جیهانی ئیسلامی

سەرۆکی نوێی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵمان کێیە؟

دوای ئەوەی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی جیهانیی زانایانی موسڵماندا یوسف قەرزاوی دەستی لە پۆستەکەی هەڵگرت، دکتۆر ئەحمەد ئەلڕەیسونی مەغریبی بە سەرۆکی یەکێتییەکە هەڵبژێردرا.

زانای مەغریبی ئەحمەد ئەلڕەیسونی دوێنێ چوار شەممە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییەکەدا وەکو سەرۆک هەڵبژێردراوە.

ناوی تەواوی ئەحمەد عەبدولسەلام موحەمەد ئەلڕەیسونییە و لە ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی ئەولاد سوڵتان لە پارێزگای ئەلعەرائیش لە باکوری وڵاتی مەغریب لەدایکبووە.

ئەلڕەیسونی هەر لەو گوندە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی تەواوکردووە و دواتر چووەتە شاری فاس و لەوێ و لە ساڵی ١٩٧٨دا لە زانکۆی ئەلقەرەویین بەکالۆریۆسی لە یاسای ئیسلامیدا هێناوە.

ئەلڕەیسونی دواتر لە زانکۆی محمد ئەلخامیس بالرباط بەردەوامی بە خوێندن داوە و لە ساڵی ١٩٨٩دا ماستەری بەدەستهێناوە و سێ ساڵ دواتریش دکتۆرای بەدەستهێناوە.

پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ وەکو جێگری سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی موسڵمان هەڵبژێردرێت، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکێتییەکە بووە.

لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٣ ئەلڕەیسونی سەرۆکی بزوتنەوەی ئەلتەوحید وەلئیسڵاحی مەغریبی بووە.

وەکو ڕاوێژکاری ئەکادیمی لە ئینستیتوتی نێودەوڵەتی هزری ئیسلامی (کە پەیمانگایەکی ئەمریکی بووە) خزمەتی کردووە و ئەندامیش بووە لە دەستەی زانایانی مەغریب، لە ساڵی ٢٠٠٦ وازی لە دەستەکە هێناوە.

ئەلڕەیسونی لە جۆرناڵی زانستی مەعریفەی ئیسلامی خزمەتی کردووە و ئەندامێکی دامەزرێنەری کۆمەڵگای ئیسلامیی مەغریبی بووە و یەکەمین سەرۆکی کۆمەڵگاکەش بووە.

لە ساڵی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٦ سەرۆکی دەستەی داهاتووی ئیسلامی بووە، لە ساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٤ وەکو بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی ئەلتەجدید بووە، کە بە شێوەیەکی ڕۆژانە دەرچووە.

کارە ئەکادیمییەکانی، کە بە گشتی تیشکی لەسەر نوسینەکانی زانای ئیسلامی سونیی ئیمام ئەل شەتیبی بووە لە سەدەی ١٤دا، بۆ ژمارەیەک لە زمانە جیهانییەکان وەرگیڕدراون، لەوانە ئینگلیزی و ئوردو و فارسی و بۆسنەیی.

ئەلڕەیسونی هاوسەرگیریی کردووە و خاوەنی پێنج منداڵە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close