كــوردستان

نۆ خاڵ بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوى کەوتنەوەى ئاگر و چۆنێتى پاراستنى ماڵ و ژیانى هاوڵاتییان

نۆ خاڵ بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوى کەوتنەوەى ئاگر و چۆنێتى پاراستنى ماڵ و ژیانى هاوڵاتییان:

۱- بەکارنەهێنانی تەقسیمی کارەبایی بێ کوالیتی و وایەر زەعیف و خۆ بەدوورگرتن لە سەرەسۆکتی تەقسیم بۆ چەند ئامێرێکی کارەبایی کە لۆدێکی زۆر دەخاتە سەر سویچ پلاکەکە و بەپێی کات دەبێتەهۆی توانەوە و گڕگرتنی.

۲- هۆکارێکی سەرەکی تری ئاگرکەوتنەوە لە ماڵدا لوولکردنی وایەرێکی زۆری تەقسیمی کارەبایە لە پشتی تەلەفزیۆن و تەباخ و غەسەلای جل شتن و ئامێرەکانی تر، کە لە ئەنجامی ئەم لوولکردنەدا گەرمبوون ڕوودەدات و توانەوەی وایەرەکەی لێ دەکەوێتەوە.

۳- یەکێک لە هەڵە مەترسیدارەکانی تری ئاگرکەوتنەوە ڕاکێشانی وایەری تەقسیمی کارەبایە لە سویچ پلاکێکەوە بۆ ئامێرێکی کارەبایی لە جێگەیەکی تر بە ژێر فەرش و کومباردا کە ڕێژەیەکی زۆر مادەی نایلۆنی تێدایە و بە کەمترین پلەی گەرمی وایەرەکە، تواندنەوە و ئاگر دروستدەبێت.

٤- بەجێ نەهێشتنی مۆبایل و لایت شەحن بە شەحنەوە لەکاتی نوستن لەسەر قەنەفە و فەرش و ئەو مادانەی ڕێژەیەکی زۆر نایلۆن و ئیسفنجیان تێدایە، ئەم خاڵە زۆر مەترسیدارە و چەندین ڕووداوی لەم جۆرەمان لەبەردەستایە بە ئامار، شاحینەی مۆبایلێک چەندین قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

٥- نەکوژاندنەوەی هیتەری کارەبایی کە زۆرێک لە خەڵکی بەکاریدەهێنێت دوای نوستن وەک گەرمکەرەوەیەک، کە زۆرجار وایەری هیتەرەکە یاخود سویچی پلاکەکە بەهۆی لۆدی زۆری هیتەرەکە دەتوێتەوە، یاخود فەرشی ژێـری، یا جلوبەرگ کە خانمان دایدەنێن بۆ وشککردنەوە لەبەردەمیدا گڕدەگرێت.

٦- نەکوژاندنەوەی زۆپای نـــەوت دوای نوستن، ئەمە دووجار مەترسییە بۆ سەر ژیانمان:
یەکەم: هەندێکجار بەهۆی داخستنی دەرگا و پەنجەرەوە ڕێژەی ئۆکسجین لە ژوورەکەدا نامێنێت و پڵیتەی زۆپاکە هەڵدەچێت و ئاگـــر دروستدەبێت.
دووەم: زۆپای نەوت ڕێژەیەکی زۆر دووەم ئۆکسیدی کاربۆن دروستدەکات و ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر سییەکانمان، بەتایبەتی منداڵی ساوای پێ ژەهراوی دەبێ و غاز لێیدەدا.

۷- زۆپای غــــــــاز مەترسیدارترین ئامێری گەرمکەرەوەیە کە جگە لەوەی ڕووداوی نەخوازراوی کـتوپــڕی لێ دەکەوێتەوە بەهۆی ئەوەی غاز یەکێکە لەو مادانەی زۆر خێرا توانای گڕگرتنی هەیە و کڵپە دەکات، لە هەمان کاتدا گەر لێچوون ڕووبدات لە بۆری غاز و سەرە مونەزەمەکە، دەبێتەهۆی خنکاندنی سەرجەم ئەو کەسانەی لە ژوورەکەدا نوستوون.

٨- پێویستە پێش نووستن سەرجەم ئامێرە کارەباییەکان و گڵۆپ و ڕووناککەرەوە بکوژێنرێتەوە کە پێویست ناکات تەزووی کارەبای تێدابێت تا ڕۆژ دەبێتەوە، جگە سەلاجە کە مەترسیی نییە.

۹- زۆر گرنگە سندوقی جۆزەی کارەبای ناو ماڵ و ئەو جێگەیەی چەنج و ڕیلە و کۆنداکتەری کارەبای لێیە بۆ گۆڕینی کارەبا، لەژێریدا فەرش و کومبار ڕانەخرێت، چونکە زۆرجار ئاگر لە سندوقی جۆزەی کارەبای ناو ماڵەکە ڕوودەدات، بەهۆی لــۆدی سپلێت و بۆیلەرەوە لەکاتی نوستندا، یاخود لەکاتی گۆڕینی کارەبای نیشتمانی بۆ مۆلیدە یاخود بە پێچەوانەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close