جیهانی ئیسلامی

مەهاتیر موحەمەد: تیرۆری دەوڵەت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیڕەودەکرێت هەمیشە سەرچاوەیەکی نیگەرانییە بۆ مالیزیا

مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ڕایگەیاند، ”تیرۆری دەوڵەت کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیڕەودەکرێت هەمیشە سەرچاوەیەکی نیگەرانییە بۆ مالیزیا و بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی دەبینەوە.”

مەهاتیر موحەمەد وتووشیەتی، “مالیزیا بەردەوامدەبێت و هەموو کارێک دەکات بۆ پاڵپشتیکردن لە پرسی فەڵەستین و پاڵپشتی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات.”

سەرۆک وەزیرانی مالیزیا جەختی لەوەش کردووەتەوە، “بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان بۆ قەناعەتپێکردنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین لەو ناوچانەی کە لە ساڵی ١٩٦٧دا داگیرکراون، لەناویاندا قودس کە پایتەختی فەڵەستینە،” ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو کردەوانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵە پەیڕەودەکرێت هاندەربووە لەوەی کە فەڵەستینییەکان بە توڕەییەوە وەڵامدانەوەیان هەبێت.”

هاوکات ستیفان پریسنەر نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە مالیزیا ڕایگەیاندووە، نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندی چارەسەری “دوو دەوڵەت” دەبێت و مافی خۆبەڕێوەبەری بە گەلی فەڵەستین دەدات و ئازارەکانیان لەسەر هەڵدەگرێت..

مەهاتیر موحەمەد ئەمە یەکەمجاری نییە کە پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی فەڵەستین و دژایەتی خۆی بۆ ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت و لە ماوەی ڕابردووشدا ڕایگەیاند، “ئەگەر دەتانەوێت کۆتایی بە تیرۆریزم بێت، دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و کردەوە وەحشیگەرییەکانی ئیسرائیل ڕاگرن.”

موحەمەد وتیشی، “لە ساڵی ١٩٤٨دا خاکی فەڵەستین داگیرکرا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، فەڵەستینییەکان کۆمەڵکوژ کران و ناچارکران کە خاک (ماڵ و حاڵیان) جێبهێڵن، ماڵ و خاکیان داگیرکرا.”

سەرۆک وەزیرانی مالیزیا ئەوەی خستەڕوو، “بۆ شەڕی دژی تیرۆر هەموو هۆکارەکانی ئەمن بڵاوکراونەتەوە، برا گەورە (کە مەبەست لێی ئەمریکایەکی کۆنترۆڵکراوی دەستی ئیسرائیلە) چاودێریی دەکات، بەڵام کردەوە تیرۆریستییەکان بەردەوامن، جیهانیش هیچی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی ئیسرائیل کاتێک یاسا نێودەوڵەتییەکانی شکاندووە، دەستی بەسەر کەشتیگەلی دەرمان هەڵگردا گرتووە. ئیسرائیل دەستی بەسەر خواردن و کەرەستەی بیناکردندا گرتووە لە ئاوا نێودەوڵەتییەکاندا، فەڵەستینیەکانیش شتانێکیان بەکارهێناوە کە زیانی بە کەس نەگەیاندووە.”

موحەمەد وتیشی، فەڵەستینیەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان پەنایان بردە بەر ئەو شتەی کە ئێمە پێی دەڵێین (تیرۆریزم).

لە نەتەوە یەکگرتووەکان موحەمەد باسی لەوەش کرد، “ئیسرائیل بە بۆمب و موشەک نەخۆشخانە و قوتابخانە و باڵەخانەکانی بۆردومانکردووە، خەڵکی مەدەنیی بێتاوانی کوشتووە کە منداڵی قوتابخانە و نەخۆشانی نەخۆشخانەکانی تیادایە.”

دواتریش ئەوەی وت، “لە بەرامبەریشدا جیهان پاداشتی ئیسرائیلی کرد بە ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل.”

مەهاتیر موحەمەد وتیشی، “مالیزیا ڕقی لە تیرۆریزمە، ئێمە شەڕی دژی ئەوان دەکەین، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە کە تاکە ڕێگە بۆ شەڕی دژی تیرۆر سڕینەوەی هۆکارەکەیەتی. با فەڵەستینیەکان بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان، با دەوڵەتی فەڵەستین هەبێت. با دادگەری و یاسا سەروەریی هەبێت، جەنگ دژی ئەوان کۆتایی بە تیرۆر ناهێنێت، ترساندنیشیان سەرکەوتوو نابێت.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close