دونیا

نەتەنیاهۆ: چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بۆ ئیسرائیل ئەرێنیی بوو

بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هێرشەکانیان و لێدان لە بنکەکانی ئێران لە سوریا و لوبنان و عێراق.

نەتەنیاهۆ ڕایشیگەیاند، چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ زلهێزەکاندا، لایەنێکی پۆزەتیڤی بۆ ئیسرائیل هەبووە، کە توانیویەتی پەیوەندی ئەوتۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبییدا بنیات بنێت، کە چەندین ساڵە بە خەیاڵی هیچ کەسێکدا نەهاتووە.

نەتەنیاهو وتووشیەتی، ”ئابوریی ئێران لە هەرەسهێنانی بەردەوامدایە و گەڕانەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا وادەکات گەلی ئەو وڵاتە لە دەسەڵاتداران هەڵگەڕێنەوە.”

هاوکات باسی لەوەش کردووە کە ئێران خاوەنی کۆگایەکی ئەتۆمیی نهێنییە لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە و چەند وێنە و بەڵگەیەکیشی لەوبارەیەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان خستەڕوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل خۆی خاوەنی دەیان کڵاوەی ئەتۆمییە، بەڵام هیچ وڵات و لایەنێکی نێودەوڵەتیی نییە کە ڕەخنە لە بوونە خاوەنی چەکیی ئەتۆمیی ئیسرائیل بگرێت.

لەلایەکی ترەوە مەحمود عەباس لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، “ڕۆژهەڵاتی قودس هەمیشە پایتەختمانە.”

عەباس وتیشی، “ئەگەر بزوتنەوەی حەماس بەردەوامبێت لە ڕەتکردنەوەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی تەبایی، ئەوە ئێمە بەرپرسیارێتی هەر شتێک لێرە بەدوا هەڵناگرین.”

عەباس داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش کرد کە بڕیارەکەی لەبارەی قودسەوە هەڵوەشێنێتەوە، کە لە مانگی ئایاردا وەکو پایتەختی ئیسرائیل ناساندی.

بەم شێوەیەش دەردەکەوێت کە لەلایەن کەسانی بەکرێگیراوەوە هەوڵی بەردەوام بۆ بچووککردنەوەی داواکارییەکانی هاووڵاتییانی فەڵەستینی دەدرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close