جیهانی ئیسلامیمێژوو

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – بەشی هەشتەم: یەکسانی

پێغەمبەری خودا (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی، ئەی خەڵکینە پەروەردگارتان یەکە، لە یەک باوکیشن، کەواتە هیچ عەرەبێک لە عەجەم زیاتر و هیچ عەجەمێکیش لە عەرەب زیاترنین، پێست سورەکانیش هیچیان لە ڕەش پێستەکان زیاتر نییە و ڕەش پێستەکانیش هیچیان لە سور پێستەکان زیاترنین، مەگەر بە تەقوا و لە خوا ترسان نەبێت.
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لە دەوڵەتەکەیدا ئەم بنەما ئیسلامییە مەزنەی جێبەجێکردووە، یەکەمین هەنگاوێک نای بۆ جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە، ئەو سوێندە بوو کە خواردی و وتی “وەڵاهی دەبێت خۆم و خەڵکی لە یەک ئاستی بژێویدا بژین”.
لەوبارەیەشەوە فەرموویەتی “وەڵاهی ئاواتەخوازم لە منەوە و لە نزیکەکانی منەوە دەستپێبکەن، کە من لەوانم، تا وامان لێدێت ژیانی ئێمە و ئێوە وەک یەکی لێبێت، بەڵام وەڵاهی ئەگەر لەمە زیاتر مەبەستێکم هەبوایە زمانێکی پاراوم هەیە و بە هۆکارەکانیشی زۆر شارەزام، هیچ کەسێک لە ئێوە پێویستییەکی خۆیم پێ ناگەیەنێت من لە خۆی زیاتر پێم خۆش نەبێت ئەو پێداویستییەی بۆ تەواوبکەم بەپێی توانام”.
عومەر یاسای یەکسانی لەناو خەڵکدا جێبەجێکرد، لە بواری مافەکاندا یان لە هەر گۆشە و لایەنێکی ژیاندا، لە دابەشکردنی پۆستەکان و دیاریکردنی بەرپرساندا هیچ جیاوازییەکی نەکردووە لە نێوان یەکێک و یەکێکی تردا، هەرگیز شتێکی بە یەکێک نەداوە کە مافی خۆی نەبووبێت.
هەستا بە یەکسانکردنەوەی ئەمیر و ئەشرافی بەنی ئومەییە، لەگەڵ خەڵکەکەی تردا و هەموو بەخشش و ماڵە تایبەتییەکانی لێ سەندنەوە و مووچەکەی کردنەوە بە ئەندازەی مووچەی خەڵکی و کاتێک لەوبارەیەوە قسەیان لەگەڵدا کرد ئەویش لە وەڵامدا وتی “پارەی خۆم بەشی هەمووتان ناکات، پارەی بیت المال-یش تەنیا مافی ئێوە نییە و ئێوەش وەک هەموو موسڵمانێکی تر مافتان هەیە تیایدا وەک مافی دوورترین کەس”.
لەو کارانەی کە دەیویست بنەمای یەکسانی جێبەجێ بکات تیایاندا، ئەوەبوو کاتێک بینی کە ئەمیرەکانی بەنی ئومەیە خاوەنی زەوی و زارێکی زۆر بوون، هەموویشی قەدەغەی خۆیان بوو، هەموو موسڵمانانی لێ بێبەشبوو.
عومەر وتی “زەوی قەدەغەکراو حەڵاڵی هەموو موسڵمانانە.. سەرکردەش وەک هەموو موسڵمانێکی تر وایە، خوا باران بۆ هەموو بەندەکانی دەبارێنێت، هەموویان تیایدا یەکسانن”.
هەروەها عومەر یەکسانی خستە نێوان موسڵمانان و ئەو جولەکە و گاورانەی موسڵمان دەبوون لە ئەهلی جزیە، ئەو سارد و سڕیەی نێوان هەردووکیانی شکاند و وتی “هەر جولەکەیەک یان گاورێک یان مەجوسییەک موسڵمان ببێت و ئاوێتەی موسڵمانان ببیت لە هۆزەکەی خۆی بپچڕێت ئەوە دەبێت تێکەڵیی بکەن و دڵنەوایی بکەن”.
لە بواری یەکسانی موسڵمانان لەبەردەم دادگا و حوکمی شەرعدا بە شێوەیەکی گشتی لەم بوارەشدا ئەو بەڵگەمان بەسە کە موسڵمانێک دێت و بێ ترس لەبەردەم ئەمیری باوەڕداراندا شکات لە (عەبدولعەزیزی باوکی عومەر) دەکات و دەڵێت “ئەی ئەمیری باوەڕداران، عەبدولعەزیز (واتە باوکی عومەر) کاتی خۆی زەوییەکی لە من سەندەوە بە زۆر و ستەم! عومەریش بەبێ هەڵچوون و توڕەبوون زۆر لەسەرخۆ بە ڕوویەکی خۆشەوە پێیوت: ئەزانم شەریکم هەیە لەوێ، ئەم قازییە لەنێوان بێت، عومەر چوو بۆ لای دادوەرەکە، ئەویش حوکمی کرد لە دژی عومەر، عومەریش پێیوت: دەی مەسروفی زۆرمان تێداکردووە، قازیش وتی: دەی سودی لێوەرگرتووە لە باتیدا و ئەمە لەباتی ئەو، عومەریش بە دادوەرەکەی وت: ئەگەر ئا بەم شێوەیە حوکمت دەرنەکردایە هەرگیز نەمدەهێشت لە حکومەتەکەمدا کاری دادوەری بکەیت، و فەرمانی دەرکرد زەویەکە بگەڕێنێتەوە بۆ کابرای میسری”.
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز زۆر سەنگی دادەنا بۆ بنەمای یەکسانی لە نێوان موسڵماناندا، تەنانەت لە مەسەلە گشتییەکانیشدا، لەوانە فەرمانی دەرکرد کە هیچ کەس تایبەت نەکرێت لە نزا و دوعای خێردا و باقی موسڵمانانی لێ بێبەش بێت، بۆ ئەو مەبەستە نامەی نوسی بۆ ئەمیر جەزیر و پێیوت، “بیستوومانە کۆمەڵێ لە چیرۆکخوانەکان لە پێش چیرۆکەکانەوە هەندێ سەڵوات دەنێرن بۆ ئەمیرەکانیان لەگەڵ سەڵواتدانیان لەسەر پێغەمبەری خودا -صلی اللە علیە وسلم-! ئەگەر نامەی منت پێگەیشت فەرمان بدە بە چیرۆکخوانەکان کە لە سەرەتاوە سەڵواتێکی تایبەت لەسەر پێغەمبەر -صلی اللە علیە وسلم- بدەن و دواتر دوعای خێر بۆ سەرجەم موسڵمانەکان بکەن و کەسی لێ بێبەش نەکەن، و واز لە شتی تریش بهێنن”.
عومەر هەر لە خۆیدا یەکسانی جێبەجێکرد، بۆ نمونە جارێکیان لە شاری مەدینە پیاوێک جوێنی بە عومەر دا و عومەریش بە شێوەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد کە جوێن بە کەسێکی ئاسایی درابێت.
دەگێڕنەوە پیاوێک لە شاری مەدینە حوکمێکی بەسەردا دراوە، -کاتێک والی شاری مەدینە ئەبوبەکری کوڕی محمد بوو بەرنوێژی بۆ کردن- دیاربوو ئەم پیاوە شمشێرەکەی هەڵکێشا و نوێژەکەی بە خەڵکەکە بڕی، ئەبوبەکریش نامەی نارد بۆ عومەر و هەواڵەکەی بۆ باسکرد، ئەویش لەوبارەیەوە نامەیەکی نوسی بۆ ئەبوبەکر، ئەویش بە دەنگی بەرز نامەکەی عومەری خوێندەوە، پیاوەکەش زۆر توڕەبوو جوێنێکی دا بە ئەمیری باوەڕداران و نامەکەی و ئەوەشی نامەکەی هێناوە. ئەبوبەکریش لە سەرەتاوە نیازی کرد بدات لە ملی و بیکوژێت، بەڵام خۆی گرت و هیچی نەکرد و بە بەندکردنی ڕازیبوو، بۆیە نامەی نارد بۆ عومەر و لەو هەوالە تێیگەیاند و عومەریش نامەی بۆ نوسی و تیایدا وتی “ئەگەر ئەو پیاوەت بکوشتایە منیش تۆم دەکوشتەوە لەجیاتی ئەودا، ئەی نازانی کەس ناکوژرێت بە تاوانی جوێندان بە خەڵکی جگە لە پێغەمبەری خودا -صلی اللە علیە وسلم. کاتێک ئەم نامەیەم دەگاتە لات بیخەرە بەندیخانەوە، موسڵمانان لە خراپەی بپارێزە، لە هەموو دەرکەوتنی هیلالێکدا واتە ١٥ ڕۆژ جارێک، داوای تەوبە و پەشیمانی لێبکە، ئەگەر پەشیمانی دەربڕی ئازادی بکە”.
عومەر هەر بە خۆیەوە نەوەستا لە جێبەجێکردنی بنەماکانی یەکسانی و جیاوازی دروستنەکردن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، بەڵکو فەرمانیشی دەرکرد بۆ والی و کاربەدەستەکانی و لەوبارەیەوە ئامۆژگاریکردن، نمونەی ئەمەش ئەو نامەیە بوو کە ناردی بۆ والی مەدینە و تیایدا پێیوت “بڕۆرە ناو خەڵکی و تێکەڵییان بکە و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانیاندا دانیشە و قسەی خۆشیان لەگەڵدا بکە، هەرگیز یەکێکت لەلا خۆشەویستتر و لەپێشتر نەبێت لە کەسانی تر، کەس نەڵێت فڵان لە خانەوادەی ئەمیری باوەڕدارانە، چونکە ئەمڕۆ لە بەرنامەی مندا خانەوادەی ئەمیری بڕواداران و کەسانی تر وەک یەک وان، بەڵکو گومانی ئەوەش دەبەم ئەگەر بەربەرەکانیمان لەگەڵدا بکرێت کەسانی تر
هەن لەپێش ئێمەوەن”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close