دونیا

دوو ئافرەتی موسڵمان سەرکەوتنیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەستهێنا

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، هەریەکە لە ئیلهان عومەری بە ڕەچەڵەک سۆماڵی و ڕەشیدە تڵەیب بە ڕەچەڵەک فەڵەستینی (کە هەردووکیان موسڵمانن)، توانیویانە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

ئیلهان عومەری تەمەن ٣٧ ساڵ کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی سۆماڵە لە جێنیفەر زیلینسکی ڕکابەرە کۆماریەکەیی بردەوە و لە ناوچەیەکی ویلایەتی مینیسۆتا سەرکەوتنی بەدەستهێنا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.

ئیلهان لە ناوچەکەی خۆی بە بەدەستهێنانی ٢٦٧ هەزار و ٦٩٠ دەنگ و ٧٨.٢٪ی دەنگەکان توانی سەرکەوتن بەسەر زیلینسکی بەدەستبێنێت کە زیلینسکی توانیویەتی تەنیا ٧٤ هەزار و ٤٣٧ دەنگ و ٢١.٨٪ی دەنگەکانی ناوچەکە بەدەستبێنێت.

ئیلهان کە لە دایکبووی مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵە، تەمەنی منداڵی لە کەمپـێکی ئاوارەکان لە کینیا بەسەربردبوو، پاشان لە ساڵی 1995 بە خێزانەوە کۆچیان بۆ ئەمەریکا کردووە، سەرەتا لە ویلایەتی ڤێرجینیا نیشتەجێبوون، دواتر ڕوویان لە ویلایەتی مینیسۆتا کرد. ساڵی 2011 لە زانکۆی نۆرث داکۆتا بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسیـیەکان وەرگرت. ساڵی 2016 بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی مینیسۆتا، بەمەش یەکەم ژنە موسڵمان بوو بچێتە ناو ئەنجومەنی ویلایەتێکی ئەمەریکاوە.

وێنەی ئیلهان عومەر:

 

هاوکات ڕەشیدە تڵەیب بە ڕەچەڵەک فەڵەستینی (وەک میدیاکان دەڵێن، موسڵمانە)، توانی بە بەدەستهێنانی ٩١.٢٪ی دەنگەکان بەسەر سام جۆنسن لە پارتی کۆمارییەکان (پارتەکەی ترەمپ) سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران.

ڕەشیدەی تەمەن 42 ساڵ، لە دایکبووی شاری دیترۆیتی ویلایەتی میشیگنە و بە ڕەچەڵەک خەڵکی کەناری ڕۆژئاوای فەڵەستینیە. ساڵی 2009 بوو بە یەکەم ژنی موسڵمان لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی میشیگن.

ڕەشیدە یەکێکە لە نێوان زیاتر لە 90 موسڵمان کە زۆربەیان دیموکراتن، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتی ئەمساڵ کاندیدکردووە.

وێنەی ڕەشیدە تڵەیب:

 

ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوێنێ هەڵبژاردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەچوو، کۆنگرێس لە هەریەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران پێکدێت، ئەنجومەنی نوێنەران لە ٤٣٥ کورسی و پیرانیش لە ١٠٠ کورسی پێکدێت، پارتی دیموکراتەکان (پارتەکەی باراک ئۆباما) توانییان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا زۆرینەی کورسییەکان بەدەستبهێنن و تا ئێستا ٢٢٢ کورسییان لە کۆی ٤٣٥ کورسییەکە بەدەستهێناوە، هەرچی ئەنجومەنی پیرانیشە پارتی کۆمارییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، بەڵام لێرە بەدوا دیموکراتەکان لەڕێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەتوانن یاساکان تێپەڕێنن، یانیش یاساکان پەسەند نەکەن، بەم شێوەیەش چیتر دۆناڵد ترەمپ ئەو دەسەڵاتەی پێشووی نابێت و ناتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەموو یاساکان تێپەڕێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close