جیهانی ئیسلامیمێژوو

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – بەشی دەیەم: چەند وانەیەک

١- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بە مەبەستی قەیلول کردن (سەرخەوشکاندن) بۆ ماڵەو ەگەڕایەوە، لە ڕێگا پیاوێک هاتە ڕێگای و (طومار)ێکی لولدراوی بەدەستەوە بوو، لەوە ترسا کە پاسەوانەکان نەهێڵن قسەی لەگەڵدا بکات ناچار (طومار)ەکەی فڕێدا بۆ عومەر، عومەریش لایکردەوە بۆلای و کێشای بە ڕوومەتیدا و خوێن هاتە خوارەوە. عەبدولمەلیک دەڵێت: بینیم خوێن لە دەم و چاوی دەهاتە خوارەوە و لەبەر خۆرەکە وەستابوو، لەوێدا نەجوڵا تا (طومار)ەکەی خوێندەوە و کارەکەی بۆ جێبەجێ کرد و بەرەڵای کرد.

٢- دەگێڕنەوە پاش ئەوەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بوو بە خەلیفە، بەرەبەیانێک لەگەڵ پاسەوانەکەیدا بەرەو مزگەوت کەوتنە ڕێ و لەڕێگا پیاوێک خەوتبوو، عومەر چاوی پێی نەکەوت و قاچی لێ هەڵکەوت، کابرا بەخەبەرهات و وتی: ئەرێ شێت بوویت؟ عومەریش وتی: نەخێر. پاسەوانەکەی عومەر ویستی لێیبدات، عومەر پێیوت: وازی لێبێنە چی کردووە؟ تەنها پرسیارێکی لێکردم و وتی: تۆ شێتیت؟ منیش وتم: نەء.

٣- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز فەرموویەتی، “ڕازیبوون کەمە و ئارامگرتن پاڵپشتی باوەڕدارە.”

٤- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز فەرموویەتی، “هەرکەسێک بەبێ زانست کردەوەیەک ئەنجامبدات، ئەوە خراپەی لە چاکسازییەکەی زیاتر دەبێت.”

٥- دەگێڕنەوە، پیاوێک هەستا و دەستی بە قسەوتن بە عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کرد و زۆر توڕەی کرد، عومەریش پێیوت: هێی تۆ کابرا، ئایا دەتەوێت کارێکم پێ بکەیت شەیتان لە خشتەم بەرێت و دەسەلاتی خۆمت بەسەردا جێبەجێ بکەم، ئەمڕۆ و سبەینێش -ڕۆژی قیامەت- تۆ وام لێبکەیتەوە؟ دەی بڕۆ خوا لە منیش و لە تۆیش خۆشبێت.

٦- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بۆ گەلەکەی: “من باشترین کەستان نیم، بەڵام بارم لە هەمووتان قورسترە.”

٧- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بۆ ئەبوبەکری کوڕی حەزم: “نوکی قەڵەمەکەت باریک بکەرەوە -واتە ورد بنووسە- و دێڕەکانیشت لەیەکتری نزیکبکەرەوە -واتە دێڕ مەپەڕێنە- چونکە من زۆرم پێناخۆشە سامانی موسڵمانان بەفیڕۆ و بێ هودە خەرجبکرێت.”

٨- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بە کاربەدەستەکانی وتبوو: “شوێنی حەوانەوەی زۆر دروستبکەن لە ناوچەکانتاندا، هەر ڕێبوارێک بەناوتاندا تێپەڕدەبێ شەو و ڕۆژێک میواندارییان بکەن و خزمەتی وڵاخەکانیان بکەن، ئەگەر نەخۆشیان هەبوو ئەوە دوو ڕۆژ و دوو شەو خزمەتیان بکەن، ئەگەر پارەشیان لێ بڕا ئەوەندەی پێ بدەن کە بگاتەوە ناوچەکەی خۆی.”

٩- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بۆ جەڕاحی کوڕی عەبدوڵڵا – ئەمیری خۆراسان: ئەی کوڕی دایکی جەڕاح، هەرگیز قامچی نەدەیت لە موسڵمانێک یان کەسێکی (اهل الذمة)، مەگەر بە حەقی خۆی، ئاگات لە تۆڵە بێت، چونکە تۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ لای کەسێک کە ئاگای لە ناپاکی چاوەکان و نهێنی دڵەکان هەیە، نامەیەکت دەدەنە دەست (لە قیامەت) کە بچووکترین تا گەورەترین گوناهی نەپەڕاندووە و هەموویت لەسەر تۆماردەکرێت، لەگەڵ (اهل الذمة)دا زۆر بە ویژدانبە و فەرمان دەربکە کەس دەستدرێژییان بۆ نەکات و سوژدەگایان تێکنەدەن.

١٠- جارێکیان عومەری کوڕی عەبدولعەزیز دای بەلای پیاوێکدا کە کۆمەڵێک وردە چەوی بەدەستەوەبوو، یاریی بە وردە بەردەکان دەکرد و بەدەم یارییەکەوە دەیوت: پەروەردگارم حۆریم پێبدە لە بەهەشتدا، عومەریش وتی: بەخوا ژن خواستن وا نابێت و ژن خوازێکی خراپی، بەڵکو بەردەکان فڕێبدە و لایبە و بە دڵسۆزانە دوعاکانت دەربڕە. عومەر لەوێدا ئوسلوب و شێوازی دوعاکردنی فێری ئەو پیاوە کردووە.

١١- زەمین لەرزەیەک لە شام ڕوویدا و عومەری کوڕی عەبدولعەزیز نامەی نووسی بۆ ناوچەکە و فەرمووی: “زەمین لەرزە شتێکە کە ڕوودەدات خوای گەورە لە بەندەکانی زوویر بووە.”
عومەر نامەی نارد بۆ هەرێمەکان و پێیوتن: “لە ڕۆژی ئەوەندە و لە مانگی ئەوەندەدا لە ماڵ دەربچن، هەرکەسێ هەرچیی هەیە با خێرێکی لێ بکات، وەک ئادەم بڵێن (ربنا ظلمنا انفسنا وإن لم تغفر لنا وترحمنا لنکونن من الخسرین – الاعراف ٢٣). بۆیە عومەر فەرمانی دا بەسەر هەموو ئوممەتدا لەپاش ڕوودانی زەمین لەرزەکە، کە بگەڕێنەوە بۆ لای خوا و لێی بپاڕێنەوە و خێر بکەن و داوای لێخۆشبوون بکەن و لە ماڵ دەربچن بەرەو شوێنی نوێژ و مزگەوتەکان.”

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی سێیەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی چوارەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی پێنجەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی شەشەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی حەوتەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی هەشتەم

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی بەشی نۆیەم

(خەلیفەی نوێخواز و چاکساز عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – عەلی محمد الصلابی)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close