جیهانی ئیسلامی

یوسف قەرزاوی دەستی لە پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتی زانایانی موسڵمان هەڵگرت

ڕۆژی شەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ یوسف ئەلقەرزاوی سەرۆکی یەکێتی زانایانی موسڵمان دەستهەڵگرتنی خۆیی لە پۆستی سەرۆکایەتی یەکێتییەکە ڕاگەیاند.

قەرزاوی لە کۆنگرەی یەکێتی زانایانی موسڵمان لە ئەستەنبوڵ ڕایگەیاند، “واز لە پۆستەکەم دەهێنم بۆ کەسێکی تر،” و ئەمەش دواین جار دەبێت کە سەرۆکایەتی کۆنگرەی یەکێتییەکە بکات.

قەرزاوی ڕایشیگەیاندووە کە ساڵی ڕابردوو بە زانا و کەسایەتیی ئیسلامیی سودانی عیسام ئەلبەشیری ڕاگەیاندووە، لەدوای ئەم کۆنگرەیە بەنیازی وازهێنانە.

قەرزاوی ڕۆژئاوای بەوە تۆمەتبارکردووە کە پیلان دژی تورکیا دەگێڕن بەمەبەستی دواخستنی لە پێشکەوتنەکانی.

سەرۆکی یەکێتی زانایانی موسڵمان وتووشیەتی، “تورکیا ڕووبەڕووی پیلان دەبێتەوە لەلایەن ڕۆژئاوا و لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ناخوازن گەشەکردنی ئەم گەلە ببینن.”

وتیشی، “بەبێ پشتیوانی خودا لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و براکانی، ئەوان (ڕۆژئاوا) لە پیلانەکەنیان سەرکەوتوو دەبوون.”

عەلی ئەرباش سەرۆکی کاروباری ئاینیی تورکیاش ڕایگەیاند، موسڵمانان پێویستە پێکەوە کاربکەن بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر. ئاماژەی بەوەش کرد، موسڵمانان لە جیهاندا بەهۆی جەنگ و هەژاری و تیرۆرەوە بە پرۆسەگەلێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕن.

ئەرباش ئاماژەی بە گرنگیی پێکەوەبوونی زانایانی موسڵمان کردووە بۆئەوەی پاڵپشتیی یەکتری بکەن و هەماهەنگییان هەبێت لە بوارەکانی پەروەردەی دینی و بڵاوکردنەوەی زانیاریی دینی و خزمەتی دینی بۆ ئافرەتان و خانەوادەکان و گەنجان.

سەرۆکی کاروباری ئاینیی تورکیا وتووشیەتی، ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەکو “گروپی تیرۆریستی گولەنییەکان، پەکەکە، داعش، ئەلشەباب و بۆکۆ حەرام زیان بە موسڵمانان و یەکێتی و داهاتوومان دەگەیەنن.”

کۆنگرەکە لە ڕۆژی شەممە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨وە دەستیپێکردووە و بڕیارە تا ڕۆژی پێنج شەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ بەردەوامیی هەبێت و تیایدا زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ زانای موسڵمان لە سەرانسەری جیهانەوە بەشداریی تێدا دەکەن.

هەر لە کۆنگرەکەدا سەرۆکی نوێ و سکرتێری گشتی و جێگرەکانی و ئەندامانی بۆردەکە هەڵدەبژێردرێن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close