جیهانی ئیسلامیدونیا

هیندستان مزگەوتی تاج مەحەل بەڕووی موسڵماناندا داخرا

حکومەتی هیندستان ئەو مزگەوتەی بەڕووی موسڵماناندا داخست کە لەناو تاج مەحەلدایە و چیتر ڕێگەنادرێت جگە لە نوێژی هەینی هیچ نوێژێکی تری تیادا ئەنجامبدرێت.

ئەو بڕیارە لەلایەن دەزگای ئاماری شوێنەواریی هیندستانەوە ڕۆژی دوو شەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ دراوە و دەزگاکەش ڕایگەیاندووە، بڕیارەکە بە فەرمانی دادگای باڵا لە مانگی تەمووزی ٢٠١٨ دراوە و جێبەجێی دەکەن.

بەگوێرەی بڕیارەکە، دانیشتووانی ناوچەکە دەتوانن تەنیا لە ڕۆژانی هەینیدا و لە نێوان نیوەڕۆ تا ٢ی دوا نیوەڕۆ نوێژ بکەن، پێش ئەم بڕیارەش دانیشتووانی ناوچەکە و هەر موسڵمانێکی هەر شوێنێکی تر دەیانتوانی هەرکاتێک بیانەوێت نوێژ لە مزگەوتەکەدا بکەن.

قوتابییەک کە چووە بۆ نوێژکردن لە مزگەوتەکە بە تایمز ئۆڤ ئیندیای وتووە، “داخستنی دەرگاکانی مزگەوتەکە هیچ لۆژیکی نییە.”

سەید ئیبراهیم حسێن زەیدی سەرۆکی لیژنەی ئینتیزامیەی تاج مەحەل بە هەمان میدیای هیندستانی وتووە، هیچ هۆکارێک بۆ ڕاگرتنی نوێژ لە مزگەوتەکەدا نییە و نوێژکردن لەو مزگەوتەدا عادەتێکی مێژووییە.

زەیدی وتووشیەتی، لە پلانیدا هەیە کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دەزگای ئاماری شوێنەواریی هیندستان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ناریندرا مۆدی سەرۆک وەزیرانی هیندستان و حزبەکەی، حزبی بهاراتیا جەنەتا (بی جەی پی)، لە ساڵی ٢٠١٤وە دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست و لەوکاتەشەوە دژایەتیکردنی موسڵمانان و هێرشکردنە سەریان و کوشتنیان زیادیکردووە.

تاج مەحەل لە نێوان ساڵانی ١٦٣٢ بۆ ١٦٥٣ لەلایەن ئیمپراتۆر شا جەهانەوە دروستکراوە، وەکو دیارییەک بۆ مومتازە مەحەلی هاوسەری، لەناو تاج مەحەلدا مزگەوتێک هەیە کە ناسراوە بە “مزگەوتی تاج مەحەل.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close