جیهانی ئیسلامیكــوردستان

نەتەوە یەکگرتووەکان: ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو شوێنانە دۆزرانەوە کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ٢٠٠ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو شوێنانە دۆزرانەوە کە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی داعشدا بوون.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بچووکترین گۆڕی بەکۆمەڵ لە موسڵ دۆزراوەتەوە کە هەشت تەرمی تێدابووە و گەورەترینیشیان هەر لە موسڵ دۆزراوەتەوە کە نزیکەی چوار هەزار تەرمی تیادا بووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە “هەروەها داعش کەسانی سەر بە دینە کەمینەکانی وەکو ئێزدی و مەسیحییەکانیشی کردووەتە ئامانج،” بەڵام دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەبارەی ئێزدییەکانەوە قسەی کردووە و ڕایگەیاندووە، “داعش تەنها کوردانی ئێزدی نەکوشتووە، بەڵکو هەزارەها هاوڵاتیی ڕفاندووە، هەروەها هەستاوە بە سوتاندنی گوند و ماڵ و ڕفاندنی هەزاران پیاو و ئافرەت و منداڵی ئێزیدی و ئایینەکانی دیکە،” وەک ئەوەی کە ئاینەکانی تر و بەتایبەتی شوێنکەوتووانی دینی ئیسلام کەمینە بن، لەکاتێکدا زۆرینەی قوربانیانی دەستی داعش موسڵمانان بوون.

هەروەها ديندار زێباری دەڵێت، “حکومەتی هەرێم لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٤دا لیژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە ڕفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخانكردووە بۆ ڕزگارکردنیان و لەو چوارچێوەیەدا توانیویانە سێ هەزار و ٣٣١ کەس ئازاد بکەن،” بەڵام چەندین پێشمەرگە کە شەڕی دژی داعشیان کرد هێشتا بێسەروشوێنن و هیچ نەکراوە لەبارەیانەوە.

دیندار زێباری دەشڵێت، “هێشتا زیاتر لە سێ هەزار لە ئێزیدییە ڕفێندراوەکان ئازاد نەکراون، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕزگارکردنی ئەو ئێزیدییانەی کە تا ئێستا بێسەروشوێنن،” ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێشتا چەندین پێشمەرگە بێسەروشوێنن و لەبارەی پێشمەرگە بێسەروشوێنەکانەوە حکومەتی هەرێم کارێکی ئەوتۆی نەکردووە.

لە شەڕی دژ بە داعشدا و بەگوێرەی ئامارەکان نزیکەی دوو هەزار پێشمەرگە کوژران، هەروەها هەزارانی تر بریندار و کەمئەندام بوون، ئەمە جگە لەوەی کە هەزاران ژن و منداڵی ئەو پێشمەرگە کوژراوانە لە دۆخێکی خراپی داراییدا ژیان بەسەردەبەن، بەڵام حکومەت لەجیاتی باشکردنی بژێوی ژیانیان زیاتر چەوساندوونیەتەوە و مووچەیانی بڕیوە و بەناوی پاشەکەوتەوە پێیان نادات، لەکاتێکدا لە ئێستادا پێشمەرگە پێویستی بە پارەیە نەک بەوەی پارەی بۆ پاشەکەوت بکرێت.

No automatic alt text available.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close