جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەردۆغان: ئێمە دەزانین فەرمانی کوشتنی خاشقچی لە ئاستێکی باڵای حکومەتی سعودییەوە دەرکراوە

خەریکبوو گۆمی شڵەقاوی پرسی جەمال خاشقچی ئارام دەبووەوە، بەڵام جارێکی تر گۆمەکە شڵەقێنرایەوە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە وتارێکیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی نوسیوویەتی، “ئێمە دەزانین فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی لە ئاستێکی باڵای حکومەتی سعودییەوە دەرکراوە.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە وتارەکەیدا نوسیوویشیەتی، “پێموانییە کە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعودییە، فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی دەرکردبێت،” ئەوەش بە کورتی و پوختی ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە کە ئەردۆغان بە ناڕاستەوخۆ تۆمەتەکە ئاراستەی محمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە دەکات و دەڵێت کە بن سەلمان خاشقچی کوشتووە.

سەرکۆماری تورکیا لە وتارەکەیدا نوسیوویشیەتی، دۆستایەتی وڵاتەکەی لەگەڵ سعوودییە مێژوویەکی درێژی هەیە، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نایەت کە چاوپۆشی لە کوشتنی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی بکەن و دەڵێت، “دۆستایەتی ئێمە لەگەڵ سعوودیە مێژوویەکی درێژی ھەیە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە ئێمە چاوپۆشی لەو تاوانە پیلان بۆ داڕێژراوە بکەین کە لە پێش چاومان ئەنجامدراوە”.

ئەردۆغان لە وتارەکەیدا دەشڵێت، “لە ئەنجامی ھەوڵەکانی ئێمە گشت جیھان ئەوەی زانی کە جەمال خاشقچی لەلایەن تیمێکی کوشتنەوە کوژراوە.”

ئەردۆغان ھەر لەبارەی بکوژانی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی نوسیوویەتی، “دەزانین ئەوانەی کە تاوانی کوشتنەکەیان ئەنجامداوە لە نێو ئەو ١٨ گومانلێکراوانەدان کە لە سعوودییە دەستبەسەر کراون.”

سەرۆکی تورکیا راشیگەیاندووە، “ئەستەمە باوەڕ بەوە بکەم کە فەرمانی کوشتنی خاشقچی لەلایەن شای سعوودییە، سەلمان بن عەبدولعەزیزەوە درابێت”.

لەبارەی چارەنووسی تەرمی خاشقچیشەوە ڕایگەیاندووە، “یەک مانگ بەسەر کوشتنی خاشقچی تێپەڕی، ھەر لانیکەم مافی ئەوەی ھەبوو کە لەسەر بنەماکانی ئیسلام بنێژرێت.”

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کردووە کە وڵاتەکەی باش دەزانێت کە فەرمانی کوشتنی جەمال خاشقچی لە بەرزترین ئاستی حکوومەتی سعوودییەوە ھاتووە.

لەبارەی بوونی بەڵگە لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی، ئەردۆغان ئاشکرای کردووە، ئەو بەڵگانەی کە لەژێر دەستی ئەواندایە، بە گشت وڵاتانی دۆست و ھاوپەیمانیان ڕاگەیاندووە بەتایبەتی ئەمریکا.

ئەردۆغان تیشکی خستووەتە سەر ئەوە کە لە ئەنجامی ھەوڵەکانیان گشت جیھان ئەوەی زانیوە کە جەمال خاشقچی لەلایەن تیمێکی کوشتنەوە کوژراوە.

سەرک کۆماری تورکیا ھۆشداری لەبارەی دووبارەنەکردنەوەی ڕووداوێکی لەم جۆرەی داوە و ڕایگەیاندووە، “نابێ ئیتر ھیچ کەسێک بوێریی ئەوە نیشانبدات کە جارێکی دیکە تاوانێکی لەم شێوەیە لە خاکی وڵاتێکی ھاوپەیمانی ناتۆ ئەنجامبدات. بە پێچەوانەوە ئەنجامی زۆر جددی لێ دەکەوێتەوە.”

ئەردۆغان لە نوسینەکەیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست، ڕەخنەی لە پەردەپۆشکردنی رووداوی کوشتنی خاشقچی لەلایەن بەرپرسانی سعووییەوە گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە، “جێگەی داخە کە بەرپرسانی سعوودییە لەبری ئەوەی خزمەت بە دادپەوەری بکەن، ھەوڵی پەردەپۆشکردنی ئەو تاوانە پیلان بۆ داڕێژراوە دەدەن کە تیایدا خاشقچی بووە قوربانی.”

ئەردۆغان ڕاشیگەیاندووە، “لە پرسی کوشتنی خاشقچی، ناچارین ئەنجامدەران دیاریبکەین و ئاشکرای بکەین کە بەرپرسانی سعوودی متمانەیان بە کێ کردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە.”

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکیش کە لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، چەند ڕۆژ بەر لە کوژرانی جەمال خاشقچی، شازادەی سعودییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە جارید کوشنەری زاوای ترەمپی وتووە، خاشقچی “ئیسلامییەکی ترسناک و ئەندامێکی ئیخوان موسلیمینە”.

لەلایەکی ترەوە، محمد بن سەلمان شازادەی سعودییەی عەرەبی لەگەڵ مەسیحییە ئەمریکییەکان و لایەنگرانی ئیسرائیلدا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لە کۆشکی پاشایەتی سعودییە کۆبوونەوەی ئەنجامداوە و، لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە کرانەوەی زیاتری سعودییە بەڕووی جیهاندا کردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close