جیهانی ئیسلامیمێژوو

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – بەشی یازدەیەم: چەند وانەیەک

١- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز هاوڕێیەکی هەبوو، ئاگاداریانکردەوە کە مردووە، بە مەبەستی پرسە خۆی گەیاندە ماڵ و منداڵەکەی، ئەوانیش هەر دەگریان و هاواریان دەکرد بەسەریدا و ئەویش پێیوتن: ئەم مردووەتان ڕزق و ڕۆزی ئێوەی نەداوە، بەڵکو ئەوەی ڕزق و ڕۆزی ئێوەی دەدا خوایەکی زیندوو و نەمرە.

٢- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز نامەی نووسی بۆ هەندێک لە کاربەدەستەکانی و وتی: “ئەگەر جارێک توانا و دەسەڵاتت وایلێکردیت زوڵم لە خەڵکی بکەیت، ئەوا توانا و دەسەڵاتی خوات بیربکەوێتەوە بەسەر خۆتەوە، کە ئەوەی تۆ دەیکەیت دەڕوات و ئەوەی خوا دەیکات دەمێنێتەوە.”
لە نامەیەکیشدا بۆ ڕەدی (قەدەری)یەکان دەڵێت: “توانای خوای گەورە زۆر لەوە زیاترە کە کەسێک بتوانێت زانیاری خوا هەڵوەشێنێتەوە.”

٣- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە وتارێکیدا دەیفەرموو: “ئەی خەڵکینە، ئەرێ ئەوە ئێوە نابینن شتومەکی لەناوچووەکان بەکاردەهێنن و لە ماڵی مردوواندا دەژین و لە خانە و ماڵی لەناوچوواندان، کە جاران دراوسێتان بوون و تا دوێنێ لەگەڵتاندا بوون، کەچی ئەمڕۆ لە گەڕەکی خامۆشاندان، تا ڕۆژی دوایی لە خۆشی و نازونیعمەتی گۆڕدان، یان تا قیامەت لەناو ناخۆشی و سزای ناو گۆڕدان؟”

٤- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە وتارێکیدا دەیفەرموو: “هەموو ڕۆژێک ماڵئاوایی لە کەسێک دەکەن و بە خاکی دەسپێرن، کەسانێک گیان دەسپێرن و تەمەنیان تەواو دەبێت، پاشان دەیانخەنە ناوجەرگەی زەوییەوە بەبێ پشتی و دۆشەک ڕایدەکشێنن، لە خۆشەویستانی و لە هەموو شتێ جیادەبێتەوە، بەرەو ڕووی لێپرسینەوە و خاکنشین، دووچاری کردەوەکانی خۆی دەبێتەوە، لە دوای خۆی زۆری بەجێهێشتووە، بەڵام بۆ خۆی هەژار و نەدارە.”

٥- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە نامەیەکیدا بۆ عەدی نوسیبووی: “بزانە، کە کەس لە توانایدا نییە هەموو کێشە و مەسەلەکانی نێوان خەڵکی چارەسەر بکات و هیچ نەهێڵێتەوە، بەڵکو هەندێکی دوادەکەوێت بۆ ڕۆژی لێپرسینەوە (یوم الحساب).”

٦- لە عومەری کوڕی عەبدولعەزیزەوە بۆ دەستبەتاڵ و بێکارەکان: “ئامۆژگاریتان دەکەم لە خوا بترسن و بەردەوام لە گوێڕایەڵی ئەودابن، هەرکەسێ حەزی لە بەهەشتە و لە دۆزەخ هەڵدێت دەی هەر ئێستا ئا لەم ڕۆژە بەتاڵانەدا تەوبە بکات لە گوناهەکانی، پێش ئەوەی ئەجەل بێت و تەمەنت کۆتایی بێت ئەم کاتە بێ کارییانەت بەکاربێنە، چونکە خوا بۆیە بواری فەراهەم هێناوە، تا لە ڕۆژی قیامەتدا تاوانباریان بکات (لەوەی بواری داون، بۆئەوەی نەڵێن بوارمان نەبووە) و هیچ پارە و پول و فیدیەیەکیش وەرناگیرێت، فێڵ و فڕ دەوری نامێنێت، شاراوەکان ئاشکرا دەکرێن، شەفاعەتی تکاکاران دەوریان نامێنێت، خەڵکی بە کردەوەکانیانەوە بەرەو ڕووی دەڕۆن، هەریەکە بەپێی کردەوەکانیان بڵاوەی لێ دەکەن بۆ ماڵەکانیان، دەی خۆشبەختی بۆ ئەو کەسانەی گوێڕایەڵی خوایان کرد، وەیل بۆ ئەو کەسانەش سەرپێچی خوایان کرد.”

٧- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز: “ئەی برای خۆم، تۆ زۆربەی ماوەی گەشتەکەت بڕیوە و ماوەیەکی کەمت ماوەتەوە، دەی برای خۆم ئاگات لە پەڕینەوەکانت بێت، کە وەحی بۆ پێغەمبەرەکەت کراوە لە قورئاندا کە تۆ دەبێت بەسەر پردەکەدا بڕۆیت، بەڵام نەوتراوە کە ئایا دەگەیتە ئەوبەرەوە یان دەکەویتە خوارەوە! نەکەی دنیا بتخەڵەتێنێت، دونیا ماڵی ئەو کەسەیە کە ماڵی نییە، پارە و سامانە بۆ ئەو کەسانەی کە پارە و سامانیان نییە.”

٨- سوفیان دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ڕۆژێکیان عومەری کوڕی عەبدولعەزیز زۆر مات و بێدەنگ بوو کاتێک هاوڕێکانی قسەیان دەکرد پێکەوە، بۆ ئەو ماتییەی پرسیاریان لێکرد و وتیان: ئەی ئەمیری بڕواداران ئەوە چییە وا بێدەنگی؟
ئەویش لە وەڵامدا وتی: بیرم لە خەڵکی ناو بەهەشت دەکردەوە کە چۆن سەردانی یەکتر دەکەن و، بیرم لە خەڵکی ناو دۆزەخیش دەکردەوە کە چۆن هاوار و بۆڕەبۆڕ دەکەن تێیدا، پاشانیش دەستی بە گریان کرد.

٩- ئامۆژگارییەکی پڕ حیکمەت لە عومەری کوڕی عەبدولعەزیزەوە: “(فضل)ی کوڕی (ربیع) دەڵێت، لە (فضیل)ی کوڕی (عیاض)م بیست دەیووت: جارێکیان کاربەدەستێکی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز سکاڵای خۆی دەکرد بۆ عومەر، عومەریش نامەی بۆ نووسی و پێیوت: “ئەی براکەم، بیر لە شەونخونییە نەبڕاوە و دوورودرێژەکانی دۆزەخ بکەرەوە، دەخیلت بم نەکەیت پشتهەڵبکەیت لەوەی لەلای خوایە و لەئاکامدا بێبەش و بێهیوا بمێنیتەوە،” هەر کە نامەکە گەیشتە ئەو پیاوە و خوێندییەوە، بە خێرایی وڵاتانی بڕی و خۆی گەیاندەوە لای عومەر، عومەریش وتی: “ها خێرە بۆچی هاتوویتەوە؟” کاربەدەستەکەش وتی: نامەکەت دڵی دەرهێنام، تا ئەو ڕۆژەی خوا گیانم دەکێشێت هیچ پۆست و بەرپرسیارێتییەک وەرناگرم.”

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی سێیەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی چوارەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی پێنجەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی شەشەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی حەوتەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی هەشتەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی نۆیەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی دەیەم

(خەلیفەی نوێخواز و چاکساز عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – عەلی محمد الصلابی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close