جیهانی ئیسلامیدونیا

خەدیجە جەنگیز بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی بۆ کۆشکی سپی ڕەتکردەوە

خەدیجە جەنگیز دەستگیرانی جەمال خاشقچی بانگهێشتێکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بۆ کۆشکی سپی ڕەتکردەوە، ئەوەش لەبەرئەوەی پێیوایە کە ئامانج لەو کارە جێهێشتنی کاریگەرییە لەسەر ڕای گشتی لە بەرژەوەندی خۆی (ترەمپ).

جەنگیز باسی لەوە کردووە کە هەتا هەوڵەکانی کەیسی کوشتنی خاشقچی ڕاستگۆیانە و ڕاستەقینە نەبن ناچێتە کۆشکی سپی.

خەدیجە جەنگیز داوایشی کردووە کە هەموو ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی خاشقچی، لە باڵاترینیانەوە تا نزمترین بەرپرسیان ببرێنە بەردەم دادگا.

لەلایەکی تریشەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند “تەرمی خاشقچی لەکوێیە؟ کێ فەرمانی کوشتنی خاشقچی دەرکردووە؟ ئەو هەژدە کەسەی دەستگیرکراون وەڵامی ئەمانەیان لایە. کێ ئەو ١٥ کەسەی ناردووە بۆ تورکیا [کە لە کوشتنی خاشقچی بەشداربوون]؟ سعودییە پێویستە ئەمە ڕوون بکاتەوە.”

هاوکات ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، “ڕوونکردنەوەکانی سعودییە لەسەر کەیسی خاشقچی منداڵانەن.”

دوای ئەو لێدوانەی ئەردۆغانیش، عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودییە ڕایگەی “بکوژانی جەمال خاشقچی لە سعودییە دادگایی دەکرێن.”

دوای ئەوەی تورکیا داوای خستنەڕووی زانیاری لەسەر کەیسی خاشقچی کرد جوبێر ڕایگەیاندووە “ئەوانەی خاشقچییان کوشتووە هاووڵاتی سعودین، لە سعودییە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکانیش لە سعودییەن و بکوژانیش لە سعودییە دادگایی دەکرێن.”

ئەردۆغان وتووشیەتی، “بەڵگەی زیاترمان لەبەردەستە لەسەر کوشتنی خاشقچی و پێویست ناکات پەلە بکەین.”

ڕۆژنامەی حوڕییەت دەیلی نیوزی تورکیش بڵاویکردووەتەوە، “دوای کوشتنی خاشقچی هەندێک لەوانەی دەستیان لە کوشتنیدا هەبووە دڵخۆش بوون و عەرەقیان خواردووەتەوە.”

دوای کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و دۆناڵد ترەمپیش، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی گوێی لە تۆمارە دەنگییەکانی تایبەت بە کەیسی خاشقچی گرت، ڕۆبەرت پالادینۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، ئەمریکا هێشتا چاوەڕێی ڕوونکردنەوەی زیاترە لەلایەن سعودییەوە (لەسەر کەیسی خاشقچی). وتەبێژەکە وتووشیەتی “ئێمە ڕوونکردنەوەی زیاترمان زۆر بە زوویی دەوێت، هەتا لێکۆڵینەوەکان درێژخایەنتر بن، نیگەرانییەکانمان زیاتر دەبن لە کاریگەرییەکانی. هەتا لێکۆڵینەوەکان زیاتر بخایەنن پرسیاری زیاتری بێ وەڵام دێتە پێشەوە.”

ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کاتژمێر ١ی دوا نیوەڕۆ جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوسی دیاری سعودی بەمەبەستی ڕاییکردنی چەند کارێکی تایبەت چووە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ، بەڵام لەوکاتەوە جەمال خاشقچی بێسەروشوێنە تا لە ٢٠ی تشرینی یەکەم سعودییە ڕایگەیاند کە خاشقچی لەناو کونسوڵخانەکەدا کوژراوە، سەرەڕای ئەمەش تا ئێستا تەرمی خاشقچی نادیارە و تاکە زانیاری ئەوەیە کە کەناڵی سکای نیوزی بەریتانی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاویکردەوە، پارچەی جەستەی جەمال خاشقچی لەناو باخچەی ماڵی کونسوڵی سعودییە لە ئیستانبوڵ دۆزراوەتەوە و دەموچاویشی شێوێنراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close