جیهانی ئیسلامی

حکومەتی میسر ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کردنەوەی ١٦٨ کەنیسەی نوێ

بەگوێرەی سەرچاوەکان، حکومەتی میسر ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کردنەوەی ١٦٨ کەنیسەی نوێ.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، لیژنەی تایبەت بە کاروباری کەنیسەکان کە لەلایەن سەرۆکایەتیی وڵاتەوە پێکهێنراوە، لە سەرەتای دروستبوونییەوە تا ئێستا ٥٠٨ کەنیسەی کردووەتەوە.

بەمپێیەش ئێستا لە میسر دوو هەزار و ٦٢٦ کەنیسە بە شێوەیەکی فەرمی بوونیان هەیە و لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە پارێزگارییان لێدەکرێت و دەپارێزرێن.

دەستەی کاروباری کەنیسەی ئۆرسۆدۆکسیش داوایکردووە کە ژمارەی کەنیسە فەرمییەکان بۆ زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەنیسە زیادبکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەدوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی-یەوە، کە بە کودەتای سەربازیی دەسەڵاتی لە موحەمەد مورسیی سەرۆکی شەرعیی میسر وەرگرت، دۆخی خەڵکی میسر بەرەو خراپی دەڕوات.

نزیکەی مانگێک بەر لە ئێستاش لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە ڕەشنووسێک بۆ قەدەغەکردنی نیقاب لە ئافرەتانی موسڵمان پێشکەشکرا.

سەدان سەرکردە و کەسایەتیی موسڵمانیش لە ئێستادا لە زیندانەکانی ئەو وڵاتە توندکراون و تۆمەتی بێ بنەمای جۆراوجۆریان خراوەتەپاڵ، سەرەڕای ئەمەش ڕێگە بە دیداری کەسوکاریان نادرێت.

هەر لەلایەن حکومەتەکەی سیسی-یەوە چەندین بێڕێزیی و بێحورمەتیی تر بەرامبەر بە دینی ئیسلام و موسڵمانان و پیرۆزییەکانی ئیسلام و موسڵمانان کراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە زۆرینەی دانیشتووانی میسر موسڵمانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close