جیهانی ئیسلامی

ژمارەی ئەو منداڵانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە دەستی سوپای ئیسرائیل شەهیدکراون بڵاوکرایەوە

بەگوێرەی لقی فەڵەستینی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەرگری لە منداڵان بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٨وە تاوەکو ئێستا سوپای ئیسرائیل ٥٢ منداڵی فەڵەستینیی شەهیدکردووە.

ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ٥٢ منداڵە لە هەریەکە لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە شەهیدکراون و ٤٦یان لە کەرتی غەززە بووە و شەش منداڵیشیان لە کەناری ڕۆژئاوا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە، لەناو ئەو ٥٢ منداڵە شەهیدەدا ١٨ منداڵیان فیشەک بە سەرییانەوە نراوە، نۆ منداڵیشیان فیشەک بە سنگییانەوە نراوە، حەوت منداڵیشیان فیشەک بە سکییانەوە نراوە، پێنجیشیان بە ملیانەوە نراوە و ئەوانی تریش بە شوێنی جیاجیای جەستەیانەوە نراوە، “کە ئەوەش دەریدەخات کە سەربازانی ئیسرائیل بە ئەنقەست تەقەیان لەو شوێنانەی جەستەی قوربانییەکان کردووە بەمەبەستی کوشتنیان.”

بەگوێرەی دۆکیۆمێنت و زانیارییە فەرمییەکان کە لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە هێزەکانی ئیسرائیل و هاووڵاتییانی ئیسرائیل زیاتر لە دوو هەزار و ٧٠ منداڵی فەڵەستینییان کوشتووە.

ئیسرائیل لە هەموو جیهاندا تاکە (وڵاتە) کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی ساڵانە ٥٠٠ بۆ ٧٠٠ منداڵ دەباتە بەردەم دادگا سەربازییەکانی، سەرەڕای ئەمەش بە شێوەیەک دەیانباتە بەردەم ئەو دادگایانە کە سەرەتاییترین مافەکانیان پەیڕەو ناکرێت و دادگایەکی نادادپەروەرانە دەکرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close