دونیامێژوو

جۆرج دەبلیو بووش: یان لەگەڵ ئێمە دەبن یانیش تیرۆریستان

ڕێک دوای ١٠ ڕۆژ لە ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ جۆرج دەبلیو بووش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، “هەموو گەلێک لە هەموو شوێنێک، ئێستا بڕیارێکتان هەیە کە بیدەن، یان لەگەڵ ئێمە دەبن، یانیش تیرۆریستان.”

جۆرج بووش: "بڕیار بدەن، یان دەبێت لەگەڵ ئێمەدا بن، یان لەگەڵ تیرۆریستان."مەبەست لە تیرۆریستان چییە؟ زیاتر لە ڤیدیۆ ژێرنووسکراوەکە ڕوونکراوەتەوە.شەیری بکەن..

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Friday, November 23, 2018

سەرەڕای چەندین بەڵگەی ڕوون و ئاشکرا سەبارەت بەوەی کە بکەرانی ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر هەر خوودی کەسانی باڵادەستی ئەمریکا و ئیسرائیل بوون، بەڵام دوای ڕووداوەکەی ١١ی سێپتەمبەر پەنجەی تۆمەت بۆ ئوسامە بنلادن ڕاکێشرا و لەوێشەوە پەنجەی تۆمەت بۆ جیهانی ئیسلامی و موسڵمانان و ئیسلام ڕاکێشرا و بە چەندین ناوی جۆراوجۆر ناوبران، ئیسلام بە بەرنامەیەک ناوبرا کە مرۆڤ فێری توندوتیژی و تیرۆر دەکات و موسڵمانانیش بە تیرۆریست ناوبران.

سەرکردەکانی ئەمریکا پێشتر دەمامکێکیان بە درۆی شیرین پۆشیبوو، موسڵمانانیان کۆمەڵکوژ دەکرد و ماڵەکانیانیان خاپوور دەکرد و مزگەوتەکانیانیان خاپوور دەکرد، هەموو ئەمانەشیان لەژێر ناوی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا دەکرد، سەدان هەزار ژن و منداڵ و پیاوی بێتاوانی موسڵمانیان لەژێر ئەو ناوەدا و لەژێر ئەو درۆ شیرینەدا کوشت، دواتریش بە لێدوانێکی پڕ لە درۆی شیرین و دووڕووانە زۆرینەی جیهانیان دەگەمژاند. تا گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە، ڕووی ڕاستەقینەی سەرۆکەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بەرامبەر ئیسلام و موسڵمانان ئاشکرا نەبوو، بەڵام لەگەڵ هاتنە دەسەڵاتی ترەمپ زۆر شت ڕوونبوونەوە کە پێشتر بە درۆی شیرین پەردەپۆشکرابوون.

جۆرج بووش ئەوکات ڕایگەیاند، “ئاراستەی تیرۆریستان فەرمانکردنە بە کوشتنی مەسیحی و جولەکەکان و هەموو ئەمریکییەکان و هیچ جیاوازییەکیش ناکەن لەنێوان هاووڵاتی مەدەنی و سەربازاندا، لەناویشیاندا ژن و منداڵان. ئەم گروپە کە سەرکردەکەیان ناوی ئوسامە بنلادنە، پەیوەندیی بە چەندین ڕێکخراوەوە لە چەندین وڵات هەیە، لەناویاندا جیهادییە ئیسلامییەکانی میسر و بزوتنەوەی ئیسلامی ئوزبەکستان.” وەک لە لێدوانەکەی بووشدا دیارە، کە دەڵێت “تیرۆریستان مەسیحی و جولەکەکان دەکوژن” و باسی “کوشتنی موسڵمانان”ی نەکردووە، دەردەکەوێت کە بە ناڕاستەوخۆ بووش موسڵمانان بە تیرۆریست ناودەبات. هەروەها جۆرج دەبلیو بووش ئەوکات وتی، “هەزاران تیرۆریستی لەم جۆرە لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتدا بوونیان هەیە.”

لە دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەریشەوە، میدیاکانی جیهان بە شێوەیەکی زۆر نابەرپرسانە دەستیان بە هێرشکردنە سەر ئیسلام کرد و بە شێوەیەکی شێوێنراو و بەو شێوەیەی کە خۆیان و خاوەنەکانیان ویستیان لێبوو، وێنەی ئیسلامیان دەکێشا و دەیانئاخنی و دەیئاخننە مێشکی بینەر و بیسەر و خوێنەرەکانیان.

لەوکاتەوە، هەر ڕووداوێکی کوشتن لە هەرکوێیەک ڕووبدات و بکەرەکەی هەڵگری ناوێکی ئیسلامی بێت یاخود خەڵکی وڵاتێکی زۆرینە موسڵمان بێت، ئەوا بەبێ یەک و دوو ڕاستەوخۆ وەکو “تیرۆریست” ناوبراوە، کەچی مرۆڤێکی تر کە هەر هاوشێوەی ئەو مرۆڤەی کە هەڵگری ناوێکی ئیسلامی یاخود خەڵکی وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە کردەی کوشتنی گەورەتریشی ئەنجامداوە و بە چەندین شێوە بیانوویان بۆ هێناوەتەوە و لە ناوهێنانی بە “تیرۆریست” خۆیانیان پاراستووە، لەوانە “نەخۆشیی دەروونیی هەبووە، کێشەی کۆمەڵایەتیی هەبووە، تاوانێکی ڕق و کینەیە، کردەیەکی ناپەسەندە و هتد.”

ئەگەر لە سەردەمی جۆرج بووشەوە بێین و باسی ئێستا و سەردەمی ئاشکرابوونی ڕووی ڕاستەقینەی دەموچاوی سەرۆک و سیاسییەکانی ئەمریکا بکەین، ئەوا ترەمپ و بەرپرسەکانی ئیدارەکەی باشترین نمونەن کە سوپایەکی دژ بە ئیسلامن و بە ئاشکراش ئەوەیان ڕاگەیاندووە.

دۆناڵد ترەمپ دوای هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکی ئەمریکا زەنگێکی گەورەی لێدا و هەر لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنیەوە ڕووی ڕاستەقینەی خۆی و حکومەتی ئەمریکای دژ بە ئیسلام و موسڵمانان دەرخست، ئەم کارانەیشی بەناوی دژایەتی داعشەوە ڕەوایەتی پێدا.

لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا ترەمپ داوای قەدەغەکردنی کۆچبەرانی موسڵمانی کرد و بەڵێنی قەدەغەکردنیشیانی دا و دواتریش قەدەغەی ژمارەیەک وڵاتی زۆرینە موسڵـمانی کرد.

جگە لەمە و هەر لەکاتی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا بوو کە دۆناڵد ترەمپ کاندیدی ئەوکات بۆ سەرۆکایەتی و سەرۆکی ئێستای ئەمریکای بەناو دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانی و پێکەوەژیان و هەمەچەشنەیی ڕایگەیاند کە “ئیسلام ڕقی لە ئێمەیە (ئێمەی ئەمریکی)”.

دوای بوون بە سەرۆکی، دۆناڵد ترەمپ چەند کەسێکی لە چەند پۆستێکی گرنگی ئەمریکادا دانا کە دژایەتی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئیسلام و موسڵمانان دەکەن.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئێستای ئەمریکا کە بۆ جەژن پیرۆزبایی جەژنی لە موسڵمانان کرد یەکێکە لەو کەسانەی کە دژایەتی ئیسلام و موسڵمانان دەکات (چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ). بەگوێرەی ماڵپەڕێ ئێن پی ئاڕ مایک پۆمپیۆ کاتێک بەڕێوەبەری سی ئای ئەی بووە باسی لەوە کردووە کە “لێبوردە نابن” بەرامبەر ئەو بێڕێزییانەی کە بەرامبەر کارمەندانی موسڵمان لە سی ئای ئەی دەکرێت.

پۆمپیۆ پێشتر وتووشیەتی “هەڕەشەی سەر ئەمریکا لەو خەڵکانەوەیە کە بە قوڵی باوەڕیان وایە کە ئیسلام تاکە ڕێگایە و نور و ڕووناکییە و تاکە وەڵامە”.

لەلایەکی ترەوە جۆن بۆڵتۆن هەیە کە ئێستا لەلایەن ترەمپەوە پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێدراوە، کەسێکی دژ بە دینی ئیسلام و موسڵمانانە، لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا وتوویەتی “ئیسلام دینێکی ڕادیکاڵە/توندڕەوە” و بزوتنەوەی ئیخوان موسلیمینیش ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بە درێژایی مێژووی، ئیخوان موسلیمین بزوتنەوەیەکی چەکدار نەبووە و لە بەرامبەردا ئەمریکای بەناو دیموکراسی و ئازادیخواز و ئاشتیخواز بە درێژایی تەمەنی کۆمەڵکوژی ئەنجامداوە و بە ملیۆنان کەسی لە جیهاندا کوشتووە و دەستدرێژی کردووەتە سەر خاک و خەڵکی چەندین وڵات.

پێشتریش مایک فلین ڕاوێژکاری ترەمپ بووە و لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کردووە کە “ئیسلام سەرەتانە و دەبێت ببڕدرێتەوە”.

ئەمانە و چەندین نمونەی تر لەناو حکومەتی پێشوو ئێستای ئەمریکادا بوونی هەیە، کە دەسەڵاتی ڕەهایان هەیە و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دژایەتی ئیسلام و موسڵمانان دەکەن، و هەر کردەوەیەک لەلایەن هەر کەسێکەوە لەژێر ناوی دینی ئیسلامدا بکرێت یان کەسێک کە ناوێکی ئیسلامیی هەبێت و پەیوەندیشی بە ئیسلامەوە نەبێت و کارێکی نەشیاو بکات ئەوا بە “تیرۆریست” ناودەبرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close