جیهانی ئیسلامیدونیا

دۆسیەی خاشقچی بنەماڵەی ئال سعود زیاتر دەهەژێنێت

دوای ئەوەی لە کاتژمێر ١ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ جەمال خاشقچی چووە ناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ و دواتر دیارنەما، ئەو پرسە دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان هەبوو، سەرجەم سەرچاوەکان لە سەرەتاوە باسیان لەوە دەکرد کە جەمال خاشقچی نوسەر و ڕۆژنامەنوس لەناو کونسوڵخانەکە کوژراوە و پارچەپارچە کراوە، بەڵام لە سەرەتادا سعودییە ئەوەی ڕەتدەکردەوە، دوای ١٨ ڕۆژ لە ڕووداوەکە و ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم سعودییە دانی نا بە کوشتنی جەمال خاشقچیدا و ڕایگەیاند کە بەهۆی شەڕ و دەمەقاڵەی نێوان خاشقچی کارمەندانی کونسوڵخانەوە کوژراوە، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ کۆتایهاتنی پرسی خاشقچی، بگرە حکومەتی سعودییە و بەتایبەتی بنەماڵەی ئال سعودی زیاتر هەژاند، پرسیاری هەرە گرنگیش دوای داننانی سعودییە بە کوشتنی خاشقچی بریتییە لەوەی کە تەرمەکەی خاشقچی لە کوێیە؟

هەریەکە لە وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا پێشبینی ئەوە دەکەن کە ڕوونکردنەوەی زیاتر و باوەڕپێکراو لەلایەن سعودییەکانەوە لەسەر کوشتنی خاشقچی بدرێت.

دوێنێش عادل جوبێر وەزیری دەرەوەی سعودییە ڕایگەیاند، نازانێت تەرمی خاشقچی لە کوێیە و کوشتنی جەمال خاشقچیشی بە “هەڵەیەکی کوشندە” ناوبرد.

میدیاکانی تورکیا ئەوەیان بڵاوکردووەتەوە، خەدیجە جەنگیز دەستگیرانەکەی جەمال خاشقچیش لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەپارێزرێت.

دوێنێش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ڕۆژی سێ شەممە (٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) هەموو زانیارییەکان لەبارەی کەیسی خاشقچییەوە ئاشکرادەکات.

ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیاش لەسەر هەمان پرس ڕایگەیاندووە، چیتر ئەڵمانیا چەک هەناردەی سعودییە ناکات.

لەلایەکی ترەوە دەسەڵاتدارانی سعودییە دەڵێن، کوشتنی خاشقچی هەموو بەرپرسیارێتییەکەی لە ئەستۆی ئەو تیمەیە کە نێردرابوون بۆئەوەی گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و قەناعەتی پێبکەن بگەڕێتەوە بۆ سعودییە.

سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی هەواڵ ئەوەشیان بڵاوکردووەتەوە، حکومەتی سعودییە و شازادە محمد بن سەلمان سوپایەکی سۆشیاڵ میدیایان دروستکردووە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر ئەو کەسانەی کە ڕەخنە لە سعودییە دەگرن لەسەر کەیسی خاشقچی و هاوکات هەوڵی بێدەنگکردنیان (لەلایەن ئەو سوپایەوە) دەدرێت، ئەمەش لەڕێگەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی بەکرێگیراو کە هەریەکەیان مانگانە نزیکەی ٣٠٠٠ دۆلاریان پێدراوە. کاری ئەو کەسانەش ئەوە بووە، کە لە تویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر ڕەخنەگران و ئەو کەسانەی کە زانیاری لەسەر کەیسی خاشقچی بڵاودەکەنەوە، مەشغوڵ بکەن. بۆ مەشغوڵکردنی ئەو کەسانەش چەند ڕێگەیەک بەکارهێنراوە، لەوانە بەردەوام قسەکردن لەگەڵ ڕەخنەگران و گێچەڵپێکردن و بێزارکردنیان و چەندین ڕێگای تر.

یەکێک لەو کەسانەی کە کاری بۆ حکومەتی سعودییە و بن سەلمان کردووە لە کۆمپانیای تویتەر، کەسێک بووە بە ناوی عەلی کە سیخوڕی بەسەر ژمارەیەک ئەکاونتی تویتەرەوە کردووە بۆ سعودییە و، دوای ئاشکرابوونیشی لە کۆمپانیای تویتەر دەرکراوە. ئەو عەلی ناوە لە ٢٠١٣وە لە کۆمپانیای تویتەر کاریکردووە و ئەمەش کەیسەکەی خاشقچیی لەسەر سعودییە قورسترکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close