جیهانی ئیسلامی

پزیشکانی بێ سنوور: زیاتر لە هەزار هاووڵاتی برینداری غەززە مەترسیی کەمئەندامبوون و مردنیان لەسەرە

ڕێکخراوی پزیشکانی بێ سنوور ڕایگەیاند، زیاتر لە هەزار هاووڵاتی غەززە، کە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێکراون، مەترسیی کەمئەندامبوون و مردنیان لەسەرە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە دوێنێ ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بڵاویانکردووەتەوە، پزیشکانی بێ سنوور ڕایانگەیاندووە، ژمارەیەکی بێشووماری نەخۆش و بریندار لە بنکەکانی تەندروستیی غەززەدا هەن. ئاماژەی بەوەش کردووە، مەبەستیان لە بریندار ئەوەیە کە برینەکانیان تیمارنەکراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕێکخراوەکە، ئەو قەیرانە بەهۆی بریندارانەوە دروستبووە کە ئەوەش بەهۆی سیاسەتی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەرانی “گەڕانەوەی مەزن” دروستبووە.

باسی لەوەش کردووە، لە ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨وە تاوەکو ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ ژمارەی ئەو نەخۆش و بریندارانەی کە لەلایەن ئەوانەوە چارەسەرکراوە سێ هەزار و ١١٧ کەس بووە لە کۆی پێنج هەزار و ٨٦٦ بریندار و نەخۆش، کە بریندارەکان بە گولـلە لاقیان پێکراوە.

ئاماژەیان بەوەش کردووە کە برینەکان قوڵ و ئاڵۆزن و بە خێرایی چاکنابنەوە و، بەهۆی چارەسەرنەکردنیشیانەوە مەترسیی گەورە لەسەر ژیانی بریندارەکان دروستدەکات.

ماوەی ١١ ساڵیشە گەمارۆیەکی توند لەسەر کەرتی غەززەیە، کە نزیکەی دوو ملیۆن کەسی تیادا دەژی و بەشێک لە ڕێکخراو و میدیاکان بە “گەورەترین زیندانی کراوەی جیهان” ناویانبردووە.

بەهۆی گەمارۆکانی سەر غەززەیشەوە چەندین قەیران و لەناویاندا قەیرانی دەرمان دروستبووە، ئەمە جگە لە قەیرانی ئاو و کارەبا و هۆکارەکانی تری ژیان و تەندروستی.

هاوکات دوێنێ ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بزوتنەوەی حەماس داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە پاڵپشتی فەڵەستینییەکان بکات لەوەی مافی بەدەستهێنانی چەکیان هەبێت لە دژی ئیسرائیل.

ئەم داوایەی بزوتنەوەی حەماسیش دوای ئەوەیە کە پێشتر ئەوە بڵاوکرایەوە، ئەمریکا هەوڵی لۆبیکردنی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات بۆئەوەی دژی بزوتنەوەی حەماس بوەستنەوە و ئیدانەی موشەکبارانی ئیسرائیل لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە بکەن.

لەلایەکی ترەوە میدیاکان ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، ئیسرائیل لە شوێنی کۆمەڵکوژیی (دیر یاسین) دوو هەزار و ٣٠٠ خانوو بۆ کەسە ئاینییەکان (کەسە ئاینییەکانی بێجگە لە کەسە ئیسلامییەکان) دروستدەکات.

No automatic alt text available.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close