جیهانی ئیسلامیدونیا

سعودییە دانینا بە کوشتنی جەمال خاشقچیدا بەڵام کاردانەوەکان بەربڵاوتر بوون

ئەمڕۆ ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ و دوای ١٨ ڕۆژ لە کوشتنی، سعودییە لەڕێگەی کەناڵی فەرمیی وڵاتەوە دانینا بە کوشتنی جەمال خاشقچیدا و ڕایگەیاندووە، “لە شەڕێکدا لەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە.”

سعودییە بە فەرمی ڕایگەیاند کە جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە. بەڵام سعودییە دەڵێت دوای ئەوەی شەڕێک بووە لە نێوان خاشقچی و ئەو کەسانەی لەناو کونسوڵخانەکەدا بوون کوژراوە، بەڵام کاردانەوەکان بەربڵاوتر بوون و ئێستاش پرسیاری جددی لەبارەی تەرمەکەی خاشقچییەوەیە کە چی لێهاتووە؟

لەوبارەیەوە هەر زوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەوەی ڕوویداوە جێگای قبوڵ نییە، بەڵام سعودییە “هاوپەیمانێکی مەزنە.” ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامییان دەبێت.

ئەو کەسانەی کە دەستیان لە کوشتنی خاشقچی هەبووە یەکێکیان سعود ئەلقەحتانییە، کە ئەندامێکی دیاری دادگای شاهانەی سعودییەیە و ڕاوێژکاری محمد بن سەلمانیش بووە. باسی لەوەش دەکرێت کە محمد بن سەلمان ترسی لە هەموو شتێک هەیە، تەنانەت لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوەی باوکیشی لەگەڵ هەندێک لە ئەندامانی خێزانی شاهانە هەڵوەشاندووەتەوە.

باسی ئەوەش دەکرێت کە محمد بن سەلمان تەنانەت گومانی لە پاسەوانەکانی خۆیشی هەیە و ترسی زۆریشی لە (بلاکوۆتەر) هەیە کە کودەتای بەسەردا بکەن، بۆیە ئەم ڕۆژانە کۆشکی شاهانە بەجێناهێڵێت.

کەسێکی تریش کە دەستی لە کوشتنی خاشقچی هەبووە ناوی جەنەراڵ ئەحمەد ئەلعەسیرییە کە وتەبێژێکی باڵای تەختی شاهانە بووە بۆ جەنگی یەمەن (بە وەکالەت).

لەلایەکی ترەوە خەدیجە جەنگیز دەستگیرانەکەی جەمال خاشقچی دوای ئاشکرابوونی کوژرانی خاشقچی لە تویتەرەکەی نوسیوویەتی، “دڵ بۆ جیابوونەوەت تەنگبووە و چاویش بۆ دابڕانت پڕ فرمێسکە ئەى خۆشەویستم جەمال.”

نوسیویشیەتی، “جەمال شەهیدە و داواکارم لە خوا جێگەى بەهەشتى بەرین بێت،” ئاماژەی بەوەش کردووە، “سعودییە خاشقچی کوشتووە و ئەو شەهیدى وشەیە.” دەستگیرانەکەی خاشقچی پرسیویەتی “لاشەى جەمال لە کوێیە؟”

خەدیجە بە ئایەتی قورئانیی “وَإِذْ قَتَلْتُمْ نَفْسًا فَادَّارَأْتُمْ فِيهَا ۖ وَاللَّهُ مُخْرِجٌ مَّا كُنتُمْ تَكْتُمُونَ” رەخنە لە دەسەڵاتدارانی سعودییە دەگرێت، واتە، “ئێوە کە کەسێکتان کوشتووە و نکۆڵی لێدەکەن و تاوانەکەتان رەتدەکەنەوە، بەڵام خودا راستيی ئەو رووداوە ئاشکرا دەکات کە ئێوە شاردوتانەتەوە.”

لەلایەکی ترەوە میدیاکانی سعودییە بە پرسگەلێکی ترەوە خەریکن، وەک ئەوەی هیچ شتێکی نائاسایی لەناو سعودییە بە گشتی و لەناو خانەوادەی ئال سعود بەتایبەتی نەگوزەرێت و هەواڵی تەقینەوە لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دەکەن بە “بەپەلە”، لەکاتێکدا پێشتر ئەم گرنگیدانە لەلایەن میدیاکانی سعودییەوە بۆ پرسێکی ئاوا نەبینراوە. لەوانەیە باشترین بەڵگەش بۆ سەرکوتکردنی ڕای ئازاد و ئازادی ڕادەربڕین ئەوەبێت کە بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لە سعودییە لە بێدەنگییەکی سەیردان لەمکاتەدا.

میدیاکانی سعودییە هاوکات دەستخۆشیی وڵاتە هاوپەیمانەکانی سعودییە دەکەن بە بەپەلە و باس لەوە دەکەن، میسر و ئیمارات و بەحرەین و دەسەڵاتی فەڵەستین (کە محمود عەباس سەرۆکایەتی دەکات) ستایشی “بڕیارە بوێرانەکەی” سعودییەیان کردووە لەبارەی جەمال خاشقچییەوە، لەکاتێکدا ماوەیەکی زۆرە ئەوە یەکلایی بووەتەوە کە سعودییە جەمال خاشقچی کوشتووە و هیچ بوێرییەک لەو بابەتەدا بەدیناکرێت جگە لە ناچاربوونیان بە وتنی بەشێک لە ڕاستییەکە.

لەلایەکی تریشەوە، سی ئای ئەیی ئەمریکی دەڵێت کە گوێیان لە تۆمارێکی دەنگیی گرتووە، کە دەیسەلمێنێت جەمال خاشقچی کوژراوە و پارچەپارچە کراوە.

هاوکات دوای ئاشکرابوون و دانپێدانانی سعودییە بە کوشتنی خاشقچیدا، لە سعودییە پێنج بەرپرسی باڵا لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە، کە سعود ئەلقەحتانی ڕاوێژکاری دادگای شاهانە و ئەحمەد ئەلعەسیری جێگری بەڕێوەبەری هەواڵگریی سعودییە لەناویاندان، هەروەها ١٨ کەسیش دەستگیرکراون. بەڵام پێدەچیت ئەم هەوڵە بۆ دەربازکردنی ئەندامانی بنەماڵەی ئال سعود بە گشتی و محمد بن سەلمان و باوکی بێت بەتایبەتی.

بەڕێوەبەری پێشووی هەواڵگریی بەریتانیاش دوێنێ ڕایگەیاند، بەڵگەکان دەڵێن محمد بن سەلمان فەرمانی کوشتنی خاشقچی داوە. تۆماس فریدمانیش (کە بە هاوڕێی نزیکی شازادەی سعودییە دەناسرێت) لە وتارێکیدا شازادەی سعودییە بە “نەخۆش و گەمژە” ناودەبات.

شەوی پێشوویش سەرچاوەیەک بە میدڵ ئیست ئای-ی ڕاگەیاندووە، “ترەمپ دەیەوێت محمد بن سەلمان لە پێگەکەیدا بمێنێتەوە بەڵام مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەیەوێت بە کەسێکی تر جێگای بگیرێتەوە.” باسی ئەوەش دەکرێت کە خێزانی شاهانەی سعودییە تاوتوێی جێگرەوەی شا دەکەن.

لە لێدوانێکیشدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندووە، نە لە سعودییە دوردەکەونەوە نە دەشیانەوێت لێیان دووربکەونەوە، بە ڕوونی ئەوەشی وتووە کە ئابوری وڵاتەکەی لەپێش ئاکارە مرۆڤایەتییەکانەوەیە، بەم پێیەش بێت لەلای ئەمریکا ئابوری لە مرۆڤایەتی لەپێشترە.

سیناتۆرێکی ئەمریکیش لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، ڕووی دەمی دەکاتە سعودییە و دەڵێت، “دەتوانن نەوتەکەتان ببەن و بڕۆن، چونکە مافەکانی مرۆڤ بۆ فرۆشتن نییە.” ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمریکا لە چەندین وڵاتی جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی بە شێوەی بێشوومار و لەژمارە نەهاتوو مافەکانی مرۆڤی پێشێلکردووە، بەڵام بەرپرسەکانی لەئاستیدا کوێر و کەڕ و لاڵن.

لەلایەکی ترەوە ڕۆژنامەی واشنتن پۆست شازادەی سعودییە بە “شەلاتییەکی گەمژە” ناودەبات و، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، ”زۆر بێزارم بە کوشتنی خاشقچی،” کە قسەکەی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان قسەیەکی زیاتر منداڵانەیە، چونکە تەنیا نامرۆڤەکان بە کوشتنێکی لەم شێوەیە “بێزار” و وەڕز نین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close