كــوردستان

بودجە بۆ ئاشناکردنمان بە ڕەقسی وڵاتانی دراوسێ تەرخاندەکرێت

لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپ و نالەباردان، بەڵام وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت و وەک ئەوەی دۆخی ئابووریمان لە ئەوپەڕی پێشکەوتندا بێت، بودجە بۆ ئاشناکردنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان بە ڕەقس (سەما)ی وڵاتانی دراوسێ تەرخاندەکرێت.

ئەو فێستیڤاڵە لەژێر ناوی “فێستیڤاڵی هونەرە میلـلییەکان” سازکراوە و یەکەمجارە سازدەکرێت، هیوا سوعاد سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی وتوویەتی “پێویستە جەماوەری ئێمە ئاشنای هەموو جۆرە کەلەپور و جوڵە و سەمای کەلتوری وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەی کوردستانیش ببن، بۆیە لەمەودوا ئەم فێستیڤاڵە دەکەینە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی.”

هیوا سوعاد وتووشیەتی “بودجەی ئەم فێستیڤاڵەش هەمووی لەلایەن لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان دابینکراوە، جگە لەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لە چەندین چالاکی جیاوازی دیکەدا لەناو هەولێر بەشداربوون، پشتگیرییان لێکردوون و وابڕیارە لە داهاتووشدا زیاتر هاوکاریی چالاکییەکانی دیکە ببن کە لەناو هەولێردا ئەنجام دەدرێن.”

ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی سەرچاوەکان ڕێژەی هەژاریی و بێکاری لە هەرێمی کوردستان ڕووی لە هەڵکشان کردووە، جگە لە پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچەی فەرمانبەران و چەندین کەموکورتی بنچینەیی تری ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کەچی بودجە بۆ فێستیڤاڵێک خەرج دەکرێت کە هیچ لە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێم ناگۆڕێت و بگرە بەهۆی بەهەدەردانی پارە و سامانی ئەم خەڵک و خاکە، ژیان و گوزەرانی خەڵکی بەرەو خراپتر دەبات.

No automatic alt text available.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close