جیهانی ئیسلامی

پاڵەوانێکی مەزنتر لە حەبیب نورمحمدۆڤ!

ئیمام شامل ئەو پیاوەی کە بەرخوودانی دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا کرد. ئیمام شامل ٢٥ ساڵ لە هەرێمی قەوقاز شۆڕشی دژی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا کردووە. شامل بە یەکێک لە سەرکردە سەربازییە مەزنەکانی مێژوو دادەنرێت.

شامل لە ساڵی ١٧٩٧ لە خێزانێکی نەتەوەی ئاڤار لە گوندی گیمری لە زنجیرە چیاکانی داغستان لەدایکبووە. بەگوێرەی زانیارییەکان هیچ کەسێک لە پێشبڕکێی ڕاکردن، ئەسپسواری و مەلەوانی و لە شەڕیشدا شانی لە شانی ئیمام شامل نەدەدا.

لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا گەشتیکردووە بۆ سوریا، لەوێ چەند زانستێکی ئیسلامیی خوێندووە، دوای ئەوەیشی گەڕاوەتەوە بۆ داغستان بەشداریی لە شەڕی دژی ڕووسیادا کردووە، کە ڕووسیا ویستوویەتی سنورەکانی بەرەو هەرێمی قەوقاز فراوان بکات. بەهۆی ئەوەیشی بە سەختی لە جەنگی گیمری (غیمری)دا لە ساڵی ١٨٣٢ بریندارکراوە لەوکاتەدا ماوەیەکی کەم لە شەڕەکە بەشداریی کردووە.

دوای وەرگرتنی چارەسەر لە ساڵی ١٨٣٤دا وەکو ئیمام و سەرکردەی نوێی سوپای داغستانی دەستنیشانکراوە، بەهۆی ئەو زانست و شارەزاییە زۆرەی لەڕووی دین و ژینەوە هەیبووە بە خێرایی متمانەی خەڵکی بەدەستهێناوە.

سەرەڕای بەهێزیی و پتەویی لایەنی سەربازیی ڕووسیا، بەلام ئیمام شامل لە ١٨٣٤ تا ١٨٥٩ دژی دەستدرێژییەکانی ئیمپراتۆریەتی ڕووسیا جەنگاوە.

لەوکاتەدا ئازایەتیی ئیمام شامل دژی فراوانخوازییەکانی ڕووسیا لە جیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو وە بەوە ناسرا کە “پیاوێکە هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات.”

لە ساڵی ١٨٥٩ و بەهۆی پێکدادانی تایەفیی ناوخۆوە دەسەڵاتەکانی ئیمام بە هێواشیی لاوازبوون و سەرەنجام دەستگیرکرا و لەلایەن هێزە سەربازییەکانی ڕووسیاوە وەک زیندانییەک ماوەی ١٠ ساڵ لەژێر چاودێریی تونددا دورخرایەوە (منفی کرا). دواتر مۆڵەتی پێدرا کە بۆ دووەمجار بچێتە حەج.

دوای ئەنجامدانی حەجیش سەردانی شاری مەدینەی مونەوەرەی کرد و لەوێ لە ساڵی ١٨٧١ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی بەقیع لەگەڵ چەندین خانەوادەی هاوەڵانی پێغەمبەری ئیسلام (صلی اللە علیە وسلم)دا بەخاکسپێردراوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close