جیهانی ئیسلامیدونیا

تورکیا و ڕووسیا ڕێککەوتننامەی ”دامرکاندنەوەی گرژییەکانی ئیدلب”یان واژۆکرد

ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێبکرێت ئەوا پارێزگای ئیدلیب لە هێرشی چاوەڕوانکراوی سووریا و ڕووسیا ڕزگاریدەبێت و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە پێگەکانی خۆیان لە ئیدلیب دەمێننەوە.

دوای کۆبوونەوەیان لە سۆچی، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا لەبارەی قەیرانی سووریا لەسەر سێ خاڵ ڕێککەوتن، یەکێک لەوانەش دامەزراندنی ناوچەی لە چەک داماڵراوە لە ئیدلب.

بەپێی خاڵی یەکەمی ڕێککەوتنەکە ناوچەیەکی ئارام لە نێوان سوپای سووریا و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان دروستدەکرێت و ڕێگەنادرێت پێکدادان ڕووبدات. ڕووسیا و تورکیاش ئاسایشی ناوچە لە چەک داماڵراوەکەدا دەپارێزن.

ڤلادیمێر پوتین ڕایگەیاند، لەبارەی ئیدلب بڕیاری چەکداماڵینی ناوچەکە و دامەزراندنی ناوچەی ئارامیان داوە. وتیشی “ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان بە نوسرەشەوە، لەو ناوچەیە دەکشێنەوە و ناوچەیەکی ١٥-٢٠ کیلۆمەتری لە کۆنترۆڵی ڕووسیا و تورکیادا دەبێت و چەکی قورس بە هەموو شێوەیەک لەو ناوچەیەدا ناهێڵرێت”.

پوتین ئاشکراشیکرد، بەپێی ڕێککەوتنەکە پێویستە تاوەکو ١٠ی ئۆکتۆبەر گرووپە “توندڕەوەکان” لە ناوچە لە چەک داماڵراو و ئارامەکان بچنە دەرەوە. هەروەها لە ڕۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمەوە ئیدی چەکی قورس لە ئیدلب دەکرێتە دەرەوە.

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ناوچەی داماڵدراو لە چەک و ڕێککەوتنی تورکیا و ڕووسیا وتی “گرووپە توندڕەوەکان لەو ناوچەیەدا ناتوانن چالاکی ئەنجامبدەن”.

ئەردۆغان ئەو ڕێککەوتنەی بەرز نرخاند و بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناوی برد بۆ ڕێگرتن لە کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا.

ئەردۆغان ڕایگەیاند “ئامانجمان ئەوەیە هەرچی زووە دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا بنووسرێتەوە و دواتر هەڵبژاردنێکی دیموکراسییانە ئەنجامبدرێت و گەلی سووریا دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە و دیموکرات هەڵبژێرێت”.

ئەردۆغان وتیشی “تورکیا و ڕووسیا لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش، بەرژەوەندیی هاوبەش و ڕێزگرتنە، هەنگاوی زۆرمان ناوە لەسەر ئەم بنەمایانە، بەڵام پێموایە ئەم هەنگاوانەی تاوەکو ئێستا نراون بەس نین و پێویستە لە داهاتوودا هەنگاوی هاوبەشی زیاتر بنێین”.

دوای وتەکانی پوتین و ئەردۆغان، هەریەک لە وەزیرانی بەرگریی تورکیا و ڕووسیا ڕێککەوتننامەی ”دامرکاندنەوەی گرژییەکانی ئیدلب”یان واژۆکرد.

ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی نێوان ڕووسیا و تورکیا و ئێران کە هەفتەی ڕابردوو لە تاران بەڕێوەچوو، ڕووسیا داوایەکی تورکیای بۆ ئاگربەست لە ئیدلب ڕەتکردەوە، بەرپرسانی تورکیاش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایانگەیاند، ڕووسیا دەیەوێت لەژێر پاساوی دژایەتی تیرۆر ئۆپۆزسیۆنی سوریا کۆمەڵکوژ بکات.

ئەگەر ئەم ڕێککەوتنەش جێبەجێبکرێت ئەوا پارێزگای ئیدلیب لە هێرشی چاوەڕوانکراوی سووریا و ڕووسیا ڕزگاریدەبێت و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیش لە پێگەکانی خۆیان لە ئیدلیب دەمێننەوە.

ئەمڕۆش بەر لە کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و پوتین لە سۆچی، ئەردۆغان ڕایگەیاند “ئەگەر ڕژێمی سوریا بانگهێشتی ڕوسیا و ئێرانی کردبێت ئەوا گەلی سوریا بانگهێشتی ئێمەی کردووە“.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close