جیهانی ئیسلامی

مەهاتیر موحەمەد ١١ موسڵمانی ئویغوریی ئازادکرد و ڕەتیکردەوە ڕادەستی وڵاتی چینیان بکاتەوە

ماڵپەڕی ڕادیۆی ئازادی ئاسیا بڵاویکردووەتەوە، ١١ ئاوارەی ئویغوریی کە پێش گرتنە دەستی دەسەڵاتی مهاتیر موحەمەد دەستگیرکرابوون لەلایەن مەهاتیر موحەمەد سەرۆک وەزیرانی مالیزیاوە ئازادکران.

مەهاتیر موحەمەد لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە، “ئاوارەکان یاسایانە لەم وڵاتەدا نەشکاندووە”، هاوکات ڕەتیشیکردووەتەوە کە ڕادەستی حکومەتی چینیان بکاتەوە کە پێشتر داوای ڕادەستکردنەوەیانی کردبوو، و ڕەوانەی تورکیای کردوون (کە وادیارە ئەندامانی خێزانەکانیان لە تورکیان).

حکومەتی چین ڕایگەیاندووە، بە تەواوی دژی بڕیارەکەی مالیزیان لە ئازادکردنی ئەو ١١ موسڵمانە ئویغورییەدا و مەهاتیر موحەمەدیش وتوویەتی “ئەوان هیچ شتێکی هەڵەیان لە مالیزیادا نەکردووە و ئازادیان دەکەین.”

ئەو ١١ موسڵمانە ئویغورییە بەشێک بوون لە گروپێکی ٢٠ کەسی کە لە مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لە زیندانەکانی چین هەڵهاتبوون (کە ناونراون کامپەکانی پەروەردەکردنەوە) و ڕوویان لە مالیزیا کردبوو. بەگوێرەی زانیارییە باوەڕپێکراوەکان، لەو کامپانەی چیندا زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی ئویغوریی دەستگیرکراون و ناچار بە چەندین کاری نادروست دەکرێن، لەوانە خواردنەوەی عەرەق و خواردنی گۆشتی بەراز، جگە لەمانەش ناچاردەکرێن کە واز لە دینەکەیان (دینی ئیسلام) بهێنن و بەیعەت بە حزبی شیوعیی چین (حزبی کۆمیۆنیستی چین) بدەن.

لە مانگی ئابی ئەمساڵیشدا مەهاتیر موحەمەد چەند پرۆژەیەکی نێوان مالیزیا و چینی هەڵوەشاندبووەوە، کە پێش گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن مەهاتیر موحەمەدەوە ڕێککەوتنیان لەسەر کرابوو، بڕی تێچووی پرۆژەکانیش زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلار بووە.

مەهاتیر موحەمەد لەوبارەیەوە وتوویەتی، پرۆژەکان هەڵدەوەشێنەوە تا ئەوکاتەی کە مالیزیا توانای وەرگرتن و جێبەجێکردنیانی دەبێت (لەڕووی داراییەوە).

سەرۆک وەزیرانی مالیزیا باسی لەوەش کردووە، تاوتوێی ئەو ڕێککەوتنە “نادادپەروەرانە”ی لەگەڵ چین کردووە کە لەلایەن نەجیب ڕەزاق سەرۆک وەزیرانی پێشووی مالیزیاوە ئیمزاکراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close