جیهانی ئیسلامیدونیا

وەزیری دەرەوەی سعودییە: داواکردنی گۆڕینی موحەمەد بن سەلمان هێڵی سوورە

عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودییە ڕایگەیاند، ڕووداوی کوشتنی جەمال خاشقچی “جێگای داخە” و ئەو دەنگوباسانەیش لەبارەی بەرپرسیارێتی موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە لە ڕووداوەکەوە هەن و شازادە بە بەرپرسیار دەزانن، هەروەها ئەو دەنگوباسانەش کە باسی وەرگرتنەوەی پۆستی شازادەی جێنشین لە شازادە دەکەن “قێزەونن”.

عادل جوبێر جەختی لەوە کردووەتەوە کە تێوەگلاندنی موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە لە کەیسی کوشتنی خاشقچی و خستنە ئەستۆی “هێڵی سوورە”.

جوبێر لە درێژەی لێدوانەکەیدا لەوبارەیەوە وتوویەتی، “ڕێگە بە تاوتوێکردنی هیچ شتێکی نائومێدکارانە نادەین بەرامبەر تەختی شاهانەکەمان یاخود شازادەی جێنشینەکەمان.”

جوبێر وتووشیەتی، “ئێمە ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە حکومەتی سعودییە لەم کەیسەدا بەشداریی نەکردووە و شازادەی جێنشینیش بە هیچ شێوەیەک تیایدا بەشدار نەبووە.”

لەبارەی ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرزیشەوە کە چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا لە زاری سەرچاوەکانی ناو کۆشکی شاهانەی سعودییە باسی لەوە کرد کە هەوڵێک بۆ لابردنی موحەمەد بن سەلمان لە پۆستی شازادەی جێنشین هەیە، جوبێر وتوویەتی، “ئەم قسە و لێدوانانەی کە کراون و دراون پڕوپوچ و قێزەونن و بەتەواوی جێگای قبوڵ نییە و، شانشینی سعودییە بەتەواوی پابەندی سەرکردایەتییەکەی دەبێت.”

وەزیری دەرەوەی سعودییە وتووشیەتی، “شازادەی جێنشین (موحەمەد بن سەلمان) متمانەی هەموو لایەکی بەدەستهێناوە، لەناویشیاندا متمانەی شا سەلمان. شازادەی جێنشین ئەندازیار و بەڕێوەبەری پرۆگرامی چاکسازییە لە سعودییە و خاوەنی دیدگای ٢٠٣٠یە.”

لەلایەکی تریشەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە ئەوان بەرپرسیارێتی هەواڵەکەیان هەڵدەگرن کە بڵاویانکردووەتەوە.

هاوکات ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، “سی ئای ئەی نەگەیشتووە بەوەی کە شازادەی جێنشین فەرمانی کوشتنی خاشقچی دەرکردبێت.”

ترەمپ ڕایشیگەیاند، “سی ئای ئەی هەستەکانیان وابووە کە شازادە فەرمانی کوشتنی خاشقچی دەرکردووە، بەڵام بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەوەی یەکلانەکردووەتەوە.”

ترەمپ وتیشی، “لەوانەیە پێویست بکات کە جیهان لە کوشتنی خاشقچی بەرپرسیارکرێت، چونکە جیهان شوێنێکی زۆر زۆر خراپە.”

بەگوێرەی لیستی ناوی کەسە بانگهێشتکراوەکانیش بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی جی ٢٠، موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە بەشداردەبێت لە لوتکەی جی ٢٠ لە ئەرجەنتین، هاوکات سەرچاوەکان باس لەوەش دەکەن ترەمپ چاوی بە شازادەی سعودییە دەکەوێت.

میدیاکانی تورکیاش باسیان لەوە کردووە، پێدەچێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش چاوی بە شازادەی سعودییە بکەوێت.

جەمال خاشقچی لە ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ کاتژمێر یەکی دوا نیوەڕۆ چووە ناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ و دواتر نەهاتە دەرەوە، پاش چەند ڕۆژێک دەنگۆی کوژرانی لەناو کونسوڵخانە بڵاوکرایەوە، بەڵام سعودییە ڕەتیکردەوە کە خاشقچی لەناو کونسوڵخانەکە مابێتەوە و ڕایگەیاند کە کونسوڵخانەی جێهێشتووە، دوای ١٨ ڕۆژ لە کوژرانی دواجار لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ سعودییە بە فەرمی دانی نا بە کوشتنی جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستانبوڵ، بەڵام دواتر سیناریۆی سەیر لەبارەی هۆکاری کوژرانییەوە گێڕدرایەوە، یەکەمیان ئەوەبوو کە خاشقچی و کارمەندانی کونسوڵخانە بووە بە دەمەقاڵەیان و شەڕ دروستبووە و خاشقچی بەوهۆیەوە کوژراوە، دووەمیان ئەوە بوو کە خاشقچی دەنگی بەرزکردووەتەوە و کارمەندێکی کونسوڵخانەش دەستی خستووەتە سەر دەمی و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، سێیەم و دواین گێڕانەوە ئەوەبوو کە دەرزیی بێهۆشیی لێدراوە و دواتر کوژراوە و پارچەپارچە کراوە، بەڵام تا ئیستاش شوێنی تەرمەکەی خاشقچی نادیارە و دەوترێت دوای پارچەپارچەکردنی، پارچەکانی جەستەی خاشقچی براوەتە دەرەوەی سعودییە و هەندێک سەرچاوە دەڵێن کە سەری خاشقچی براوەتەوە بۆ ڕیازی پایتەختی سعودییە.

هەندێک لە میدیاکان و میدیاکاران ڕووداوی کوشتنی خاشقچی وەکو ١١ی سێپتەمبەر لێکدەدەنەوە، بەڵام ئەمجارە ئوسامە بنلادنێک (وەک وترا ئوسامە بنلادن بکەری ڕووداوی ١١ی سێپتەمبەر بووە) ئەو کارەی نەکرد، بەڵکو پەنجەکانی تۆمەت هەمووی بە ئاراستەی شازادەی جێنشینی سعودییە و خانەوادەی سعودییەن، میدیاکان و میدیاکارانی جیهانیش تەختی شاهانەی سعودییەیان هێناوەتە لەرزە و هەموو ئەگەرەکان بەو ئاراستەیەن کە شازادە پۆستەکەی لەدەستدەدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەگەڵ زیاتر قوڵبوونەوەی کەیسی کوشتنی جەمال خاشقچی و گەشەسەندنی فشارەکان بۆسەر موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە، زۆر لە ئەندامانی خانەوادەی شاهانە پرسیار لە چارەنووسی تاجی شاهانە دەکەن.

ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز لە لەندەنەوە گەڕایەوە بۆ سعودییە، کە تاکە برای شا سەلمان بن عەبدولعەزیزە (لە دایک و باوکەوە)، دەشگوترێت کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانی شاهانەوە پاڵپشتیدەکرێت بۆ بوون بە شازادەی جێنشین و بۆ جێگرتنەوەی شازادە موحەمەد بن سەلمان.

بەگوێرەی سێ سەرچاوەی نزیک لە دادگای شاهانە، کە قسەیان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز کردووە، کوشتنی جەمال خاشقچی و کاردانەوەی نێودەوڵەتی زیانی بە ناوبانگی خانەوادەی شاهانەی سعودییە گەیاندووە و هەندێکیان وای دەبینن کە موحەمەد بن سەلمان پۆستەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و کۆتایی بە موحەمەد بن سەلمان هاتووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەناو خێزانی ئال سعوددا زۆر لایەن هەن کە دەیانەوێت شازادەی جێنشین بگۆڕن، بەڵام دەزانن کە شا سەلمان ڕێگە بەوە نادات کوڕەکەی لاببرێت.

میدیاکان باس لەوەش دەکەن، زۆر لە ئەندامانی خێزانی شاهانە چاوەڕێی مردنی شا سەلمان دەکەن و بەوەش جێگرتنەوەی شا بە کەسێکی تر بەدەر لە شازادە موحەمەد بن سەلمان خێراتر دەبێت؛ زۆرترین ئەگەرەکانیش ئەوەیە کە ئەحمەد بن عەبدولعەزیزی برای جێگای بگرێتەوە.

شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز کێیە؟

ئەحمەد بن عەبدولعەزیز بچووکترین برای شا سەلمانە و لەگەڵ شازادە موقرین بن عەبدولعەزیز، تەنها سێ کوڕی زیندووی یەکەم شای سعودییەن (شا عەبدولعەزیز بن سعود). ئەحمەد بن عەبدولعەزیز تاکە برای شا سەلمانیشە (لە دایک و باوکەوە).

شازادە ئەحمەد تەمەنی ٧٥ ساڵە و باوەڕ وایە کە پاڵپشتیی ڕێکخراوە ئەمنییە جیاجیاکان و چەندین ئەندامی خێزانی شاهانە و هەندێک هاوپەیمانی ڕۆژئاوایشی هەبێت.

یەکەم پۆستی لە هەرێمی مەککە لەنیوان ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٧٥ وەرگرتووە و بووە بە جێگری پارێزگاری مەککە، کە ئەوکاتە شا فەیسەڵ (١٩٦٤-١٩٧٥) شای سعودییە بووە، کە لە ساڵی ١٩٧٥دا لەلایەن برازایەکییەوە کوژرا.

دواتر ئەحمەد بن عەبدولعەزیز لەلایەن شا خالید بن عەبدولعەزیزەوە بۆ جێگریی سەرۆک وەزیران دیاریکرا، کە لەو پۆستەدا بۆ ماوەی سێ دەیە و تا ساڵی ٢٠١٢ بەردەوام بووە.

ئەحمەد بن عەبدولعەزیز لەژێر دەسەڵاتی سێ شای سعودییەدا جێگریی سەرۆک وەزیران بووە کە بریتین لە هەریەکە لە (شا خالید (١٩٧٥-١٩٨٢)، شا فەهد (١٩٨٢-٢٠٠٥) و شا عەبدوڵا (٢٠٠٥-٢٠١٥).

شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز لە ساڵی ٢٠١٢دا کرا بە وەزیری ناوخۆی سعودییە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٥دا لەلایەن شا سەلمانەوە موحەمەد بن نایف (برازای شا سەلمان) وەکو شازادەی جێنشینی نوێ دیاریکرا، تا ساڵی ٢٠١٧ موحەمەد بن نایف پۆستی شازادەی جێنشینی هەبووە، لە ٢٠١٧ش لەلایەن موحەمەد بن سەلمانەوە پۆستی شازادەی سعودییەی لێ سەنرایەوە و هەموو پۆست و دەسەڵاتەکانیشی لێ سەنرایەوە.

ئەحمەد بن عەبدولعەزیز پێش لەدایکبوونی موحەمەد بن سەلمان لە ساڵی ١٩٨٥دا پۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی وەرگرتووە. بەرپرسیارێتییەکانی لە بوارە ئەمنیی و چاکسازییەکانی ناوخۆدا هەمەچەشنەن.

ئەحمەد بن عەبدولعەزیز سەرۆکایەتی یەکەم هێزی تایبەتی کردووە کە بۆ پاراستنی مزگەوتی حەرام لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە، کە لەو ساڵەدا دووەم هەوڵ بۆ کۆنترۆڵکردنی مزگەوتەکە هەبووە.

ئەم شازادەیە خۆی دانی بەوەدا ناوە کە خێزانی شاهانە هەرێمەکەیان بۆ چەندین دەیەیە پشتگوێخستووە و پرۆگرامگەلێکی وەبەرهێنان و بونیادنانی لە پارێزگاکانی سعودییەدا هەبووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٤، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز بەوە ناسراوە کە لە بواری ئاسایشی گشتیدا پارەی زۆر و زەوەند خەرجدەکات، بەڵام هیچ تۆمەتێکی گەندەڵیی لەسەر نییە و ئەگەر هەشبێت کەمە.

تۆمارەکانی خزمەتکردنی گشتیی لە سعودییە و نەسەبەکەی لە خێزانی شاهانەی سعودییە و پاڵپشتیی ناوخۆیی ناو خێزانی شاهانە و پاڵپشتیی هێزە نێودەوڵەتییەکان لەم شازادەیە، زیاتر جەخت لە ئەگەری بوون بە شازادەی جێنشینی سعودییە و جێگرتنەوەی موحەمەد بن سەلمان و بوون بە شای داهاتووی سعودییە دەکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close