جیهانی ئیسلامیمێژوو

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – بەشی نۆیەم: چەند وانەیەک

١- جارێکیان پیاوێک دێتە خزمەتی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و لەوکاتەدا مەقەڵییەکی لەبەردەمدا بوو، عومەریش پێێوت: ئامۆژگاریم بکە؟ ئەویش وتی: ئەی ئەمیری باوەڕداران سوودی چییە بۆ تۆ ئەگەر هەموو خەڵکی بخرێنە ناو بەهەشتەوە، ئەگەر تۆ بخرێیتە ناو ئاگرەوە؟ یان زیانێکی هەیە بۆ تۆ ئەگەر هەموو خەڵکی بخرێنە ناو ئاگری دۆزەخ، ئەگەر تۆ لەناو بەهەشت بیت؟
دەڵێت، عومەر ئەوەندە گریا تا بە تکەی فرمێسکەکانی مەقەڵییەکەی کوژراندەوە.
وەلی ئەمرەکانی ئێستا لەجیاتی مەقەڵی بە فرمێسک بکوژێننەوە (فرمێسک بۆ خوا)، شار و وڵات بە باررووت و بە خەڵک و خاکەوە دەسوتێنن.

٢- پێناسەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی بۆ (ڕۆژی قیامەت):
“دووچاربوون بە دواڕۆژێکەوە ئەگەر ئەستێرەکان دووچاری بوونایە هەموو دەکەوتنە خوارەوە، ئەگەر کێوەکان دووچاری بوونایە دەتوانەوە، ئەگەر زەوییش دووچاری ببوایە لەت و پەت دەبوو، ئایا نازانن لەنێوان بەهەشت و دۆزەخدا ماڵێکی تر نییە، ئێوە هەر دەبێت بەرەو لای یەکێکیان بڕۆن.”

٣- وەک دەگێڕنەوە لە ساعی کوڕی زیاد، مەسرەفی ماڵ و مناڵەکەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لەوکاتەی کە خەلافەتی بەدەستەوەبووە تەنیا دوو دەرهەم بووە.

٤- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کاتێک چووە سەر حوکم ٤٠٠ هەزار دیناری هەبووە، بەڵام کاتێک وەفاتی کرد تەنیا ٤٠٠ دیناری لێ بەجێما و خۆ ئەگەر تەمەنی درێژتر بوایە ئەو بڕەش کەمی دەکرد، بە درێژایی ژیانیشی مووچەی لە (بیت المال) وەرنەگرتووە.

٥- شەوێکیان کۆمەڵێک کەس لەلای عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بوون بۆ کارێک، لەوکاتەدا چراکەی کوژرایەوە، خۆی هەستا و ڕۆیشت چاکی بکاتەوە، پێیانوت: ئەی ئەمیری باوەڕداران بۆ بە ئێمە ناڵێیت بۆت چاکبکەینەوە؟ عومەر وتی: دەی من چیم زەرەر کرد. ڕۆیشتم هەر عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بووم و هاتیشمەوە هەر عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بووم.

٦- جارێکیان عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی بە خزمەتکارێکیی وت: کەمێ باوەشێنم بکە. ئەویش باوەشێنی هێنا و دەستیکرد بە باوەشێنکردنی، بەم باوەشێنکردنە چاوەکانی چوونە خەو، عومەر بەئاگا هاتەوە و بینی وا خزمەتکارەکەی دەم و چاوی سوور هەڵگەڕاوە و ئارەقێکی زۆری کردووە و خەوی لێکەوتووە، ئەویش (عومەر) باوەشێنەکەی هەڵگرت و دەستیکرد بە باوەشێنکردنی خزمەتکارەکەی، خزمەتکارەکەیشی بەخەبەر هاتەوە و دەستی گرت بە تەوقی سەریەوە و هاواریکرد! عومەریش پێیوت: ئێ چی بووە؟! تۆش وەکو من مرۆڤیت، وەک منیش گەرمات دەبێت، حەزمکرد کەمێ باوەشێنت بکەم، وەک چۆن تۆ منت باوەشێنکرد.

٧- پیاوێک هاتە لای عومەری کوڕی عەبدولعەزیز و پێیوت: خوا پاداشتی خێرت بداتەوە لەباتی ئیسلام.
عومەریش وتی: بەڵکو خوا پاداشتی خێری ئیسلام بداتەوە لەباتی من.

٨- پیاوێکی تریش هاتە خزمەتی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز، ئەویش لەناو کۆمەڵێک کەسدا دانیشتبوو، وتی: سەلامت لەسەربێت ئەی ئەمیری باوەڕداران.
عومەریش وتی: با سڵاوەکەت گشتی بێت و هەمووان بگرێتەوە.

٩- ڕۆژێک عومەری کوڕی عەبدولعەزیزی زۆر حەزی لە هەنگوین کرد و داوای لە خێزانی کرد کە هەنگوینی بۆ بهێنێ، بەڵام هەنگوینیان نەبوو، پاش کەمێک هەنگوینیان بۆ پەیدا کرد زۆر زۆر خۆش بوو لەلای و بە خیزانیی وت: ئەمەتان لە کوێ بوو؟
خێزانی وتی: دوو دینارم دا بە خزمەتکارەکەم و سواری وڵاخی نامەبەر بوو و ڕۆیشت بۆی کڕین.
عومەر سوێندی خوارد، دەبێت ئەو هەنگوینەم بۆ بهێنن، ئەوانیش هیزەکەیان هێنا کە هەنگوینەکەی تێدابوو، ناردی بۆ بازاڕ و فرۆشتیان بە زیاتر لە دوو دینار و دوو دیناری خێزانەکەیی دایەوە و پارە زیادەکەشی خستە خەزێنەی موسڵمانانەوە و وتی: تۆ وڵاخی موسڵمانان بەکاردەهێنیت بۆ حەزێکی عومەر؟!
ئەمە کافییە بۆ ئەو کەسانەی کە ئوتومبێلی حکومی بۆ کاری خۆیان و حەزی خۆیان و سەیر و سەفا و سەیرانی خۆیان بەکاردەهێنن.

١٠- عومەری کوڕی عەبدولعەزیز خزمەتکارێکی هەبوو چەندجارێک لە مەنجەڵێکدا ئاوی گەرمی بۆ دەهێنا و ئەویش دەستنوێژی پێدەگرت، ڕۆژێک بە خزمەتکارەکەی وت: ئەوە ئاو دەبەیت بۆ چێشتخانەی موسڵمانان و بە ئاگری ئەوێ ئەم ئاوەم بۆ گەرم دەکەیت؟ وتی: بەڵێ، خوا چاکت بۆ بکات.
عومەر وتی: هەموو شتێکت لێ تێکداوین، پاشان فەرمانی دا بە موزاحیم کە مەنجەڵەکەی بۆ پڕبکات لە ئاو، پاشان بیخاتە سەر ئاگر و بزانێت چەند داری تێدەچێت و ژمارەی ڕۆژەکانیشی چەند بووە، کە ئەو خزمەتکارە لەوێ ئاوەکەی گەرمکردووە، پاشان بە ئەندازەی ئەو ڕۆژانە داری کڕی و خستییە چێشتخانەی موسڵمانان.

١١- لە عەمری کوڕی موهاجیرەوە دەگێڕنەوە، دەڵێت:
جارێک عومەری کوڕی عەبدولعەزیز زۆر حەزی لە سێو کردووە، دەیوت: ئای کەمێ سێومان هەبووایە، چەند بۆن و تامی خۆشە. پیاوێکی خزمی خۆی سێوێکی بە دیاری بۆ نارد، کاتێک سێوهێنەر گەیشتە لای عومەر پێیوت: چەند بۆنی خۆشە، بەڵام ئەی خزمەتکار لایبە، نایخۆم، بە خزمەکەشم بڵێ: عومەر زۆر سڵاوت لێدەکات و پێتدەڵێت، دیارییەکەت گەیشت زۆر سوپاست دەکەم.
منیش (عەمری کوڕی موهاجیر) وتم: ئەی ئەمیری باوەڕداران، ئەوە ئامۆزای خۆتە و لە بنەماڵەی خۆتانە، خۆ ئاگاداریشیت کە پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) دیاریی وەرگرتووە، بەڵام خێری وەرنەگرتووە.
عومەریش وتی: بێ قەزابی یاخوا، دیاری بۆ پێغەمبەر (ص) دیاریی بووە، بەڵام ئەمڕۆ بۆ ئێمە بەرتیلە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close