جیهانی ئیسلامیدونیا

کوڕەکەی خاشقچی داوای تەرمەکەی باوکی دەکات

سەڵاح جەمال خاشقچی (کوڕی جەمال خاشقچی) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، دەیانەوێت تەرمی باوکیان وەرگرنەوە و لە گۆڕستانی بەقیع لە مەدینە بە خاکی بسپێرن.

سەڵاح جەمال خاشقچی لە چاوپێکەوتنەکەدا وتوویەتی، “ئەوە حاڵەتێکی ئاسایی نییە، بە هیچ شێوەیەک ئەوە کوشتنێکی ئاسایی نییە. هەموو ئەوەی ئێستا دەمانەوێت ناشتنی تەرمەکەیەتی (تەرمی جەمال خاشقچی) لە گۆڕستانی بەقیع لە مەدینە، لەگەڵ ئەندامانی تری خێزانەکەیدا.”

وتووشیەتی، “لەگەڵ دەسەلاتدارانی سعودییە لەوبارەیەوە قسەمکردووە و هیوادارم بەمزوانە (داواکەمان) جێبەجێ ببێت.”

سەڵاح وتیشی، “هێشتاش باوەڕ بەوە ناکەم کە باوکم کوژراوە،” و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو تۆمەتانەش کە لەبارەی ئەندامبوونی باوکییەوە لە ئیخوان موسلیمین هەن ڕاست نیین.

سەڵاح خاشقچی لە ٢٤ی تشرینی یەکەم چاوی بە شا سەلمان و محمد بن سەلمان شازادەی سعودییە کەوت، ڕۆژێک دواتریش سعودییەی جێهێشت و ڕووی لە ئەمریکا (واشنتن) کرد، ئەم چاوپێکەوتنەشی لەگەڵ سی ئێن ئێن یەکەمین لێدوان و دەرکەوتنیەتی لەوکاتەوە.

جەمال خاشقچی کاتژمێر ١ی دوا نیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ و دوای ئەوەی بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوسەرگیرییەکەی چووە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ دیارنەما، لە سەرەتاشدا دەسەڵاتدارانی سعودییە نکۆڵییان لەوە دەکرد کە خاشقچی لە کونسوڵخانە مابێتەوە و ڕایانگەیاند کە کونسوڵخانەکەی جێهێشتووە، بەڵام ١٨ ڕۆژ دواتر و لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ سعودییە دانی بەوەدا نا کە خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە، دواتریش سیناریۆی جیاجیا لەبارەی کوشتنەکەیەوە گێڕدرایەوە بەوەی، هەندێک دەیانوت خاشقچی لەگەڵ کارمەندانی کونسوڵخانە بووە بە دەمەقاڵەی و دواتر کوژراوە، هەندێکیش دەیانوت خاشقچی دەنگی بەرزکردووەتەوە و کارمەندانی کونسوڵخانە دەستیان خستووەتە سەر دەمی و بەوهۆیەشەوە مردووە. سەرەڕای داننانی سعودییە بە کوشتنی خاشقچیدا بەڵام تا ئیستا تەرمەکەی نادیارە و شوێنی تەرمەکەی ئاشکرا نەکراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close