جیهانی ئیسلامیدونیا

دەیڤد هیرست: حوکم و دەسەڵاتی محمد بن سەلمان پێش دەستپێکردنی کۆتایی هات

دەیڤد هیرست نوسەر و ڕۆژنامەنوس دەنوسێت، “حوکم و دەسەڵاتی محمد بن سەلمان پێش دەستپێکردنی کۆتایی هات.”

هیرست دەشڵێت، ”ئەگەر شازادەی سعودییە تەنیا دوای ١٦ مانگ لە دەسەڵاتی (وەکو شازادە) بەم شێوەیە ڕەفتار بکات، ئەی ئەگەر تەختی شاهانەی گرتە دەست چی ڕوودەدات؟!” ئەمەشی بە ئاماژەکردن بۆ کەیسی جەمال خاشقجی ڕۆژنامەنوسی سعودیی نوسیووە، کە لە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ و دوای ئەوەی کاتژمێر ١ی نیوەڕۆ چووە ناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ دیارنەماوە و زۆربەی سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن کە خاسقجی لەناو کونسوڵخانەکەدا کوژراوە، هەندێک سەرچاوەش باس لەوە دەکەن کە خاشقجی دوای کوژرانی، بە مشار پارچە پارچە کراوە.

لەلایەکی ترەوە تۆڕی هەواڵیی سی ئێن ئێن شەوی ڕابردوو بڵاویکردەوە، “سعودییەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆئەوەی دان بە کوشتنی جەمال خاشقجیدا بنێن بەوەی کە لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا لە کونسوڵخانەکەدا بە هەڵە کوشتوویانە.”

سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەش کرد، “ڕاپۆرتەکەی سعودییە پێدەچێت باس لەوە بکات کە کوشتنی خاشقچی بەبێ ڕێگەپێدان بووە و ئەوانەش کە لە کارەکەوە تێوەگلاون لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.”

ئاژانسی ڕۆیتەرزیش بڵاویکردەوە، “پۆلیسی تورکیا بەڵگەی تۆماریی دەنگیی هەیە کە دەریدەخات جەمال خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە.”

هاوکات ئیان بریمەر کە نوسەر و سیاسییەکی ئەمریکییە لە ئەکاونتی تویتەری خۆی لەبارەی هەمان کەیسەوە نوسیویەتی، “کەناڵی عەرەبییەی سعودی: حکومەتی شاهانەی سعودی دەتوانێت ٣٠ ڕێوشوێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا بگرێتەبەر، کە ئاشتەوایی لەگەڵ ئێران یەکێکە لەو ٣٠ ڕێوشوێنە.”

ڕۆژنامەی واشنتن پۆستیش ئاماژەی بەوە کردووە، “زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەریدەخەن کە ئەو کەسەی فەرمانی کوشتنی خاشقجی دەرکردووە محمد بن سەلمان بووە.”

بەگوێرەی هەندێک سەرچاوەی نافەرمییش، ئەحمەد بن عەبدولعەزیز برای شا سەلمان (مامی شازادە محمد بن سەلمان)، ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیای لەپشتن و ئەو سێ وڵاتەش هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریکا دەدەن بۆی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close