردۆ بۆلسۆنارۆ کوڕی جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی داهاتووی بەرازیل هەفتەی ڕابردوو چاوی بە جارید کوشنەر ڕاوێژکار و زاوای ترەمپ کەوتووە و تاوتوێی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی بەرازیلیان لە ئیسرائیل، لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس کردووە.

بۆلسۆنارۆ بە کوشنەری وتووە کە کێشەکە “لەبارەی ئەوەوە نییە کە ئێمە باڵیۆزخانە دەگوازینەوە یان نا، بەڵکو لەسەر کات وەستاوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close