جیهانی ئیسلامیمێژوو

سەعید نوورسی: تەنها ئیسلام میلـلەتی منە

ئەمانە قسەکانی سەعید نوورسی بوون لەبەردەم دادگای ئەوکاتی تورکیا:

بەڵێ، “من داوای شەریعەت دەکەم! چونکە من هەموو شتێک بە تەرازووی شەریعەت کێشانە دەکەم، تەنها ئیسلام میلـلەتی منە! من لە ڕوانگەی ئیسلامەوە سەیری هەموو شتێک دەکەم و هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنم.

بێگومان من لەسەر لێواری جیهانی بەرزەخدا ڕاوەستاوم.. ئەوەی ئێوە ۆێی دەڵێن بەندینخانە. من لە وێستگەی لەسێدارەدان چاوەڕێی ئەو شەمەندەفەرە دەکەم کە دەمگەیەنێت بە دواڕۆژ، من زۆر بە توندی ناڕەزایی و بێزاریی خۆم دەردەبڕم و ڕەخنە لەو هەموو ناهەقی و ناپاکی و ستەم و زۆردارییە دەگرم کە لە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕوودەدات! بۆیە ڕووی گوفتارم تەنیا ناکەمە ئێوە، بەڵکو ئاڕاستەی هەموو ئادەمیزادی ئەم سەردەمەی دەکەم.. کەواتە بەپێی نهێنیی ئایەتی پیرۆزی:
(یوم تبلی السرائر | الطارق – ٩) واتە (لە ڕۆژێکدا کە هەرچی نهێنی هەیە ئاشکرا دەکرێت.)

ڕاستییەکان لە گۆڕی دڵدا بە ڕووت و قووتی زیندوو بوونەوە! دەسا با ئەو کەسەی بێگانە و نامەحرەمە سەیری نەکات.

لەڕاستیدا من بە هەموو شەوق و تاسە و حەزێکەوە ئامادەم بڕۆم بۆ ئەو دونیا..! لەبەر ئەوە دوورخستنەوە و نەفیکردنم بۆ ئەوێ بۆ من بە تۆڵە دانانرێت. بەڵام ئەگەر ئێوە لە تواناتاندا هەیە، ئازارم بدەن و تۆڵەم لێ بسێنن، فەرموون ئازاری ویژدانم بدەن گەر دەتوانن! بەڵام لەوە کەمتر بەلای منەوە نە سزایە و نە تۆڵەیە! بەڵکو بۆ من شەرەف و شانازی و سەربەرزییە.”

سەرلەنوێ تواناکانی کۆدەکاتەوە و، دەستی نزم دەکاتەوە.. پاشان بۆ سەرەوە بەرزی دەکاتەوە، وەک بڵێی لەسەر شێوازی گەمەی بارووت، تفەنگەکەی پڕ دەکات لە تفاقی جەنگ، پاشان کۆتا گولـلەی دەتەقێنێت، گورزێکی کوشندە لە لوتبەرزیی و لەخۆباییبوونی پیاوانی داد ئەسرەوێنێ! فەزای دادگاکە دەنگ دەداتەوە:

“بێگومان ئەم دەسەڵات و دەوڵەتە لە ڕۆژەکانی ستەم و زۆردارییدا شەڕ و دژایەتی لەگەڵ عەقڵدا دەکرد. بەڵام ئێستا بە گشتی دژایەتی ژیان دەکات! خۆ ئەگەر حکومەت و دەسەڵات لەسەر ئەم مەنتیق و شکڵ و شێوازە بێت، دەسا بژی شێتی! بژی مەرگ! بژی دۆزەخ بۆ ستەمکاران..!”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close