دونیا

ڕاپرسییەک: یەک لەسەر سێی بەریتانییەکان ڕێگری لە منداڵەکانیان دەکەن لە چوونیان بۆ مزگەوت

گۆڤاری تایمی بەریتانی بە پشتبەستن بە ڕاپرسییەکی دەزگای (کۆمڕێس) بڵاویکردووەتەوە، یەک لەسەر سێی بەریتانییەکان ڕێگریی لە منداڵەکانیان دەکەن لە چوونیان بۆ مزگەوت.

گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو لەسەر پێنجی دانیشتووانی بەریتانیا نیگەران دەبن لەوەی مزگەوتێک لە نزیکیانەوە بونیاد بنرێت یاخود ئەندامی خێزانێک هاوسەرگیریی لەگەڵ موسڵمانێک بکات.

گۆڤارە بەریتانییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی بەریتانیاش نیگەران دەبن کاتێک خێزانێکی موسڵمان دەبن بە دراوسێیان و، سێ لەسەر دەی دانیشتووانیش بەرهەڵستیی منداڵەکانیان دەکەن لە سەردانیکردنی مزگەوت.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەگەر دایک و باوکێکی موسڵمان بە سادەترین شێوە لە منداڵەکانیان توڕە ببن و منداڵەکانیشیان بە سادەترین شێوە بە پۆلیس یاخود مامۆستاکانیان بڵێن کە دایک و باوکیان لێیان توڕە بوون، سزای دایک و باوکە موسڵمانەکە دەدرێت، تەنانەت لەوانەیە کار بگاتە ئەوەی کە منداڵەکە لە دایک و باوکە موسڵمانەکە بسەنرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، بە نزیکەیی سێ لەسەر پێنجی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٥٨٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) پێیانوایە کە ئیسلامۆفۆبیا لە کۆمەڵگادا کێشەیەکی ڕاستەقینەیە لەمڕۆدا، نزیکەی یەک لەسەر چواری کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٢٣٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) ئەوە ڕەتدەکەنەوە کە ئیسلامۆفۆبیا کێشەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا بێت.

نزیکەی نیوەی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٤٨٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) پێیانوایە کە بڕیاردانی پێشوەختە دژ بە ئیسلام وادەکات کە موسڵمانبوون لە بەریتانیا قورس بێت.

نزیکەی نۆ لەسەر دەی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٨٩٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) پێیانوایە کە موسڵمانان دەبێت هەمیشە ملکەچی یاساکانی بەریتانیا بن، ٦٣٪یشیان بە توندی لەگەڵ ئەمەدان.

نزیکەی نیوەی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٤٧٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) دەڵێن، بەریتانیا هاوسۆزیی بۆ موسڵمانان کەمبووەتەوە.

نزیکەی نیوەی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٤٨٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) دەڵێن، بێڕێزیکردن و کردەوەی نەرێنی بەرامبەر شوێنکەوتووانی ئیسلام زیاترە وەک لە بێڕێزی و کردەوەی نەرێنی بەرامبەر شوێنکەوتووانی هەر ئاینێکی تر.

سێ لەسەر پێنجی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی (٦١٪ی کەسانی پێگەیشتووی بەریتانی) پێیانوایە کە چالاکوانانی سیاسیی ڕاستڕەوی توندڕەو هۆکاری دروستبوونی ئیسلامۆفۆبیان لە بەریتانیا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close