دونیا

نۆ پرسیاری بێ وەڵام لە دۆسیەی دیارنەمانی جەمال خاشقچی

جەمال خاشقجی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو (٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨) چووە نێو بینای کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ و دیارنەما، ئێستا ٩ پرسیاری سەرەکی لەبارەی دیارنەمانییەوە بێ وەڵام ماونەتەوە، کە ئەمانەن:

یەکەم: بۆچی ئەستەنبوڵ؟
جەمال خاشقچی سەرقاڵی تەواوکردنی مامەڵەی هاوسەرگیری بوو لەگەڵ خەدیجە جەنگیزی تورکی، بۆئەوەی مامەڵەکەی تەواوبکات، پێویستی بەوە بوو بەڵگەی جیابوونەوە لە هاوسەری پێشوو دەستبخات، بۆ ئەو مەبەستە چووەتە کونسوڵخانەی سعودییە لە واشنتۆن، بەڵام ڕەتیانکردووەتە ئەو بەڵگەنامەیەی بدەنێ و پێیانوتووە بچێتە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئەستەنبوڵ، ئەمەش کۆمەڵێک گومان و پرسیاری وروژاندووە، کە بۆچی سعودییە ئەستەنبوڵ و تورکیای هەڵبژاردووە؟

دووەم: بۆچی خاشقچی؟
خاشقچی ٥٩ ساڵ، پێشتر وەکو ڕاوێژکار لە حکومەتی سعودی کاریکردووە، بەڵام دوای چوونەدەرەوەی لە سعودییە لە ٢٠١٧، بۆچوونی گۆڕاوە و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی محەمەد بن سەلمانی جێنشینی پادشای سعودییە گرتووە، بەتایبەت شەڕی یەمەن و گەمارۆدانی قەتەر، لەوبارەیەوە ستونێکی ڕۆژنامەوانی لە واشنتۆن پۆست نوسیوە، بەڵام ڕوون نییە، بۆچی سعودییە بە دیاریکراوی ئەوی کردووەتە ئامانج؟

سێهەم: ١٥ بەرپرسی ئەمنیی سعودییە لە ئەستەنبوڵ چی دەکەن؟
ڕۆژنامەی سەباحی تورکی وێنە و وردەکاریی ١٥ کەسی سعودیی بڵاوکردەوە کە بە دوو فڕۆکەی تایبەت لەڕێی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکەوە هاتونەتە ئەستەنبوڵ لە هەمان ڕۆژی دیارنەمانی خاشقچی، لە هەمان کاتی سەردانی خاشقچی بۆ کونسوڵخانەی سعودییە، سەردانی کونسوڵخانەکەیان کردووە و دوای چەند کاتژمێرێک کونسوڵخانەکە و تورکیایان بەجێهێشتووە، یەکێک لەو کەسانە پسپۆڕێکی پزیشکیی دادوەرییە، ئەوەش پرسیار و گومانی تری دروستکردووە.

چوارەم: مەتەڵی ئۆتۆمبێلە ڕەشەکە
ماوەیەکی کورت لەدوای چوونی جەمال خاشقچی بۆ کونسوڵخانە و هاتنی تیمە ١٥ کەسییەکە، ئۆتۆبێلێکی ڕەشی جام تاریک دەچێتە نێو کونسوڵخانەکە و پاش چەند خولەکێک دێتە دەرەوە و بەرەو ناوچەیەکی نادیار دەڕوات، پرسیار و گومانی ئەوە هەیە، ئایا خاشقچی لەنێو ئەو ئۆتۆمبێلەدا بووە؟ جا بە زیندوویی بێت یان مردوویی.

پێنجەم: بۆچی سعودییە ڕێ بە پشکنینی کونسوڵخانەکەی نادات؟
بەرپرسانی تورکیا هەر لەدوای بێسەروشوێنبوونی خاشقچییەوە داوای پشکنینی کونسوڵخانەکە دەکەن، بەڵام تائێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە، ئەمەش گومانی زیاتری دروستکردووە و هۆکارەکەی ڕوون نییە.

شەشەم: بۆچی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا دواکەوتووە؟
ڕۆژنامە و میدیا تورکی و جیهانییەکان ڕۆژانە زانیاریی نوێ لە زاری بەرپرسانی ئەمنی تورکیا ئاشکرا دەکەن، بەڵام تائێستا بە فەرمی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراوە.

حەوتەم: ئایا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پێشوەختە زانیاریی هەبووە؟
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی ئاشکرایکرد، دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا پەیوەندیی بەرپرسانی سعودییەی تۆمار کردووە، کە هەفتەیەک پێش ڕووداوی دیارنەمانی لە دووی تشرینی یەکەم، باسیان لە دەستگیرکردنی کردووە، رۆژنامەکە پرسیاری ئەوەی کردووە، بۆچی سی ئای ئەی یاساشکێنیی کردووە و خاشقچی لەو مەترسییە ئاگادار نەکردووەتەوە؟

هەشتەم: چۆن کوژار و تەرمەکەی لە کوێیە؟
سعودییە جەخت لەوە دەکاتەوە، خاشقچی دوای دەرچوونی لە کونسوڵخانەکەیان دیارنەماوە، بەرپرسانی تورکیاش داوای ئەوە دەکەن سعودییە ئەوە بسەلمێنێت، ئەمە گومانی ئەوەی دروستکردووە، خاشقچی کوژرابێت، بەڵام چۆن کوژرا و تەرمەکەی بۆ کوێ براوە، تا ئێستا ئەوەش هاوشێوەی پرسیارەکانی تر ڕوون نییە.

نۆهەم: بۆچی سعودییە گرتەی ڤیدیۆیی خاشقچی بڵاو ناکاتەوە؟
ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی زۆرترین پرسیار و گومانی دروستکردووە، بەرپرسانی سعودییە دەڵێن خاشقچی کونسوڵخانەی جێهێشتووە، بەڵام ئامادەش نین وێنەی چوونە دەرەوەی بڵاوبکەنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close