كــوردستان

پەرلەمانتارێکی گۆڕان: وه‌زعى داراییم زۆر موتەوازیعە ناتوانم هاوكارى نه‌خۆشخانه‌ى هیوا بكه‌م

مونیرە عوسمان پەرلەمانتاری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان دوای بڕیاری پێدانی ٤٩ ملیۆن دۆلار بە پەرلەمانتاران ڕایگەیاند، وەزعی دارایی زۆر موتەوازیعە و ناتوانێت هاوکاریی نەخۆشخانەی هیوا بکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە پەرلەمانتارانی کوردستان مووچەکانیان بەراورد بە مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی زۆر زیاترە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت “ناتوانێت هاوکاریی نەخۆشخانەی هیوا بکات.”

سەرەڕای ئەمانەش، هەمیشە داوای هاوکاریی لە مزگەوت و موسڵمانان کراوە بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشخانەی هیوا و هاوشێوەکانی و، تەماح کراوەتە ئەو پارەیەی موسڵمانان کە بە پینە و پەڕۆ بۆ حەج و عومرە کۆیدەکەنەوە و ڕۆشنبیرە فشنبیرەکان هەمیشە دەڵێن “باشترە ئەو پارەیە بدەن بە نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا یاخود هەژاران،” وەک لەوەی بچنە حەج و عومرە. هەرچەندە مزگەوت و موسڵمان هیچکات لەم ڕووەوە درێغی نەکردووە، بەڵام چیتر ڕۆشنبیرە فشنبیرەکان و عەلمانییەکانی هاوشێوەی مونیرە عوسمان نابێت ڕووی ئەوەیان هەبێت کە لە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییدا بۆ هەژار و لێقەوماوان بەشداربن، و موسڵمانانیش نابێت چیتر هێندە گەمژەبن کە باوەڕ بە مونیرە عوسمانەکان بکەن.

Image may contain: 1 person, text

 

لەلایەکی ترەوە، ئاری هەرسین کە پێشتر پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، ڕایگەیاندووە، “پەرلەمانتاران وەکو سواڵکەر لە ڕیزدا ناوەستن بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە (٤٩ ملیۆنەکە)، بەڵکو پارەکە دەچێتە سەر هەژمارە بانکییەکان و، منیش پارەکە وەردەگرم و پێویستم پێیەتی.”

ئەم وتانەی ئاری هەرسینیش بەوە لێکدانەوەی بۆ کرا کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مووچەخۆرانی هەرێمی بە “سواڵکەر” ناوبردووە، چونکە مووچەخۆران بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان بە ڕیز لە سەرەدا دەوەستن.

هەروەها حاجی کاروان پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی بە میدیای حیزبەکەیی (سپێدە) ڕاگەیاندووە، ” ئەو ٤٨ ملیۆن دینارەی کە وەک خانەنشینی شەش مانگ پێمان دەبەخشرێت وەریدەگرم، بەڵام دەیخەمە نێو سندوقی خێرخوازی منداڵانی بێ باوكەوە و بەئەركی سەرشانی خۆشمی دەزانم.”

ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ش دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان لە خولی چوارەم، مامۆستا غەریب پێنجوێنی دەیان ژمارەی ڕۆژنامەی “وەقائیعی کوردستان”ی لە کتێبخانەی پەرلەمان وەرگرتبوو بۆ حاکم (دادوەر)ێکی بەڕێز، کە ئەو ڕۆژنامەیە سەرجەم یاسا و بڕیارەکانی پەرلەمانی لەخۆگرتبوو. کەچی کەسانێک هەستان بە بڵاوکردنەوەی ئەوەی گوایە ئەوەی بە باوەشی مامۆستا غەریب پێنجوێنییەوە بووە پارەی وەرگیراوی خانەنشینییەکەیەتی.

ئەبوبەکر هەڵەدنی لەوبارەیەوە نوسیویەتی “کە مرۆڤ داماڵرا لەڕەوشت و ئەخلاق، بەئامانجگرتنی مامۆستای سەربڵند غەریب پێنجوێنی بە نموونە،” نوسیویشیەتی نانەجیبێک پۆستی لەسەر ئەم مامۆستا گەورەیە کردوە و بە دەیان جوێن و سوکایەتی بۆ مامۆستا و مەلا هاتووە بە بالۆرەی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی. دەبێ ئەمانە چ دڕندە و دەغەڵێ بن بێ بنەما سوکایەتی بە بەرامبەر دەکەن؟!”

Image may contain: 1 person, standing and text

Image may contain: text

 

هەر ئەم پۆستەبوو وایکرد، کەسێکی وەکو دکتۆر عەبدولـلەطیف (ناسراو بە عەبدولـلەطیف سەلەفی)، کە بە دژایەتیی توندی بۆ حزب و کەسایەتییە ئیسلامییەکانی کوردستان ناسراوە، ڕایبگەیەنێت کە “وەرگرتنی ٤٨ ملیۆن دینارەکە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە حەرامە.”

عەبدولـلەطیف سەلەفی (کە بەشێک لە خەڵکی بە عەبدولـلەطیف مەدخەلی دەیناسێنن)، هەمیشە دەستەواژەیەک دووبارە دەکاتەوە بەوەی کە دەبێت موسڵمانان “ملکەچی وەلی ئەمرەکەیان بن،” بەڵام ئەم دەستەواژەیە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دۆخی موسڵمانانی جیهانی ئیسلامی بە گشتی و دۆخی موسڵمانانی کوردستان بە تایبەتی بەرەو هەڵدێر و خراپی دەبات، ئاخر دینێک کە بۆ دژایەتی زوڵم هاتبێت، چۆن دەبێت بە یەک دەستەواژە دینەکە ئاوەژوو بکەیتەوە و ڕەوایەتی بە زوڵمی زاڵمانی باڵا بدەیت و چاو لە دەیان دز بپۆشیت و چاوت تەنیا ئەوکاتە ببینێت کە کەسانێکی دەستپاک پارەیەک وەردەگرن کە وەلی ئەمرەکان بڕیاریان لەسەر داوە و ئیمزایان لەسەر کردووە و تاوانی ئەو کەسانە تەنیا ئەوەیە کە پارەکە وەردەگرن و لە کاری خێردا خەرجی دەکەن.

جگە لەمانە، عەبدولـلەطیف سەلەفی هەمیشە حیزبایەتی و هەڵبژاردن و چوونە پەرلەمان بە حەرام ناودەبات، ئەی ئێستا خێرە لەسەرە دەرئەنجامی هەڵبژاردن و پەرلەمانێک قسە دەکات کە پێشتر حەرامی کردووە؟!

بەگوێرەی زانیارییەکان، فوئاد مەعسوم سەرۆکی پێشووی عێراق (کە کوردە)، مووچەی مانگانەی بریتیبووە لە ٧٠ هەزار دۆلار (بە زمانی بازاڕی ٧ دەفتەر دۆلار)، واتە لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا سێ ملیۆن و ٣٦٠ هەزار دۆلاری وەرگرتووە (واتە ٣٣٠ دەفتەر دۆلار و ٦٠ وەرەقە).

لەوەیش سەیرتر، گۆڤاری لڤین لە ٢٠١٠ بڵاویکردەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان مانگانە مووچەکەی ٤٠٠ هەزار دۆلار بووە (بە زمانی بازاڕی واتە ٤٠ دەفتەر دۆلار)، خێرە دکتۆر عەبدولـلەطیف بڕیار لەسەر حەڵاڵی و حەرامی ئەم پارە زەبەلاحانە نادات؟!

ئەمانە و جگە لە دزینی ملیاران دۆلاری نەوت و گومرگەی کە مانگانە لە خەڵکی دەدزرێت و خەڵکیش دۆخی تا بێت خراپتر دەبێت، هەروەها پارەی دەرمان و عەرەق و چەندین شتی هاوشێوەی تر کە کەسانێک دەستیان بەسەردا گرتووە کە دکتۆر عەبدولـلەطیف و شوێنکەوتووانی بە “وەلی ئەمر” ناویان دەبات و ملکەچکردن بۆیان بە “واجب و پەرستش” ناودەبات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close