جیهانی ئیسلامیكــوردستان

پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی بە ئەمینداری یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردرایەوە

پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە وەکو ئەمینداری یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردراوەتەوە.

Image may contain: 1 person, beard and text

عەلی محێدین قەرەداغی (ناسراو بە عەلی قەرەداغی) لەدایکبووی ساڵی ١٩٤٩ی ناوچەی قەرەداغی سەر بە پارێزگای سلێمانییە، لە ئێستادا جارێکیتر وەکو ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردراوەتەوە، هاوکاتیش سەرۆکی دەزگای ڕابیتەی ئیسلامیی کوردە لە باشووری کوردستان. پڕۆفیسۆر قەرەداغی لە ساڵی ٢٠٠٨ زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی (لە سلێمانی) کردەوە، جگە لە شارەزایی لە بابەتی ئاینی شارەزای هزری سیاسیی و ئابووریشە.

پڕۆفیسۆر قەرەداغی، بەکالۆریۆسی لە شەریعەتی ئیسلامیی لە شاری بەغدا لە ساڵی ١٩٧٥ بەدەستهێناوە. ماستەری لە فیقهی بەراورد، کە بەشێکە لە فیقهی ئیسلامیی، لە زانکۆی ئەزهەری میسر لە ساڵی ١٩٨٠ بەدەستهێناوە. دکتۆرای لە شەریعەت و یاسا لە زانکۆی ئەزهەری میسر لە ساڵی ١٩٨٥ بەدەستهێناوە. پلەی یاریدەردەی مامۆستای لە ساڵی ١٩٩٠ و پلەی پڕۆفیسۆری لە ساڵی ١٩٩٥ بەدەستهێناوە.

پڕۆفیسۆر عەلی قەرەداغی چەندین کتێبی نوسیوە لەوانە:
١- دیدێكی ئیسلامی نوێ بۆ جیهاد و توندوتیژی‌ و وەلا‌ء و بەرا‌.
٢- کۆ بەرهەمەکانى دکتۆر عەلى قەرەداغى.
٣- چۆن زەکاتى ماڵەکەت دەدەیت؟
٤- ململانێ لەسەر شوناس.
٥- گەشەپێدان و گەندەڵى.
٦- کۆمەڵگە و گەشەپێدان.
٧- ئیسلام و ئیرهاب.
٨- خۆپیشاندانى ئاشتییانە و ڕاپەڕینى جەماوەرى لە ڕوانگەى ئیسلامەوە.
٩- لێکۆڵینەوەى هۆکارەکانى ئاوەدانکردنەوە و زیندووکردنەوەى ماڵە وەقف کراوەکان.

پڕۆفیسۆر چەندین کاری خێرخوازیی لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی زانکۆکەی و ڕابیتەی ئیسلامییەوە ئەنجامداوە و دەستگرۆیی چەندین منداڵی بێناز و دەیان خوێندکاری نەداری کردووە، لەناویاندا دەیان خوێندکاری ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستانی لە زانکۆکەیدا بەبێ بەرامبەر وەرگرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ سەرۆکی نوێی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردرا و بە بەدەستهێنانی ٩٤.٣%ی دەنگەکان ئەحمەد ئەلڕەیسونی بۆ پۆستەکە هەڵبژێردرا.

هاوکات لە کۆی ٣١ ئەندامی ئەمینداریەتی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان، چوار ئەندامیان کوردن کە بریتین لە هەریەکە لە (پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، پڕۆفیسۆر دکتۆر موحسین عەبدولحەمید، دکتۆر سەید ئەحمەد و مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی “کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە”).

دکتۆر سەید ئەحمەد عەبدولوەهاب پێنجوێنی جگە لە هەڵبژاردنی وەکو ئەندامی ئەمیندارییەتی یەکێتییەکە وەکو بەرپرسی نوسینگەی هەرێمی کوردستانی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمانیش هەڵبژێردراوە.

کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە ئیستانبوڵ بە بەشداری زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ زانای موسڵمان بەڕێوەچوو، کە لە ٨٠ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، ئەمەش گەورەترین ژمارەی بەشداریکردنی زانایان بووە لەسەر ئاستی جیهان لە دامەزراندنی یەکێتییەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٤دا.

هاوکات بەشێکی بەرچاو لە زانایانی بەشداری کۆنگرەکە لە کورد پێکهاتبوون، لەوانەش “پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی، دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی، مامۆستا ئەیوب عەلی، دکتۆر عومەر زەڵمی، مامۆستا سەڵاحەدین محمد بەهائەدین، پڕۆفیسۆر دکتۆر موحسین عەبدولحەمید، مامۆستا عەبدولڕەحمان پیرانی ‘خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان’ و چەندین زانای تری کورد.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close