جیهانی ئیسلامیدونیا

شەهید مالکۆڵم ئێکس کێیە؟

لە ساڵی ١٩٢٥ لە ئەمریکا لەدایکبووە، چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤ و موسڵمانێکی دیاری ئەمریکا بووە. بەرگری لە مافی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا کردووە کە لە سەردەمی ئەودا بەهۆی توندڕەوییەوە لە ئەمریکا خەڵکانێکی زۆری ڕەشپێست کوژراون. یەکێک بووە لە هەرە کەسایەتییە گەورە کاریگەرە ئەفریقییە-ئەمریکییەکان لە مێژوودا.

کاتێک تەمەنی شەش ساڵان بووە باوکی کوژراوە و کاتێک تەمەنی ١٣ ساڵان بووە دایکی براوەتە نەخۆشخانەی دەروونی بەهۆی تێکچوونی باری دەرونییەوە، بەو شێوەیە مالکۆڵم ئێکس بە بێنازی گەورەبووە. لە ساڵی ١٩٤٦ دا و لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا بە تۆمەتگەلێکی وەکو دزی و شکاندنی یاسا خراوەتە زیندانەوە. لە زینداندا موسڵمانبوونی خۆی ڕاگەیاندووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٥٢ دا ئازاد دەکرێت بە شێوەیەکی خێرا بوو بە سەرکردەیەکی کاریگەری دیار لە ئەمریکادا.
مالکۆڵم ئێکس پشتگیری گەلی فەڵەستینیشی کردووە و لە وتەیەکیدا دەڵێت، ناگونجێت ئاشتی لە ئازادی جیابکرێتەوە، چونکە کەس ناتوانێت لە ئاشتیدا بژی هەتا ئازادیی نەبێت.

مالکۆڵم ئێکس داوای لە محمد عەلی کلای کردووە کە پێکەوە کار بکەن و کلای ببێت بە موسڵمانێکی سوننی و سەرەتا کلای ڕەتیکردووەتەوە، بەڵام دوای شەهیدکردنی مالکۆڵم ئێکس لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٦٥دا، لە ساڵی ١٩٧٥ دا محمد عەلی کلای پەشیمانیی خۆیی دەربڕی لەوەی کە لەو داوایەی مالکۆڵم ئێکس پشتی هەڵکردووە.

لە تۆمارێکی دەنگییدا شەهید مالکۆڵم ئێکس ئامۆژگاریی خەڵک دەکات بەوەی کە “کاتێک لە کار بوونەوە مەچن سەیری تەلەفزیۆن بکەن، بەڵکو بچن شتێکی بەسود بخوێننەوە و شتێک بۆ مێشکتان زیادکەن.” ئاماژە بەوەش دەکات “ناڵێم بچن کتێبی کۆمیدی بخوێننەوە، بەڵکو شتێک بخوێننەوە کە واتان لێبکات بزانن چی لە چواردەورتان دەگوزەرێت، بەو شێوەیەش کاتێک دەچنە ناو گفتوگۆ و موناقەشەیەکەوە زیرەک دەردەکەون ئەگەر زیرەکیش نەبن.”

ئەو شەهیدە هەر لەو تۆمارە دەنگییەیدا باسی ئەوەش دەکات “کاتێک هاوسەرێک (ژن یان مێرد) خەریکی خوێندنەوەی کتێبێک بن، ئەوی تریان پێیوایە کە ئیهمالی کردووە، بەڵام کاتێک لەگەڵیدا سەیری تەلەفزیۆن دەکات پێی خۆشە،” دەشپرسێت “بۆچی دەبێت خوێندنەوەی کتێب لەلایەن هاوسەرێکەوە بە ئاسایی وەرنەگیرێت.” هەر خۆیشی لە وەڵامدا دەڵێت “ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئێوە نازانن کە ئەو چی دەخوێنێتەوە و حەزی بە چییە، بۆیە کاتێک کتێبێک دەخوێنێتەوە تۆ پێتوایە وەلایناویت و پشتگوێی خستوویت، و تەلەفزیۆنیش ئاستی ئێوە (ئێمە)یە، چونکە خاوەنی مێشکێکی تەلەفزیۆنی و وشەی تەلەفزیۆنیت و لە جیهانێکی تەلەفزیۆنیدا دەژیت.”

لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا شەهید مالکۆڵم ئێکس دەڵێت: “هەتا سەگەکان قەپیان لە ژن و منداڵە ڕەش پێستەکان دەگرت کەنەدی (جۆن ئێف کەنەدی ٣٥هەمین سەرۆکی ئەمریکا) هیچی نەوت، بەڵام کاتێک ڕەش پیستەکان وەڵامیان هەبوو (بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان)، کەنەدی فەرمانی بە جوڵەی سوپا کرد، بۆیە بە قسەی کەنەدی مەگەمژێن، بە قسەی وتاربێژە ڕەشپێستەکانی سەر بە ئەنکڵ تۆم مەگەمژێن، هەرکاتێک سەگێکی دوو پێ یان چوار پێ هێرشی کردە سەرتان وەڵامی بدەنەوە.”

ئێکس لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تردا کە وەڵامی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس دەداتەوە دوو پرسیاری بێ مانای لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە لێدەکرێت کە بریتین لە:
١- بۆچی وشەی (الحاج) بە ناوەکەتەوەیە؟ ئەمەش لەکاتێکدایە کە مالکۆڵم ئێکس حەجی کردووە و هەرکەسێکیش حەج بکات ئەو پێشگرەی هەیە و خۆیشی لە بەشێکی وەڵامەکەی وا دەڵێت. پرسیارەکەش هیچ پرسیارێکی ڕۆژنامەوانیی نییە و دیارە مەبەستی تری لەپشتەوە بووە.

٢- پرسیارێکیش لەسەر ڕیشی بوو، کە ئایا ڕیشی هیچ مانایەکیی دینیی هەیە؟! کە ئەمە هیچ پەیوەندیی نە بە کاری ڕۆژنامەنوسەوە هەیە و نە بە هیچ خەڵکێکی ترەوە، چونکە ئەوە بابەتێکی کەسییە و نابێت هەرگیز پرسیار لەوە بکرێت.

لە وتە بەنرخەکانی مالکۆڵم ئێکس لەبارەی ئیسلامەوە:
– ئەمریکا دەبێت لە ئیسلام تێبگات، ئەو تاکە ئاینەی کە کێشەی نەژاد لە کۆمەڵگادا دەسڕێتەوە.
– من باوەڕم بە ئاینی ئیسلام هەیە، من موسڵمانم و هیچ کێشەیەک لە موسڵمانبووندا نییە، هیچ کێشەیەک لەگەڵ ئەوەدا نییە لەسەر ئاینی ئیسلامم، ئیسلام فێرمان دەکات کە باوەڕمان بە خودا هەبێت وەکو خودا.

هەندێک لە ووتەکانی مالکۆڵم:
– بە خۆت مەنازە کە ژمارەی هاوڕێکانت هێندەی توکی سەرتن، ڕەنگە کاتێک پێویستیت تێیان دەکەوێت بەخۆت بزانیت کە کەچەڵ بوویت!
– هۆکارەکانی ڕاگەیاندن کاریگەرییەکی بەهێزیان هەیە لەسەر ڕووی زەمین، لە توانایاندایە تاوانبار بکەن بە بێتاوان و بێتاوانیش بکەن بە تاوانبار، لەبەر ئەوەی جڵەوگیری عەقڵی جەماوەریان کردووە و جەماوەریان هەڵسەنگاندووە.
– پەروەردە ناسنامەی داهاتوومانە، چونکە سبەینێ بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەمڕۆ خۆیان ئامادە دەکەن بۆی.
– شتێک بەناوی نەژادپەرستی لە دینی ئیسلامدا بوونی نییە، بەڵکو ئیسلام هەوڵی لەناوبردنی نەژادپەرستی دەدات.
– ئاشتیخوازبە، بە ڕەوشت و قسەخۆشبە، ملکەچی یاسابە، ڕێزی هەموان بگرە؛ بەڵام ئەگەر کەسێک ویستی دەستت بەسەردا بەرز بکاتەوە ئەوە بینێرە بۆ قەبرستان.
– تەواوی سەرکەوتنەکانی ژیانم لە خوداوەیە، و تەواوی هەڵەکانی ژیانم هی خۆمن و لە خۆمەوەن.
– هەر زوو لەوە تێگەشتم کە ماف نادرێت بە کەسێک کە لێی بێدەنگ بێت، بەڵکو پێویستە لەسەر مرۆڤ هەندێک دەنگەدەنگ دروست بکات بۆ ئەوەی ئەوەی دەیەوێت بەدەستی بهێنێت.
– ئەو کەسەی کە بێباکە و هەڵوێستی نییە بەرامبەر هیچ شتێک، بۆ هەموو شتێک چۆک دادەدات.
– هەرکاتێک لە مرۆڤیک پاڕایتەوە بۆ ئەوەی ئازادت بکات.. تۆ هەرگیز ئازاد نابیت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close