جیهانی ئیسلامی

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەپەگە کاتی و تاکتیکی و سەوداگەریین

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە ڕۆژنامەی دەیلی سەباحی ڕاگەیاندووە، “پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە کاتی و تاکتیکی و سەوداگەریین.”

ئەو بەرپرسە کە نەیویستووە ناوی ببرێت وتووشیەتی “جیاوازییەکی بنچینەیی هەیە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەپەگە و تورکیا و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەپەگە کاتی و تاکتیکی و سەوداگەریین و بۆ شەڕی دژی داعشن، بەڵام تورکیا چەندین دەیەیە هاوپەیمانێکی ناتۆمانە و، بە هیچ شێوەیەک بەراوردی نێوان ئەو دوو پەیوەندییە ناکرێت.”

بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “حکومەتی ئەمریکا هەرگیز پاڵپشتیی دەوڵەتۆچکەیەک لەناو سوریادا ناکات و هەرگیز ڕێگەی پێنادات.”

ئەو بەرپرسە لە درێژەی قسەکانیدا وتووشیەتی، “دەستور ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لەسەر بڕیارە زۆر گەورەکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی داوە. ئەوەیشی کە دۆناڵد ترەمپ دەیڵێت، وەک فەرماندەی گشتیی، گرنگە.”

لەبارەی ئۆپراسیۆنی فوراتەوە لە سوریاش بەرپرسە ئەمریکییەکە ڕایگەیاندووە کە تورکیا نیگەرانیی جددی ئەمنیی هەیە و ئەمریکاش ئەوەی بە جددی وەرگرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا و ڕۆژی ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی ١٢ ملیۆن دۆلار پاداشتی دابینکرد بۆ هەرکەسێک کە زانیارییان لەسەر هەر سێ سەرکردەی پەکەکە (موراد قەرەیلان، جەمیل بایک و دوران کاڵکان) پێبدات.

دوای ئەوەی ئەمریکاش ئەو پاداشتەی دیاریکرد، تا ئێستاش هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێ نەکەوتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close