جیهانی ئیسلامی

٣٦ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی سەبرا و شاتیلا تێپەڕی کە ئیسرائیل ئەنجامیدا

ڕۆژی ١٦ی ئەیلولی ١٩٨٢ دوای داگیرکاریی ئیسرائیل لە لوبنان، چەکدارانی سەر بە حزبی کەتائیبی لوبنانی ڕاستڕەوی مەسیحی هەڵیانکوتایە سەر کامپەکانی ئاوارەکان لە سەبرا و شاتیلا (صبرا و شاتیلا) لە ڕۆژئاوای بەیروت و کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا و هەزاران کەسیان کوشت کە زۆرینەیان ئاوارەی فەڵەستینی بوون.

یەکێک لە ڕزگاربووان بەناوی نەبیل موحەمەد کە لەوکاتەدا تەمەنی ١٩ ساڵ بووە باسی لەوە کردووە کە دایکی و پێنج خوشک و برای و مامی و ئامۆژنی و هەشت منداڵیان لەو کۆمەڵکوژیەدا کوژراون.

داگیرکارییەکەی ئیسرائیل لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢ دەستیپێکردووە، لە ١٤ی ئەیلولی ١٩٨٢ سەرۆکی هەڵبژێردراوی لوبنان و سەرۆکی حزبی کەتائیبی لوبنانی کوژران و سوپای ئیسرائیل-یش ڕۆژئاوای بەیروتی داگیرکرد.

دوای داگیرکردنی ڕۆژئاوای بەیروت سەربازانی ئیسرائیلی گەمارۆی کامپەکانیان دا و نەیانهێشت ئاوارەکان لە کامپەکە بچنە دەرەوە بەڵام ڕێگەیان بە چەکدارانی حزبی کەتائیبی لوبنانی دا کە بچنە ناو کامپەکەوە، کە ئەم حزبە و چەکدارەکانی بە دوژمنی فەڵەستینیەکان ناسراون. ئیسرائیلیەکانیش بە درێژایی شەو بۆ ڕووناککردنەوەی مەیدانەکانی کوشتن ڕووناکییان دروستدەکرد لەڕێگەی ئاگرەوە، ئەمەش بۆ ئەوە بوو کە چەکدارانی سەر بە حزبی کەتائیبی لوبنانی مەسیحی ڕێگای بەردەمیان ببینن.

کۆمەڵکوژیەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوامیی هەبوو، دوای کۆتاییهاتنی خوێنڕشتن و کۆمەڵکوژیەکەش، ئیسرائیل هاوکاریی حزبەکەی کرد و بە بلدۆزەر گۆڕی گەورەیان بۆ هەڵکەندن بۆئەوەی تەرمەکانی تیادا بەخاک بسپێرن. لە ساڵی ١٩٨٣شدا لیژنەیەکی سەر بە ئیسرائیل لێکۆڵینەوەی لە کۆمەڵکوژیەکە کرد و ئاشکرایکرد کە ئارێڵ شارۆن وەزیری بەرگری ئەوکاتی ئیسرائیل بەرپرسیارە لە کۆمەڵکوژیەکە و وەزیری ناوبراویش بە شێوەیەکی “شەخسی” بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژیەکەی هەڵگرت، بەڵام هیچ بەرامبەری نەکرا.

سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل تاوانکاری سەرەکی کۆمەڵکوژیی سەبرا و شاتیلا (صبرا و شاتیلا) بوو، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەردەوام شکستیهێناوە لەوەی کە ئیسرائیل بەرپرسیارە لە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بۆ توندوتیژییەکان و بەرگریکردن لە مافە بنچینەییەکانی گەلی فەڵەستین.

بەگوێرەی زانیارییەکان حزبی کەتائیبی لوبنانی مەسیحی لەلایەن ئیسرائیلەوە پاڵپشتی کراون و هەندێک سەرچاوەش چەکدارانی ئەم حزبە وەکو چەکداری ئیسرائیلی ناودەبەن و سوپای ئیسرائیل لەڕێگەی ١٥٠ چەکداریەوە ٣٥٠٠ بۆ ٥٠٠٠ (سێ هەزار و ٥٠٠ بۆ پێنج هەزار) فەڵەستینی و لوبنانییان کۆمەڵکوژکردووە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون.

هاوکات سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو چەکدارانەی ئیسرائیل کردەوەی وەحشیگەریی و لاقەکردنی ئافرەت و کوشتاریان ئەنجامداوە و جەستەی کوژراوەکانیشیان تێکداوە.

ئێستا و دوای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا هێشتا ژمارەی تەواوی ئەو کەسانە دیارنییە کە کۆمەڵکوژکراون.

خاچی سوری فەڵەستین ژمارەی کوژراوەکانی بە زیاتر لە دوو هەزار کەس ئاماژەپێکردووە، بەڵام پێناچێت زۆر لە خەڵکی ئاگاداری ئەم کۆمەڵکوژیە و کۆمەڵکوژیەکانی تریشبن کە ئیسرائیل ئەنجامیداون، هۆکاری ئەمانەش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ سەرقاڵبوونی خەڵکی جیهان بە شتانێکی بێمانا و بێسوودەوە.

حزبی کەتائیبی لوبنانی حزبێکی سیاسیی دیموکراتی مەسیحی بووە لە لوبنان، هەرچەندە بە شێوەیەکی فەرمی حزبێکی سێکیولار (عەلمانی) بووە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن کاسۆلیکیەکانەوە پاڵپشتی دەکرا. ئەم حزبە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە جەنگی ناوخۆیی لوبنان (١٩٧٥-١٩٩٠) هەبووە، ئێستاش ئەم حزبە ناوی خۆیی گۆڕیوە و ناوی (تەحالوفی ١٤ی ئازار)ە.

Image result for Sabra and Shatila massacre

Image result for Sabra and Shatila massacre

Related image

Related image

Image result for Sabra and Shatila massacre

Image result for Sabra and Shatila massacre

Image result for Sabra and Shatila massacre

Image result for Sabra and Shatila massacre

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close