جیهانی ئیسلامیمێژوو

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز – بەشی حەوتەم: دادپەروەری لەگەڵ گیانلەبەران

عومەری کوڕی عەبدولعەزیز تەنانەت گیانلەبەرانیش بێبەش نەبوون لە دادپەروەری و لابردنی ناهەقی و ستەمکاری،فەرموون لەگەڵ چەند دیمەنێک لەوبارەیەوە:

+ بەکارهێنانی لەغاوی قورس و نەقیزە سەر ئاسنینی قەدەغەکردبوو:
عومەری کوڕی عەبدولعەزیز هەمیشە ئەوەی دووپاتدەکردەوە کە بە ڕەحم و بەزەییبن لەگەڵ گیانلەبەراندا، و هەرگیز سزا و ئەشکەنجەیان نەدەن. ئەبو یوسف دەڵێت “عەبدوڵای کوڕی عومەر دەڵێت: عومەری کوڕی عەبدولعەزیز ئەوەی قەدەغەکردبوو کە سەری ئەو قامچییانەی بەکاردەهێنرێت لەگەڵ گیانلەبەراندا ئاسنی پێوەبکرێت، هەروەها قەدەغەشی کردبوو لەغاوی قورس بکرێتە دەمی وڵاخەوە”.
+ وڵاخ و باری قورس لێنانیان:
عومەر هەواڵی پێگەیشت کە کەسانێک هەن باری قورس لە وڵاخەکانیان دەنێن، کە زیاتر لە توانایانە، ئەمەش لە شاری میسر ڕوویدابوو، بۆیە نامەی نوسیبوو بۆ والییەکەی و قورسترین ئاستی باری وڵاخی بە (٦٠٠ ڕەتڵ) دیاریکرد، داوایکرد ئەم بڕیارە لەناو خەڵکدا بخوێنرێتەوە و جێبەجێبکرێت.
ئەمانە نمونەن لە هەوڵ و تێکۆشانی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز لەپێناو بەرپاکردنی ئەو داد و یەکسانییەی کە قورئانی پیرۆز و سوننەتی پێغەمبەرەکەی (صلی اللە علیە وسلم) داوایدەکەن، دژایەتیکردنی ستەم و ناهەقی تا سەر ئێسقان و گەڕاندنەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان.

جگە لەمانەش و هەر عومەری کوڕی عەبدولعەزیز بوو کە فەرمانیکرد بەوەی کە گەنم لەسەر چیاکان ڕۆکرێت بۆئەوەی نەڵێن لە سەردەمی خەلافەتی ئیسلامدا، ئیسلام زوڵمی لە باڵندەکان کردووە و باڵندەکان تێرنەبوون.

بە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیسلام و بەم کارانەی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز کە پەروەردەی قورئان بوو، دەردەکەوێت کە ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لێیدەترسن بەرپابوونی عەدالەت و دادگەرییە، چونکە بە بەرپابوونی عەدالەت و دادپەروەری و چەسپاندنی یاساکانی قورئان بەسەر هەموو کەسێکدا بەبێ جیاوازی چیتر ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری باڵ بەسەر جیهاندا دەکێشێت. ئەوانەشی کە ژیانی عومەری کوڕی عەبدولعەزیز دەخوێننەوە تێدەگەن کە ئیسلام بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی هاتووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close